زمانی نەرم لە پەیوەندی و گووتاردا

11:02 - 2024-05-08
پرۆفیسۆر د. عەباس مستەفا
144 خوێندراوەتەوە

چەمکی زمانی نەرم لە پەیوەندی و گووتاردا بە تێپەڕبوونی کات لە رێگەی کاریگەرییە جۆراوجۆرەکانی کەلتوری و سیاسی و ئەکادیمییەوە پەرەی سەندووە.  جۆرج ئۆروێڵ لە وتارەکەیدا لە ژێر ناونیشانی "سیاسەت و زمانی ئینگلیزی"دا کە لە ساڵی 1946دا بڵاوکرایەوە، بیرۆکەی هاوشێوەی خستەڕوو. ئۆروێڵ بە تایبەتی و راستەوخۆ زاراوەی "زمانی نەرم"ی بەکارنەهێناوە، بەڵام رەخنەکانی  لەسەر بنەمای تێگەیشتن لەوەی کە چۆن دەتوانرێت زمان بەکاربهێنرێت بۆ ئاڵۆزکردنی مانا یان دەستکاریکردن و تەم و مژاویکردنی تێگەیشتنەکان.
 بە تێپەڕبوونی کات بیرمەندان و زمانناسان و شرۆڤەکاران روانگەیان بۆ زمانی لێکتێگەیشتن فراوانتر بوو لەسەر ئەم بیرۆکانە و بەشدارییان لە تێگەیشتن لە زمانی نەرم و رۆڵی ئەم جۆرە زمانە لە سیاسەت و کەلتوردا.
زمانی کۆدکراو
سیاسەت و کەلتوری زمانی نەرم بە شێوەیەکی تایبەت ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی زمان لە گوتاری سیاسی و چوارچێوەی کەلتوریدا بۆ گەیاندنی بیرۆکە، باوەڕ، یان کارنامەیەکی دیاریکراو بە شێوەیەکی ورد و ناڕاستەوخۆ.  ئەمەش دەتوانێت قەدەغە، زمانی کۆدکراو، یان زاراوەی سیاسی راست و دروست لەخۆبگرێت کە بۆ گەیاندنی کاریگەری تایبەت لەسەر تێڕوانین و هەڵوێست و رەفتارەکان بەکاربهێنرێن بە بێ ئەوەی راستەوخۆ باسیان لێوەبکرێت.
  زۆرجار ئەمجۆرەی زمانی نەرم بەکاردێت بۆ چوونە نێو  بابەتگەلێکی هەستیار، چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان، یان داڕشتنی رای گشتی کە لە هەمان کاتدا کەمترین تاوان یان مشتومڕ بهێنێتە ئاراوە.
چەمک و زاراوەی "زمانی نەرم" بە تێپەڕبوونی کات لە چوارچێوەی جۆراوجۆردا بەکارهاتووە، بەڵام دەستنیشانکردنی سەرچاوەی تایبەت یان یەکەم بەکارهێنانی ئاسان نیە بە وردی بەدی بکرێت. لە باسەکانی ریتۆریکی سیاسی، دیپلۆماسی، گوتاری کەلتوری و دەستکاریکردنی زماندا بەکارهێنراوە.   بەکارهێنانی چەمکی زمانی نەرم بۆ گەیاندنی پەیام بە شێوەیەکی نادیار یان ناڕاستەوخۆ وەک ستراتیژێک لە پەیوەندیکردن و قایلکردندا بە درێژایی مێژوو سەریهەڵداوە و لە نیوەی کۆتایی سەدەی بیستەمدا لەگەڵ سەرهەڵدانی راستگۆیی سیاسی و زیادبوونی هەستیاری بەرامبەر بە زمان لە گوتاری گشتیدا سەرنج و خواستی بەکارهێنان و پێڕەویکردنی تایبەتی بەدەستهێنا.

 

با وشەکانمان بە ژیرانە هەڵبژێرین، چونکە ئەوان هێزی ئەوەیان هەیە کە ئەو جیهانە لە قاڵب بدەن کە ئێمە دەمانەوێت تێیدا نیشتەجێ بین

 

هەڵبژاردنی جۆری زمان
زمانی نەرم وەک پەروەردەکردن، خۆشگوزەرانی، پێکەوەژیان و خۆشەویستی لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە گرفتەکانی نێو کۆمەڵگادا، کاریگەری زۆری هەیە.
 لە تابلۆی ئاڵۆزی پەیوەندی و  کارلێکەکانی مرۆڤدا، زمان چ وەک پردێک و چ  وەک بەربەستێکیش کاری خۆی دەکات و هێزێکی بێئەندازەی هەیە لە داڕشتنی تێڕوانینەکان، کاریگەری لەسەر رەفتارەکان و لە کۆتاییدا، پێناسەکردنی کواڵێتی پەیوەندییەکانمان.  بۆیەش کاتێک باس لە مامەڵەکردن و چاودێری کۆمەڵایەتی دەکرێت، هەڵبژاردنی جۆری زمان دەتوانێت کاریگەری قووڵی خۆی هەبێت لەسەر خۆشگوزەرانی و پێکەوەژیان و خۆشەویستی لە نێو گرووپ و دەستە و کۆمەڵگاشدا.
 زمانی نەرم کە بە نەرمی و هاوسۆزی و رێزگرتن تایبەتمەندە، بەردی بناغەی  پەروەردەکردن و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی پەروەردەی مەدەنی دروستە. زمانی نەرم جوانی سروشتی هەر تاکێک لە نێو کۆمەڵگەکەیدا بە بێ حوکمدان و ئیدانەکردن رەفتار و هەڵسوکەوتەکانیان دەناسێنێت.  لە چوارچێوەی چارەسەرکردندا، بۆ تەندروستی دەروونی بێت، ئالوودەبوون بێت، یان هەر حاڵەتێکی دیکە، زمانی نەرم دەبێتە ئامرازێکی پێویست و کاریگەر بۆ هێوربوونەوە و تەنانەت چاکبوونەوەش.
 پێش هەموو شتێک زمانی نەرم فەزایەکی تەندروست بۆ تاکەکان دەستەبەر دەکات کاتێک بە ئاشکرا و راستگۆیانە خۆیان نیشانبدەن و بۆچوون و راکانیان دەرببڕن.  بە بەکارهێنانی ئەو وشانەی کە تێگەیشتن و قبوڵکردن دەگەیەنن،تاکەکانی کۆمەڵگا دەتوانن دیوارەکانی ترس و شەرمەزاری بشکێنن  و نەهێڵن  هاوڕێیەتی و مرۆڤدۆستی لەبار ببات و بە پێچەوانەوە دەتوانرێت ببنە هەوێنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە. 
 جگە لەوەش زمانی نەرم هەستی سەربەخۆیی و پەیوەندییە جیاجیاکانی تاکەکان لەنێو کۆمەڵگادا دەچێنێت.  کاتێک تاکەکان هەست دەکەن گوێیان لێدەگیرێت و بەهایان بۆ دادەنرێت، ئەگەری ئەوە زیاتر و  زاڵتر دەبێت کە بەشداری لە چارەسەرکردنی گرفتەکان بکەن و چالاکانەتر بێنە مەیدانی پەروەردەکردن و دابینکردنی کەشێکی هاوسۆزی  هەر بۆیەش کۆمەڵگاکان دەتوانن بە هۆی زمانی نەرم و لێکتێگەیشتن لە هاودەنگیدا یەکبگرن بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، پێکەوە ئاهەنگی سەرکەوتنەکان بگێڕن.
سەرنج دەخاتە سەر خاڵە ئەرێنییەکان
 جگە لەوەش زمانی نەرم وەک دژە ژەهرێکی بەهێز بۆ چەواشەکاری و هەڵاواردن کاریگەری خۆی هەیە ئەویش بە دووبارە داڕشتنەوە و  گێڕانەوەی متمانەی تەندروستی دەروونی و پرسە جیاجیاکانی تر، لێرەشدا مرۆڤ دەتوانێت رووبەڕووی چەشنە کۆنە تەقلیدییەکان ببێتەوە و کەلتورێکی گشتگیری پڕ تێگەیشتن بە ئاراستە و رووە و پێش هەنگاو هەڵبگرێت. زمانی نەرم لەبری ئەوەی تاکەکان بە پشتبەستن بە هێز و توانا و  خەبات و تێکۆشانەکانیان ناوزەد بکات، سەرنج دەخاتە سەر خاڵە ئەرێنییە بەهێزەکانیان و خۆڕاگری و توانای گەشەکردنیان زیاتر دەکات.
 لە کۆتاییدا، وەرگرتنی زمانی نەرم لە مامەڵەی کۆمەڵایەتیدا تەنیا پەیوەندی بە واتاسازییەوە نییە؛  رەنگدانەوەی پابەندبوونی بەکۆمەڵمانە بە بەزەیی و هاوسۆزی و خۆشەویستی.
بە وەرگرتن و بەکارهێنانی زمانی نەرم، دەتوانین جیهانێک دروست بکەین کە هەموو کەسێک هەست بەها و مرۆڤبوونی خۆی بکات، جیهانێک کە خۆشگوزەرانی و پێکەوەژیان و خۆشەویستی تەنها خەیاڵ نەبێت، بەڵکو لۆژیک و ژیانەوە بێت.
بۆیە با وشەکانمان بە ژیرانە هەڵبژێرین، چونکە ئەوان هێزی ئەوەیان هەیە کە ئەو جیهانە لە قاڵب بدەن کە ئێمە دەمانەوێت تێیدا نیشتەجێ بین و پەیوەندی و گووتارەکانمان ببنە کەلتوری هاوبەش و  هەمووان پێکەوە ئاسۆ ڕوونتر ببینین.

* پسپۆڕی زمانناسی/ پڕاگماتیکیس و،
توێژەر لە ناوەندی ئەکادیمیی توێژینەوەی نیشتمانیی ACNS 

وتارەکانی نوسەر