سەربەرزەكان لە بیر ناكەین

لە یادی شەهیدان، كاردۆ گەڵاڵی و عەلی هەژار و رەسوڵ مامەندی نەمردا

09:53 - 2024-04-08
دووتوێ
565 جار خوێندراوەتەوە

بەهرۆز گەڵاڵی

 

رەسوڵ مامەند و برادەرەکانی بە ورەیەکی بەرز و پۆڵاینەوە، هیوایەکی زۆریان بەخشی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بڕوایەکی زۆریان بە ئیرادەی خۆیان و خۆڕاگری میللەتەکەمان هەبوو

رۆژی نۆی نیسانی‌‌ 1979 رۆژێکی ناخۆشە بۆ کەسوکار و ماڵباتی ئێمە، چونکە رۆژی شوێنگومکردنی ئەم دوو شەهیدە ناودارەیە، هەروەک 12ی نیسانیش بیرەوەری رۆژی کۆچی دوایی رەسوڵ مامەندی هەڤاڵ و مامۆستای کوردایەتیمانە. بە پێویستمزانی ئەم نوسینەم بۆ ئەم سێ سەرکردە ماندونەناس و فیداکارە تەرخان بکەم، چونکە هەم نزیکترین هاوسەنگەری یەکتری بوون و هەم لە یەک ماوەدا هەموویان بۆ هەتا هەتایە بە داخ و خەمێکی زۆرەوە لێمان دوورکەوتنەوه‌. 
لە مێژووی شوڕشەکانی کورد و لە قۆناغە جیاجیاکانی خەبات و تیکۆشان لە پێناوی کوردایەتیدا، هەندێ سەرکردەی بە توانا و لێهاتوو لە ناو کۆڕی خەبات و تێکۆشان و شۆڕشدا هەڵکەوتن، کە رەسوڵ مامەند و شەهید عەلی هەژار و شەهید کاردۆ گەڵاڵیش یەکێک بوون لەو سەرکردە لێهاتوانە. رەسوڵ مامەند زیاتر دوای نسکۆی ساڵی 1975 دەرکەوت، بە تایبەتیش دوای دروستبوونی بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان. هەروەک لە شۆڕشی نوێشدا یه‌كێك بوو لە پێشمەرگە و فەرماندە سەرەتاییەکان کە دەستی بە خەباتی چەکداری کردەووە. 
 بەم هۆیەوە رەسوڵ مامەند هەر زوو ناوی دەرکرد، تەنانەت ناوبانگێکی باشیشی بۆ خۆی و بزوتنەوە و هەڤاڵه‌کانی پەیداکرد. دوای نسکۆ کە هەموو کورد تیایدا بەشدار بوو. نا ئومێدی و بێزارییەکی زۆر باڵی کێشا بە سەر دۆخە سیاسییەکەدا و لە ناو خەڵکدا نا ئومێدی بڵاوبۆوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکان 
ئەو کات رەسوڵ مامەند و برادەرەکانی بە ورەیەکی بەرز و پۆڵاینەوە، هیوایەکی زۆریان بەخشی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بڕوایەکی زۆریان بە ئیرادەی خۆیان و خۆڕاگری میللەتەکەمان هەبوو، بۆ ئەم مەبەستەش رەسوڵ مامەند لەگەڵ عەلی هەژار و کاردۆ گەڵالی و عەلی عەسکەری و مەلا ناسیح و دکتۆر خالید و چەندین هەڤاڵی تریان لە مهاباد و نەغەدە چەند کۆبوونەوەیەکیان کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخە سیاسییەکە، هەروەها رۆژی 24/4/1975 کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە ماڵی عەزیز شەمزینی لە نێوان ئەوان و هەندێ لە سەرکردەکانی تری ئەوکاتەی شۆڕشی ئەیلولدا لە ورمێ ئەنجام دا. بەشداربووەکان ئەوەندەی بیرم مابێت بریتی بوون لە: عەزیز شەمزینی، عەلی عەسکەری،خوالێخۆشبوو ئیبراهیم ئەحمەد، دکتۆر خالید، مەلا ناسیح، شەهید عەلی هەژار، شەهید کاردۆ گەڵاڵی، شەهید عومەر دەبابە، رەسوڵ مامەند، شەهید سەعدی، خوالێخۆشبوو سەلیم ئاغاک، خوالێخۆشبوو عەبدولڕەحمان گۆمەشینی، شەهید تایەر عەلی والی. 
ئەو کات شۆڕش نەمابوو
گرنترین خاڵ لەم کۆبوونەوەیەدا کە باسکرا و بڕیاری لێدرا، ئەوەبوو یەکەم: خەڵک هانبدەن لە ئێران بگەڕێنەوە و بڕۆنەوە بۆ کوردستانی عیراق. دووەمیش بۆ ئەوە بوو جارێکیتر لە کوردستانەوە تێهەڵچنەوە و رێکخراوێکی تازە بۆ جۆشدانەوەی جەماوەر دروست بکەنەوە و خۆیان بۆ شۆڕشێکی نوێ ئامادە بکەن. ئەوکات سەرکردەکانی کورد چ سیاسی و چ عەسکەری، هەمووی بە ناچاری هاتبوونە ئێران. ئیمەش هاتبووینە نەغەدە و لەوێ بووین. بە حوکمی ئەوەی باوکم فەرماندەیەکی عەسکەری پێشمەرگایەتی بوو، لە هیزی دەشتی هەولێر لەگەل فارس باوە و سەید کاکە پێکەوە بوون، ئامۆزاکانیشم هەموویان لای ئەوان سەرلق و پێشمەرگە بوون، ئەوکات شۆڕش نەمابوو، خەڵک هەمووی زۆر بیتاقەت بوو. هەموو بە دوای شتێکی تازەدا دەگەڕان. ئەو سەرکردانەی ئەم کۆبوونەوانەشیان لە نەغەدە و ورمێ و لە مهاباد ئەنجام دا، بە تایبەتی هانی هەموو فەرماندە عەسکەریەکانییان دەدا کە مانەوە لە ئێران باش نییە و گەڕانەوەیان بۆ عیراق و کوردستان پێ باشتربوو. دیارە باوکیشم لەگەل ژمارەیەکی زۆر فەرماندەی عەسکەری و پێشمەرگایەتی و کادری سیاسی تر ئەم رایەیان پەسەند کرد، کە هەموومان لە ئێرانەوە بگەڕیینەوە بۆ کوردستانی عیراق. 
قۆناغی هەستانەوە
ئەوەبوو دوای ماوەیەک گەڕاینەوە هەولێر، بەڵام زۆری پێنەچوو رژێم ئەوەندە داخ لە دڵ بوو، هەموومانی بۆ باشووری عیراق تەرحیل کرد و ماڵی ئیمەشیان وەک ئەو سەرکردانە، گواستەوە بۆ دیوانیەو حلە و شارەکانی تری باشووری عیراق، رەسوڵ مامەندیش بە هەمان شیوە بۆ باشوور دوورخرایەوە. هەروەها عەلی عەسکەری، دکتۆر خالید، سەعدی گچکە، سەید کاکە و زۆربەی کادر و فەرماندە و سەرلقەکانی شۆڕشی ئەیلول، بە تایبەتیش فەرماندەکانی هێزی دەشتی هەولێر و دهۆک، کەرکوک و سلێمانی هەموویان بۆ باشووری عیراق نەفی کردن. 
ئەم کردەوەیەی رژێم زیاتر رقی جەماوەری هەڵساند و توەڕیی و ناڕەزاییەکی زۆری لە ناو دڵ و دەروونی سەرکردە و فەرماندەکاندا دروستکرد. بۆیە هەر زوو ئەو هەڤاڵانە کەوتنە خۆیان و ناچاربوون لە چوونە دەرەوە زیاتر پەلەبکەن و هەر چەندە هێشا بە تەواوی خۆیان رێکنەخستبو، بەڵام دەستیانکرد بە دروستکردنەوەی رێکخراوێکی تازە، بۆ ئەم مەبەستەش چەند جارێک لە شارەکانی باشوور و بەغدا، لە نێوان خۆیاندا بە نهینی کۆبوونەوە، ئەوانەی بەشداربوون لە کۆبوونەوانەدا بریتی بوون لە: سەیدا ساڵح یوسفی، عەلی عەسکەری، رەسوڵ مامەند، عومەر دەبابە، تاهیری عەلی والی، شەهيد عەلی هەژار، شەهيد دکتۆر خالید، شەهید سەعدی گچکە، شەهید کاردۆ گەڵاڵی و مەلا ناسح و سەید کاکە و چه ند هه ڤاڵێکی تر، بیرۆکەی دروستکردنی بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستانیان لە نێو خۆیاندا تاوتوێکرد و سەرەنجام رۆژی 8/8/1976 بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستانیان دروست کرد. دوایش ناوەکەی بوو بە بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان. رەسوڵ مامەند و زۆربەی ئەو سەرکردانە لە دەستەی دامەزرینەری بزوتنەوەکەدابوون و سەیدا ساڵح یوسفیشیان وەک سکرتیری بزوتنەوەی سوسیالیستی کوردستان سەیردەکرد. 
گەڕانەوە بۆ شاخ
پاش ماوەیەکی کورت سەرکردەکانی بزوتنەوە پۆل پۆل چوونە دەرەوە و گەیشتنەوە شاخ و کێوەکانی کوردستان و دەستیانکردەوە بە خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی. ئەو کات یەکیتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە سوریا دروست کرابوو. 
بێگومان دوای چوونی عومەر دەبابە بۆ سوریا و بینینی مام جەلال لە سوریا بزوتنەوەکەی کردە ئەندام لە یەکیتیی نیشتمانیی کوردستاندا، هەرچەندە تەنزیماتی ناوەوەی بزوتنەوە دژی ئەم هەنگاوەی عومەر دەبابە قسەیان دەکرد، چونکە بیرۆکەی بزوتنەوە هەر لە سەرەتاوە بۆ ئەوە دروستکرا کە بزوتنەوەکە نە جەلالی بێت و نە مەلایی، بەڵکو وەک رێکخراو و خەتێکی فکری سەربەخۆ بمێنێتەوە و خەبات بکات، بزوتنەوەش لە ناوخۆیدا پێکهاتبوو لە کادرە کۆنەکانی مەلایی و جەلالی، جەلالیەکۆنەکان بزوتنەوەیان دەبرد بەرە و مام جەلال کۆنە پارتییەکانیش هەوڵیان دەدا سەربەخۆیی خۆیان بپاریزن و گەر بۆیان بکرێ نە بەرەو یەکێتی بڕۆن و نە بەرەو پارتی. ئیتر مام عومەر بزوتنەوەکەی کردە ئەندام لە یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان و لەوە بەدواوە بزوتنەوە لەگەل کۆمەڵەی مارکسی لینینی پێکەوە لەناو ریزەکانی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان خەباتی خۆمان پەرە پێداو هەموومان ئۆتۆماتیکی بووینە ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پێکەوە لە چوارچێوەی یەکێتیدا خەباتمان دەکرد و کۆمەڵە و بزوتنەوە بوونە دوو رێکخراوی بنەڕەتی و کۆڵەکەی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان. ئەو کاتە زۆربەی فەرماندە ناودار و عەسکەرییەکانی یەکیتیی نیشتمانیی سەر بە بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان بوون، جەنابی مام جەلال-یش سکرتیری گشتیی یەکیتی بوو. 

 

بڕیار درا خەڵک هانبدەن لە ئێران بگەڕێنەوە و بڕۆنەوە بۆ کوردستانی عیراق بۆ ئەوەی جارێکیتر لە کوردستانەوە تێهەڵچنەوە و رێکخراوێکی تازە بۆ جۆشدانەوەی جەماوەر دروست بکەنەوە و خۆیان بۆ شۆڕشێکی نوێ ئامادە بکەن

 

دوو هەڵوێستی جیاواز
ئەمە بووە هۆی ئەوەی تەنزیماتی بزوتنەوە و کۆمەڵە لە ناو شارەکاندا تا رادەیەکی زۆر یەکتر بناسین لە سەر ئەو هەنگاوەی بزوتنەوە کە چووە ناو یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا لە ناو بزوتنەوەدا تا دەهات دوو هەڵوێستە جیاوازەکە زیاتر پەرەی دەسەند و جۆرێک لە ململانێی توندی لێ پەیدابوو، چونکە بزوتنەوەکە پێکهاتبوو لە جەلالی و مەلاییە کۆنەکان، هەندێک کەس لە ناوەوە و هەندێکیش لە دەرەوە پێیان باش بوو کە بزوتنەوە شانبەشانی کۆمەڵە بۆتە ئەندام لە ناو ریزەکانی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستاندا. ئەو کەسانەش ئەوانە بوون کە پێشتر جەلالی بوون، هەندێکیش هەبوون لە ناو شارەکاندا کە پێشتر مەلایی بوون، ئەم هەنگاوەیان بە هەنگاوێکی زۆر خراپ دادەنا و تەنانەت بەرامبەر عومەر دەبابە ئیجرائاتێکی حزبیانەش کرا، کە گوایە بێ پرس و رای سەرکردایەتی بزوتنەوە، چۆتە سوریا و ئەم کارەی کردووە، ئەو هەڤاڵانە دەیانوت: ئەم هەنگاوە هەڵەیە و ئێمە دەبێ ئیستیقلالیەتی خۆمان بپارێزین و ببینە خەتی سێیەم لە حەرەکەی کوردیدا، واتە نە جەلالی بین و نە مەلایی، هەروەها دەیانوت: نابێ لە ناو یەکیتیدا بمێنینەوە. 
ململانێ درێژەی خایاند
ئەم ململانییە لە ناو بزوتنەوەکەدا هەبوو کە من نامەوێ ئەمڕۆ وردەکارییەکانی تری باس بکەم، بێگومان بزوتنەوەکە رێکخراوێکی زۆر پتەو و پۆڵایین بوو، ئێستاش کادرەکانی بزوتنەوە لە ناو هەرحزبێکی سیاسیدا کاربکەن، خەڵکی پاک و خاوەن ئیرادە و دڵسۆزن، لەگەڵ بیرباوەڕی خۆیان راستگۆن و هەمیشە بۆ رێبازی راستەقینەی کوردایەتی تێدەکۆشن. ئەو ململانێیەش هەم لە ناو بزوتنەوە بەردەوام بوو هەمیش لە ناو یەکیتیدا، رۆژ بە رۆژ تا دەهات ململانێکە لەگەڵ برایانی کۆمەڵەش توندتر و گەرمتر دەبوو، ئەم دژایەتیکردنەی یەکتری هەر بەردەوام بوو، تەنانەت لەسەر چوونی بەشی زۆری سەرکردایەتی و پێشمەرگەی بزوتنەوە لەگەڵ کۆمەڵە بە ناوی یەکیتیی نیشتمانییەوە بۆ هەکاری، تەنزیماتی ناوەوە و ژمارەکی کەمیش لە سەرکردایەتی دەرەوە دژی ئەو هەنگاوەی بزوتنەوە بوون. من بۆ مێژوو شاهیدم، بە تایبەتی سەرکردایەتی ناوەوەی بزوتنەوە، رازی نەبوون لە سەر چوونی سەرکردە و پێشمەرگەکانی بزوتنەوە بۆ مەسیرەی هەکاری. 

 

بزوتنەوەکە رێکخراوێکی زۆر پتەو و پۆڵایین بوو، ئێستاش کادرەکانی بزوتنەوە لە ناو هەرحزبێکی سیاسیدا کاربکەن، خەڵکی پاک و خاوەن ئیرادە و دڵسۆزن، لەگەڵ بیروباوەڕی خۆیان راستگۆن و هەمیشە بۆ رێبازی راستەقینەی کوردایەتی تێدەکۆشن

 

کارەساتی هەکاری
دەیانوت ئەمە پلانێکە بۆ لاوازکردنی بزوتنەوە دانراوە، بەڵام زۆربەی سەرکردایەتی بزوتنەوە لە دەرەوە رایان باشبوو لەسەر چوونی فەرماندە و پێشمەرگەکانی بزوتنەوە بۆ هەکاری و گوێیان نەدەدا بە بیروڕاکانی سەرکردایەتی بزوتنەوە لە ناوەوە. بۆیە کۆبوونەوەیەکی گەورەکرا، بیروڕای سەرکردایەتی ناوەوە لەم بارەیەوە لە چوارچێوەی نامەیەکدا نوسرا و بەندە نامەکەم برد بۆ (سەنگەسەر) و رادەستی (حاجی برایم رۆستەم)م کرد کە بۆ برادەرانی دەرەوەی بنێرێت. برادەرانی دەرەوە گوێیان نەدایە ناوەرۆکی ئەم نامەیە و مەسیرەکەیان دەستپێکرد. لە ئەنجامدا بینیمان ئەوەی رویدا، رویدا، ئەوەبوو هەندێ لە سەرکردە و پێشمەرگەکانی بزوتنەوە لەلایەن قیادەی مۆقەتەوە بە دیلگیران و شەهیدکران، لەوانەش شەهیدان عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و حسین بابەشیخ و چەند فەرماندە و پێشمەرگەیەکی تر کە بە ناحەق شەهیدکران، بەشێکیشیان بە دیلگیران و دوایی ئازادکران. 
پاش کارەساتی هەکاری ململانێی نێوان کۆمەڵە و بزوتنەوە تا دەهات توندتر دەبوو، ئەم رووداوە ناخۆشە هەلوێستی سەرکردایەتی و رێکخستنەکانی ناوەوەی بزوتنەوەی بەهێزتر کرد و دەیانوت: پێویستە ئیستا بزوتنەوە بێتە دەرەوە لە یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆیە سەرکردایەتی ناوەوەی بزوتنەوە زیاتر سووربوون لەسەر راکانی خۆیان و لەگەڵ ئەوەدا بوون کە بزوتنەوە بە تەواوەتی لە یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان بیتە دەرەوە و ئیتر بزوتنەوە سەربەخۆیی خۆی زیاتر بپارێزێ. 
جیابوونەوە لە یەکێتی
ئاشکرایە زەربەی گەورەی کارەسات و شەڕی هەکاری بەر سەرکردە و پێشمەرگەکانی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان کەوت، لە ئەنجامدا 21/3/1979 کار گەیشتە سەر جیابوونەوەی بزوتنەوە لە یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان. دوای جیابوونەوە کیشەکانی نێوان بزوتنەوە و یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان، پێی نایە قۆناغێکی زۆر تازە و ناخۆشەوە و کێشەکان قووڵتربوونەوە، ململانێکان لە نیوان کۆمەڵە و بزوتنەوەش تا دەهات توندتر دەبوو، کە من نامەوێ ئێستا باسی هۆکارەکان و بیروبۆچوونەکانی ئەوکات بکەم. 
پاش شەهیدبوونی ئەو هەموو گەورە سەرکردانەی بزوتنەوە. بۆشاییەکی گەورە دروست بوو. دوای جیابوونەوەش سەرکردایەتی بزوتنەوە لە دەرەوە پەڕیبوونەوە و چووبوونە گوندی (گۆڕەشێر) و لەوێ داوایان لە سەرکردایەتی بزوتنەوە لە ناوەوە کرد کە عەلی هەژار و کاردۆ گەڵاڵی بڕۆنە دەرەوە. چونکە رەسوڵ مامەند و مەلا ناسیح و چەند برادەریکی تر مابوون. برادەرانی دەرەوە زۆر پێداگرییان دەکرد لەسەر دەرچوونی عەلی هەژار و کاردۆ گەڵاڵی، بۆیە دوای جیابوونەوەی بزوتنەوە لە یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان، بڕیار درا کە عەلی هەژار و کاردۆ گەڵاڵی لە 20/4/1979 بڕۆنە دەرەوە و ببنە پێشمەرگە. ئەم دوانە خەریکی خۆ ئامادەکردن بوون بۆ دەرچوون، بەڵام بەداخەوە لە رۆژی 9/4/1979 رژێم هەردووکیانی لە ناو دادگای هەولێر رفاند و دەستگیری کردن، دوای چوار سال لە لێدان و ئەشکەنجە و ئازاردان و زیندانیکردن، هەردووکیانی ئیعدامکرد و جەنازەکانیشیان نەداینەوە. 
سێ گورزی کاریگەر
بەندە شەرەفی ئەوەم هەبوو کە لە نزیکەوە لەگەڵ کاک رەسوڵی سەرکردە لە پەیوەندیدا بووم. جارێکیان بە نهێنی بۆ ئیش و کاری رێکخستن لە 20/4/1979دا چوومە گۆڕەشێر. جارێکی تریش هەر بۆ هەمان مەبەست لە 22/5/1979دا چوومەوە گۆڕەشێر بە نهێنی و لە رێگای حاجی برایم رۆستەم کە ئیستاش لە ژیاندا ماوە. هەروەها لە رێگەی مەحمود حەمەڕەش سەنگەسەرییەوە کە بەداخەوە پێش چەند ساڵێک ماڵئاوایی لێکردین، کە پیاوێکی زۆر ماندو و دڵسۆز بوو.
 بزوتنەوە لە دروسبوونییەوە لە 8/8/1976دا تا کۆتایی ساڵی 1979 سێ گورزی گەورەی پێکەوت، یەکەم لەدەستدان و شەهیدبوونی شەهید سەعدی و 18 پێشمەرگەی قارەمان لە شەڕە مێژووییەکەی دەشتێ و دووەم کارەساتی هەکاری و لە دەستدانی ئەو سەرکردە گەورانە و ئەو هەموو پێشمەرگەیەی کە شەهید و بریندار بوون. سێیەم گورزیشی لە ناوەوە پێکەوت، ئەویش تیرۆرکردنی ساڵح یوسفی و لە سیدارەدانی عەلی هەژار و کاردۆ گەڵاڵی بوو، ئەوکات بۆ تەنزیماتی ناوەوەی بزوتنەوە لەدەستدانی ئەو سێ سەرکردە گەورەیە کارەساتێکی گەورەبوو. 
تیرۆرکردنی ساڵح یوسفی
دوای ئەوە، ماوەیەکی پێچوو بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان ولیژنەی ئامادەکاری پارتی بە سەرپەرشتی دکتۆر مەحمود عوسمان لە 8/8/1979دا کۆنفراسێکیان بەست و حزبی سۆسیالستی یەکگرتووی کوردستان-یان پیکهێنا و بە نهێنی سەیدا ساڵح یوسفییان کردە سکرتێری حزبی سۆسیالیستی یەکگرتووی کوردستان، پاشان لە 12/5/1981دا و لە کۆنگرەیەکدا کە لە (دۆڵەتو) بەسترا، ناوی حزب گۆڕدرا بۆ حزبی سۆسیالیستی کوردستان. دوای بەستنی کۆنگرەش لەناوەوە بە نهێنی هەر سەیدا ساڵح یوسفی بە سکرتێری حزب دانرایەوە، بۆ راپەڕاندنى ئيش و كارەكانى دەرەوەش رەسوڵ مامەند هەڵبژێردرا به سکرتێری حزبی سۆسیالیستی کوردستان. بە داخەوە دواى كۆنگره زورى پێنەچوو لە 25/6/1981دا رژێمی بەغدا بەهۆی نامەیەکی بۆمبڕێژکراوەوە لە بەغدا سەیدا ساڵح یوسفی تیرۆر کرد و شەهیدیان کرد، دوای ئەوە بەداخەوە شەڕی ناوخۆ دروست بوو، بچێ و نەیەتەوە کارێکی خراپ بوو، براکان کەوتنە کوشتنی یەکتری. 
دوی راپەڕین و بەهاری 1991 دۆخێکی تازە هاتە کایەوە. هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ هاتە کایەوە، یەکگرتنەوەی حزبی سۆسیالیستی کوردستان و یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان لە 10/2/1993 لە هەولێر راگەیەنرا. یەکگرتنەوەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا، حزبی سۆسیالیست بەو شێوەیە مایەوە، دواییش خەباتی خۆمان دووبارە لە ناو یەکیتیی نیشتمانیی کوردستاندا جۆش دایەوە. 
ورەی بەرز و پۆڵایین
دیارە لە ناو یەکیتیی نیشتمانیی کوردستانیشدا، بەندە هەر زۆر لە رەسوڵ مامەند نزیک بووم و پێکەوە زۆر کارمان کرد، رەسوڵ مامەند پیاوی رۆژی تەنگانە و کاتە سەختەکان بوو، دوای راپەڕینیش زۆر بەیەکەوە بووین و لە نزیکەوە ئاگاداری خەبات و تیکۆشانەکەی بووم، رەسوڵ مامەند بە پێچەوانەی هەندێک سەرکردەی تر، پیاوێکی زۆر پاک بوو، هەرگیز چاوی لە خۆدەوڵەمەندکردن و رەفاهیەت و خۆشگوزەرانی بۆ خۆی و خێزانەکەی نەبوو، تەنانەت بیریشی لە ماددە و خۆدەوڵەمەندکردن نەدەکردەوە، بگرە زۆر بە دڵسۆزی و پاکی بیری لە دوارۆژی میللەتەکەی و رزگارکردنی خاکی پیرۆزی کوردستان دەکردەوە. 
رەسوڵ مامەند بەقەد کێوی ئاسۆس و کۆسرەت و کێوەڕەش خۆراگربوو. پیاوێکی بە ورەو خاوەن هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە و جوامێرانە و ئازا بوو، سیاسییەکی بە تەحەمول بوو لە بەرامبەر دوژمنەکانیدا هەمیشە وەک پۆڵا دەوەستایەوە و خەباتی دەکرد، پیاوێکی ورەبەرز بوو، بەرامبەر نەیارەکانی لە ململانیی سیاسی و ناکۆکییەکاندا خاوەنی هەڵوێست و بیروڕاوی خۆی بوو، لێکدانەوەی زۆرباشیشی هەبوو، کەسایەتییەک بوو پڕ بوو لە وەفا و پاراستنی نهێنییەکانی شوڕش. 

 

ئاشکرایە زەربەی گەورەی کارەسات و شەڕی هەکاری بەر سەرکردە و پێشمەرگەکانی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان کەوت

 

پاراستنی نهێنییەکان
شایانی ئاماژە پێکردنە لەو کاتانەی کە کێشەی بزوتنەوە لەگەل یەکیتی تەقییەوە 21/3/1979 کە بە جیابوونەوەی بزوتنەوە لە یەکیتی کۆتایی هات، زۆر هەڤاڵ هەبوون دەیانویست رەسوڵ مامەند ئەو نهێنییانەی کە سەردەمانێک ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیتی بوو بدرکینێت و بڵاویان بکاتەوە، بەڵام رەسوڵ مامەند بە توندی دژیان وەستایەوە و دەیوت: من کەسێکی شۆڕشگێرم، ئەم جۆرە رەفتارانە لە پیاوی تێکۆشەر ناوەشێتەوە. بۆیە نهێنییەکانی پاراست، واتە رەسوڵ مامەند لە ناخۆشترین کاتەکانی شەڕی ناوخۆدا، نهێنییەکانی ناو مەکتەبی سیاسی یەکیتی هەرگیز نەدرکاند و لە کاتیکدا زۆر بابەتی گرنگ و بڕیاری مێژوویی لابوو کە دەیتوانی زیان بە یەکیتی بگەیەنێت، بەڵام ئەو هەرگیز باسی نەکردن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ جوامێری رەسوڵ مامەندی نەمر.
نانەڕەقەی پێشمەرگایەتی
رەسوڵ مامەند لەگەڵ هەڤاڵەکانی خۆیدا، بە رەوشتێکی بەرزەوە رەفتاری دەکرد. لەگەڵ هەژاران و لێقەوماواندا بوو، سەرڕاست بوو، هەمیشە پشت و پەنایان بوو، بە داخەوە ئەم جۆرە سەرکردانە ئەمرۆ بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، رەسوڵ مامەند لەوانە بوو کە هەمیشە بیری لای کێشەی رەوای گەلەکەی خۆی بوو، کەسێکی هێمن و لەسەرخۆبوو، ئیدارەی ململانێکانی زۆر بە باشی دەدا، کەسایەتییەک بوو بە نانەڕەقەی پێشمەرگایەتی ژیانی تێدەپەڕاند، تا دوا ساتەکانی ژیانیشی نە خانەویەک نە پارچە ئەرزێک، هیچ شتێکی نەبوو، بە پاکی ژیا و بە سەربەرزیش سەری نایەوە. 
بەداخەوە دوای ماوەیەکی زۆر لە خەبات و تێکۆشان مالئاوایی لێکردین بە تایبەتی بەندە پشت و پەنایەکی بەهێزم لە دەست دا. بۆیە ئێستاش لە ناو دڵی هەمووماندا بە زیندوویی هەر ماوەتەوە، یادی هەر خێربێت. رۆحت شاد ئەی کاکە رەسوڵ مامەندەکەی چینی هەژاران و لێقەوماوانی کوردستان و گۆڕەکەت پڕنوور بێت و لەگەڵ شەهید عەلی هەژار و شەهید کاردۆ گەڵاڵی یادتان هەمیشە دەکەینەوە و ئەو دوو شەهیدە گەورەیەش هەر بە زیندوویی لە دڵ و دەروونماندا دەمێننەوە و یادیان بەخیر و لە ئاستیاندا سەری رێزو نەوازش بۆ کاردۆ گەڵاڵی و عەلی هەژار دادەنەوێنین و میژوویان پڕە لە شانازی و قوربانیدان و هەر بە سەربەرزی لە مێژوودا دەدرەوشینەوە.

هەردوو سەرکردەی رەوانشاد مام جەلال و رەسوڵ مامەند

   

شەهید حسێن بابەشێخ                                                                                              د. مەحمود عوسمان         

   

شەهید سەیدا ساڵح یوسفی                                                                                    شەهید د. خالید                                         

  شەهید عەلی عەسکەری

شەهیدی سەركردە دكتۆر خالید سەعید و لەتیفەخانی هاوسەری و منداڵەكانیان

   شەهید عەلی عەسكەری                                                                                                       شەهید دكتۆر خالد 

بابەتە پەیوەندیدارەکان