زیانە ئابوورییەكانی سوتاندنی غازی هاوەڵ

09:51 - 2024-04-21
ئابووری
96 جار خوێندراوەتەوە
تائێستا عیراق نەیتوانیوە سوود لەو غازە هاوەڵە وەربگرێت، كە لەگەڵ نەوتی بەرهەمهاتوو دێتە دەرەوە

بەهجەت ئەحمەد


عیراق وەك وڵاتێكی بەرهەمهێنەری نەوت خاوەنی یەدەگێكی گەورەیە كە بەپێی دوایین رووپێو بێت، خاوەنی نزیكەی 160 ملیار بەرمیل نەوتە، لەگەڵ ئەوەی بەشێكی زۆری بلۆكە نەوتیەكانی تا ئێستا كاری رووپێو و پشكنینی تێیدا نەكراوە، كە پێشبینی دەكرێت رێژەی یەدەگی نەوتەكەی لە ژێر زەوی بگاتە ئاستێكی زۆر لەوە زیاتر.

عیراق رۆژانە دە هێندەی پێداوێستیی خۆی غاز دەسوتێنێ كە سەرەڕای زیانە ئابوورییەكەی، ژینگە  پیس دەكات و هەوای  شارەكانی باشووری عیراق گەرمتر دەكات

خراپی پیشەسازی نەوت 
عیراق وەك بەشێكی زۆری وڵاتە نەوتییەكان پیشەسازی نەوت تێیدا زۆر دواكەوتووە، تەنها نەوتەكەی بۆ هەناردەكردن تەرخان كردووە و هیچ پیشەسازییەكی نەوتی گەورە لە وڵاتەكەدا نییە، لەكاتێدا ئەگەر پڕۆژەی پیشەسازی نەوتی هەبوایە، سەرەڕای زیادبوونی داهاتە نەوتییەكان، بە هەزاران هەلی كاری دەڕەخساند بۆ سەرجەم هاووڵاتیان. سەرەڕای ئەمەش تائێستا عیراق نەیتوانیوە سوود لەو غازە هاوەڵە وەربگرێت، كە لەگەڵ نەوتی بەرهەمهاتوو دێتە دەرەوە، بۆ هەر بەرمیلێك نەوت نزیكەی 600 بۆ 650 پێ سێجا غازی لەگەڵ بەرهەم دێت، كە رۆژانە عیراق بری 2700 ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەم دێت. لەم بڕە بەپێی داتاكانی وەزارەتی نەوت یەك ملیۆن و 300 هەزار بۆ یەك ملیۆن 500 هەزار پێ سێجا، رۆژانە دەسوتێنرێت و بەهەدەردەچێت لە رۆژێكدا كە ساڵانە زیانی سوتانی ئەم غازە لە نێوان 3 ملیار و500 ملیۆن دۆلار بۆ 3 ملیار و 750 ملیۆن دۆلار دەبێت.

پێویستی زۆری بە غازە
عیراق بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا پێویستی زۆری بە غاز هەیە، بەپێی داتای وەزارەتی كارەبای عیراق 85 % وێستگەكانی كارەبای بە غاز كار دەكەن ئەوی تری بە گازە، بۆ ئەم مەبەستە حكومەتی عیراق رۆژانە لە وەرزی زستاندا، 25 ملیۆن پێ سێجا غاز لە ئێران دەكڕێت، لە وەرزی هاوین ئەم رێژەیە بەرز دەبێتەوە بۆ 50 ملیۆن پێ سێجا. نرخی كڕینەكەشی لە نرخی بازاڕی جیهانی زیاترە لە بەرامبەردا رۆژانە لە عیراق دە هێندەی پێداویستی خۆی غاز دەسوتێنێ كە سەرەڕای زیانە ئابوورییەكەی، ژینگە پیس دەكات و هەوای  شارەكانی باشووری عیراق گەرمتر دەكات.
عیراق خاوەنی یەدەگی غازە بە بڕی 132 تریلیون پی سێجایە  لە هەردوو جۆری غاز ، رێژەی 30 % غازی ئازادە كە لە كێڵگە غازییەكانی عیراق بەرهەم دێت و رێژەی 70 % غازی هاوەڵە كە لەگەڵ نەوت بەرهەم دێت، حكومەتی عیراق پلانی داناوە  تا سێ ساڵی داهاتوو بتوانێت ئاگری غازی هاوتا لە كێلگە نەوتیەكانی عیراق بكوژێنێتەوە و غازی هاوەڵ سوودی لێوەربگرێت و  رێگری بكرێت لەو بەهەدەردانە ئابوورییەی كە رۆژانە زیان بە ئابووری عیراق دەگەیەنێت. ئەم وزەیە سوودی لێوەربگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی جۆرێكی تر لە وزە كە ئەویش كارەبایە و پێداویستی گرنگ و رۆژانەی هاووڵاتیانی عیراق.
لەم سەردانەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ئەمریكا، 18 رێكەوتنی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بەست تایبەت بە كەرتی نەوتی عیراق، لەم ژمارەیەدا 4 رێكەوتن تایبەت كراوە بە بواری غازی هاوەڵ، تا بتوانرێت سودی لێوەربگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا. هەروەها بەشێكی تری رێكەوتنی حكومەتی عیراق لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان، راكێشانی بۆری گواستنەوەی  غازە بە درێژی 400 كیلومەتر تا دەگاتە كەناڵە ئاوییەكانی عیراق لە باشوور، ئەمەش بە مەبەستی خۆ ئامادەكردنی حكومەتی عیراقە، بۆ هەناردەكردنی غازی زیاد لە پێداویستی ناوخۆ بۆ دەرەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان