پرسیارکردن لە خوێندکار

11:44 - 2024-05-07
سمکۆ چنارەیی
112 خوێندراوەتەوە

سمکۆ چنارەیی


 جۆر و شێوازی پرسیارکردن لە خوێندکار هونەرە و پێویستە پەروەردەکاران بە بایەخەوە لێی بڕوانن

مەبەست لە پرسیارکردن دەستکەوتنی زانیارییە و هەروەها شارەزابوونە لە ئاستی تێگەیشتنی خوێندکار لە هەر بابەتێکی ناو پڕۆگرامەکانی خوێندن.
مامۆستاش بۆ ئەوەی هاوسەنگی دروست بکات و جیاوازی تاکەکەسی فەرامۆش نەکات، دەبێت بزانێت چ پرسیارێک ئاڕاستەی ئەو خوێندکارە دەکات کە ئاستی لاوازە، بە تایبەتیش ئەو کاتانەی شێوازی گروپ پەیڕەو ناکرێت و تەنیا لەڕێی تاکەوە هەڵسەنگاندن بۆ خوێندکاران دەکرێت.
واباشە جۆری پرسیار بەپێی ئاستەکانی لاواز، مامناوەند، باڵا بێت، زانای ئەمریکی ئالان بلوم دەڵێت: هەرکات نەتوانین ژیرانە بەپێی ئاستی توانای عەقڵی کەسەکان پرسیار بکەین ئەوا وەڵامی گونجاو و دروست بەدەست ناهێنین.
پێویستە پەروەردەکاران ئەوەش بزانن لەڕێی هەمەجۆری پرسیارکردنەوە، تێگەیشتنی خوێندکار زیاتر دەبێت، هەروەها لەکاتی وەڵامدانەوەشدا کاتێک شێوازی دەربڕینی وەڵامەکان جیان رادەی شارەزابوون و فێربوون زیاتر دەبێت، جگە لەوانەش پرسیاری کورت و پوخت کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر هزری خوێندکار دەبێت، بۆیە واباشە لێکدانەوە و شیکردنەوەی زۆر لەناو ناوەڕۆکی پرسیارەکاندا نەبێت، بۆئەوەی وەڵامی راست و دروست بدرێتەوە، نەک پێچەوانەی پرسیارەکە بێت و لە مەبەست لابدات.
کەواتە جۆر و شێوازی پرسیارکردنیش لە خوێندکار هونەرە و پێویستە پەروەردەکاران بە بایەخەوە لێی بڕوانن.

وتارەکانی نوسەر