لە بەسەرهاتی نیاندەرتاڵەکانەوە بۆ ئەنفالەکان

10:29 - 2024-05-09
هەستیار مارف ئاغا
241 خوێندراوەتەوە

ئامادەکردنی: هەستیار مارف ئاغا




دۆزینەوەی پەیکەری کەللە سەری (خانمی شانەدەر Z)ی مرۆڤی نیاندەرتاڵەکان لە ئەشکەوتی شانەدەری هەولێر، لە لایەن تیمی پسپۆڕی هەردوو زانکۆی بەناوبانگی کامبریج و لیڤەرپوڵی بەریتانیاوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا، جێگەی دەستخۆشییە، ئەم تیمە دوای کۆکردنەوەی پارچەکانی کەللە سەری خانمی شانەدەر Z لە قووڵی حەوت مەتردا، زیاتر لە ساڵێکیان پێدەچێت تا پارچە شکاوەکانی کەللە سەرەکەی کە بەتەواوەتی شکابوون و پانبووبووەوە،  یەکیدەخەنەوە و بە شێوازی 3D موجەسەمی، ماسوولکە و پێستی بۆ دادەڕێژنەوە، هەروەها لە رێگەی پاشماوەی پرۆتینی رەگ و پەتکی نێوان دانەکانییەوە رەگەزی مێینەی دیاریدەکەن.

 

ئەنفالکراوەکان کەمتر لە 40 ساڵە لەژێر خاکدان، بەڵام تائێستا کەمترینیان پشکنینیان بۆ کراوە و روفاتەکانیان گەڕێنراوەتەوە

 

 ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو تیمەکە دەڵێن: ئەم خانمە 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە تەمەنێکی مامناوەندا مردووە و وەک رێزێک سەردەمیانە لەژێر خاکدا لاشەکەیان شاردۆتەوە و لەلایەن خێزانی نیاندەرتاڵەکانەوە لەسەر شان ناشتوویانە و بەردێکیان لەژێر سەریدا داناوە.
خانمی شانەدەر Z پێنجەمین مرۆڤی نیاندەرتاڵە لە ئەشکەوتی شانەدەردا دەدۆزرێتەوە. 
ئەشکەوتی شانەدەر مێژوویەکی دێرینی هەیە، دوای ئەوەی لە ساڵی 1950 دا لەسەر ئاستی جیهان لە بواری شوێنەوارناسیدا دەناسێنرێت، لە ساڵی 1960 دا ئێسک و پروسکی مرۆڤێکی تری نیاندەرتاڵەکان لە هەمان ئەشکەوتدا دەدۆزرێتەوە کە 50 هەزار ساڵ پێش ئێستا لاشەکەی نێژراوە و بە گوڵ داپۆشرابوو، ئەم مرۆڤە قۆڵی تووشی شەلەل دەبێت و سەری تووشی ترۆما دەبێت، بەو هۆیەوە چاوەکانی لەدەست دەدات، بەڵام بەگوێرەی ئاسەواری ئەو خواردن و کەلوپەلانەی دەوروبەری ئێسکەکانی دۆزراوەتەوە، ئەم مرۆڤە کە پیاو بووە، هەر خزمەتکراوە تا مردووە.
 دۆزینەوەی چەندین مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەردا دەریدەخەن کە لە چەندین زەمەنی کۆنی جیاوازدا مرۆڤە نیاندەرتاڵەکان لە کوردستاندا ژیاون و مردوون و لەو ئەشکەوتەدا بە شێوازێکی جوان نێژراون و رێزیان لێگیراوە.
دکتۆر ئێما پۆمێرۆی لە زانکۆی کامبریجی بەریتانی دەڵێت: «وەک مێینەیەکی گەورە، خانمی شانەدەر Z بووە بە کۆگایەکی زانیاری گەورە بۆ گروپەکەی و لێرە 75 هەزار ساڵ دوای ئەو هێشتا ئێمە لێی فێر دەبین.» 
ئەم زانیاری و بەسەرهاتە مێژووی و شوێنەوارناسییە، زانستێکی راست و بێگەرد و گرنگە بۆ مێژووی مرۆڤایەتی و کوردستان و زانکۆکانی جیهان، بە گرنگەوە باسی لێوەدەکەن، تا زانیاری زیاتریان دەستبکەوێت لەسەر مرۆڤی نیاندەرتاڵ کە تەنها 150 ساڵە فۆسڵ و  لاشە و ئێسک و پروسکی کەلوپەلی ئەم جۆرە مرۆڤانە دۆزراوەتەوە لە جیهاندا.
بەهۆی گەڕان و توێژینەوە و پشکنینی وردی زاناکانی بواری شوێنەوارناسی بەریتانیاوە، زانرا کە مرۆڤی نیاندەرتاڵ 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەشکەوتی شانەدەردا ژیاون و مردوون و لاشەکانیان بە شێوازێکی شایستە مامەڵەیان لە گەڵدا کراوە و هەڵگیراون و خراونەتە ژێرخاکەوە.
75 هەزار ساڵ دوای مێژووی مرۆڤە نیاندەرتاڵەکان، کەچی سەدان هەزار مرۆڤی کوردی بێتاوان، ئەنفال دەکرێت و لاشەکانیان بە ناشیرینترین شێوە وندەکرێت لە بیابانەکانی عیراقدا، تا ئێستاش بەشێکی زۆریان لە ژێرخاکدان و بەشێکی کەمیان پشکنینیان بۆ کراوە و روفاتەکانیان گەڕێندراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان لە کوردستان.
مرۆڤە نیاندەرتاڵەکان زۆر لە بەعسی و سەدامییەکان مرۆڤتر بوون و رێزی مرۆڤایەتیان گرتووە و مردووەکانیان خۆشویستووە، بۆیە وا پاش 75 هەزار ساڵ، هێشتا مرۆڤایەتی بەڕێزەوە بە شوێنیاندا دەگەڕێت و وەک باوان سەیریان دەکات و پاشماوەکانیان کەڵک دەگەیەنن بە زاناکان و زانکۆکانی دنیا، تا ئێستاش لەوانەوە فێردەبن.

وتارەکانی نوسەر