بە ئیجازەی هەموو لایەک، بۆ ئەوان حەڵاڵە!

10:30 - 2024-05-08
شوان کەریم کابان
75 خوێندراوەتەوە

لە سیاسەتدا دەوترێ «ثوابت» شتی جێگیر نییە، ئەمە راستە و سیاسەت بەرژەوەندییەکان ئاراستەی ئەکەن، بەتایبەتی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، یاخود لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتاندا، ئەمە بۆ حزبە سیاسییەکانیش راستە، بەڵام بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرژەوەندیی خەڵک و کوردستان لە پێش بەرژەوەندییە حزبییەکانییەوە رەچاو دەکات و بەدرێژایی تەمەنیشی باجی زۆری لەسەر داوە.
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا کە بارودۆخی ئابووری و سیاسیی کوردستان خراپ بووە و پەیوەندیی هەرێم و بەغدا و دراوسییەکانیش ئاڵۆزکاو بوو، یەکێتی بە سەرپەرشتی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی، هەوڵی زۆریداوە بۆ چارەسەری کۆی کێشەکان، پەیوەندییەکان، ئابووری، سیاسی. 
سەرۆک بافڵ، چەندین جار سەردانی بەغدای کردووە و دوایین جاریش پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا لە بەغدا بوو، زۆربەی جارەکانیش لەگەڵ بەرپرسە باڵا حکومییەکان و سەرۆک و لێپرسراوانی حزبەکان کۆبۆتەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، ساغڵەم کردنەوەی پەیوەندییەکان، چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بودجە، پاراستنی مافە دەستورییەکانی هەریم بوون. 

 

دادگای فیدراڵ کە ئەوان پێیان دەوت نادەستورییە و بڕیارەکانی دژی قەوارەی هەرێمن، لەبەر خاتری خۆیان پەنای بۆ دەبەن و سکاڵای لێ تۆمار دەکەن

 

لە پەیوەندییە هەرێمایەتییەکانیشدا، ی.ن.ک پەیوەندییە مێژوییەکانی خۆی خستۆتە خزمەت بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیەوە، تا نەبێ بەژێر پێی بەرژەوەندیی وڵاتانی دراوسێوە. کاتێکیش بارودۆخی هەرێم چەق دەبەستێ و ئایندەی قەوارەی هەرێم و دیموکراسی دەکەوێتە مەترسییەوە و لایەنی بەرامبەر گوێ بە داوا یاسایی و رەواکانی نادات، پەنا دەباتە بەر دادگای فیدراڵی لە بەغدا کە ئەرکی پاراستنی مافەکانی هەموو لایەکە. چوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەغدا بۆ زامنکردنی مافەکانی گەلەکەمان، لای هەڤاڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە مەترسی دادەنێن لەسەر قەوارەی هەرێم و تەنانەت هەندێ میدیایان بە خیانەت. ئەمە لای ئەوان بۆ پەنابردنە بەر دادگای فیدراڵیش، راستە و بۆ شکاندن و قسە هەڵبەستن بۆ یەکێتی سوپایەک میدیای رەسمی و سێبەر و دۆست دەخەنەگەڕ. کاتێکیش ی.ن.ک پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتێکی گەورەی وەکو ئێران دەخاتە خزمەت باشترکردنی پەیوەندییەکانی تاران و هەرێمی کوردستان، دەکەونە و تنەوەی جۆرەھا بەیت و بالۆرە، بەڵام بەداخەوە، بۆ خۆیان کە بەرژەوەندیی تایبەتی حزبیی خۆیان دەخوازێ، دەجار دەچنە بەغدا و دەشیکەنە منەت بەسەر خەڵکەوە. 
دادگای فیدراڵ کە ئەوان پێیان دەوت نادەستورییە و بڕیارەکانی دژی قەوارەی هەرێمن، لەبەر خاتری خۆیان پەنای بۆ دەبەن و سکاڵای لێ تۆمار دەکەن. 
سەفەری سەرۆکی هەرێم بۆ تاران کارێکی باشە و بەرژەوەندی هەرێم وا دەخوازێ و دەبوو زووتریش بێت، بەڵام خۆ خۆیان و خەڵکیش ئەو هەموو تۆمەت و قسە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیەیان بیر نەچۆتەوە کە بە کۆماری ئیسلامی ئێرانیان وت! هەموو ئەو پێشەکییە دوور و درێژەم بۆ ئەوەبوو بێمە سەر پرسیارەکەم: بۆچی بۆ ئەوان حەڵالە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان هەموو شتێک بکەن، بۆ یەکێتیش  هەموو کارێکی یاسایی و سیاسی شیاوی دیپلۆماسی ناڕەوایە؟

وتارەکانی نوسەر