كاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران:

حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق گرنگیی پێویستیان بە یاد و كەیسی ئەنفال نەداوە

11:03 - 2024-04-18
دیدار
84 جار خوێندراوەتەوە
کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی

دیداری: هەڵکەوت زەنگەنە 

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەسەر گرنگیدان بە پرسی ئەنفال و یادكردنەوەی، بە دیدێكی رەخنەگرانەوە دەڕوانێتە هەڵوێستی حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پێیوایە «گرنگیی پێویستیان بە یاد و تاوانی جینۆسایدی ئەنفال نەداوە».

پێویستە گرنگیی زیاتر بە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال بدرێت
كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ رایگەیاند: لە دوای ساڵی 2003 و یەكەم هەڵبژاردن لە عیراقی نوێدا و پێكهێنانی یەكەم كابینەی حكومەت، پێویست بوو گرنگیی زیاتر بە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال بدرێت، كە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عیراقەوە بەجینۆساید ناسێنراوە، وتیشی: بەجینۆسایدناسانی كەیسی ئەنفال، پابەندی یاسایی و دەستووری بۆ حكومەتی عیراق زیاددەكات، بەڵام بەداخەوە هەم كابینەكانی حكومەتی عیراق، هەم خولە یەك لەدوایەكەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، لە ئاست گەورەیی تاوانی ئەنفال و بەپێی ئەو پابەندییانەی كە لەسەریانە، گرنگیی پێویستیان  بە یاد و كەیسی ئەنفال نەداوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی: لەدوای ساڵی 2003وە شوێنی ژمارەیەكی زۆر لە گۆڕەبەكۆمەڵەكان ئاشكرا كراون، بەڵام حكومەتی عیراق وەك پێویست ئەركی خۆی جێبەجێ نەكردووە، چونكە بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕەبەكۆمەڵەكان، حكومەتی عیراق پابەندكراوە كە دەبێت گۆڕەبەكۆمەڵەكان هەڵبداتەوە و رووفاتەكان دەربهێنرێن و پشكنینی دی ئێن ئەی بۆ بكرێت، هەروەها تێچووی هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان و پشكنین و رێوڕەسمی گەڕانەوەی رووفاتەكان لە ئەستۆی حكومەتی عیراقدایە، بەڵام بەداخەوە حكومەت نەیتوانیوە ئەركی یاسایی و دەستووری خۆی لەوبارەیەوە جێبەجێبكات، تەنانەت یاسای پاراستنی گۆڕەبەكۆمەڵەكانیشی جێبەجێنەكردووە كە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندی كردووە و دواتر هەمواریش كراوەتەوە.

لە كەیسی گۆڕەبەكۆمەڵەكاندا، حكومەتی عیراق ئەركی یاسایی و دەستووریی خۆی وەكو پێویست جێبەجێ نەكردووە 

 

پێویستە بەشێكی رەخنەكانمان لە نوێنەرانی كورد بێت
كاروان یاروەیس، جگە لە رەخنەگرتن لە هەڵوێستی حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەران، هاوكات رووی رەخنەشی دەكاتە نوێنەرانی كورد لە دامودەزگا رەسمییەكانی حكومەتی عیراق و لەوبارەیەوە رایگەیاند:  پێویستە بەشێكی رەخنەكانمان لە نوێنەرانی كورد بێت كە لە دامودەزگا باڵا و رەسمییەكانی عیراقدان، چونكە نەیانتوانیوە بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عیراق، كار بۆ ئەوە بكەن كە یادی ئەنفال، بكەن بە یادێكی نیشتمانی لەسەر ئاستی عیراقدا، وتیشی:  چەند جارێك پرۆژەیاسای پشوو و بۆنە نیشتمانییەكان هاتووەتە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام بەهۆی ئەوەی كێشەی لەسەربووە، نەخراوەتە بەرنامەی كارەوە، ئەگەر ئەو پرۆژەسایە بێتە ئەنجومەنی نوێنەران، پێویستە یادەكانی ئەنفال و هەڵەبجە وەك بۆنەیەكی رەسمی و نیشتمانی جێگیر بكرێن، بۆ ئەومەبەستەش پێویستمان بە فشارێكی گەورە و هەمەلایەنەیە.
راشیگەیاند: راستە لە یاد و بۆنە جیاوازەكاندا چەند چالاكییەك لە ئەنجومەنی نوێنەران رێكدەخرێن، ئەوەش بۆ زیندووڕاگرتنی یادەكە گرنگە، بەڵام هەموولایەكمان لەوبارەیەوە ئەركی یاسایی و دەستوورییمان لەسەر شانە و پێویستە كاری جددی و پێویست لەسەر ئەو یادانە بكەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان