سلێمانی،

بەهێزکردنی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئەرمینیا

09:54 - 2024-04-21
ئابووری
96 جار خوێندراوەتەوە

ئا: زریان محەمەد

 بۆ زیاتر ئاشنابوون بە کارە بازرگانی و پشەسازییەکان لە پارێزگای سلێمانی، کۆنسوڵی گشتی ئەرمینیا بەوەکالەت سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد.  رۆژی 18.4.2024 محەمەد رەسوڵ، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان لە ئەندریانیک هاروت یونان کۆنسوڵی گشتی ئەرمینیا لە هەولێر بە وەکالەت کرد. 

هەوڵەکانمان بۆ زیاتر نزیکبوونەوەی کۆمپانیاکانمانە لەگەڵ بازرگانانی پارێزگای سلێمانی کە ئەمەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ پێشخستنی کەرتی بازرگانی

 لە دوای  کۆبوونەوەکە محەمەد رەسوڵ، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی رایگەیاند: ژووری بازرگانی سلێمانی گرنگی دەدات بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەواوی وڵاتانی جیهان، بازرگانانی سلێمانی پەیوەندی کاریان هەیە لەگەڵ ئەرمینیا و دەمانەوێت کۆمپانیاکانی ئەرمینیا لە پارێزگای سلێمانی وەبەرهێنان بکەن، یاساکانی وەبەرهێنان گونجاوە، ئاسایش و ئارامی دڵنیاییدەرە بۆ کۆمپانیاکانیان تا لە بواری پیشەسازیی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار وەبەرهێنان بکەن.
 راشیگەیاند: لە پارێزگای سلێمانی ساڵانە چەند پێشانگایەک لە بوارە جیاوازەکاندا دەکرێتەوە کۆمپانیاکانی ئەرمینیا دەتوانن بەشداری بکەن و بەرهەمەکانیان نمایش بکەن و سوود وەربگرن لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ بازرگانانی هەرێمی کوردستان و عیراق. وەک ژووری بازرگانی سلێمانی پشتوانیی و کارئاسانی تەواو دەکەین بۆ ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت بەشداری بکەن و کاری بازرگانی ئەنجام بدەن.
لای خۆشیەوە کۆنسوڵی گشتی ئەرمینیا بە وەکالەت رایگەیاند:  سەردانەکەم بە مەبەستی باسکردنی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و پیشەسازیەکانە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی، هەوڵەکانمان بۆ زیاتر نزیکبوونەوەی کۆمپانیاکانمانە لەگەڵ بازرگانانی پارێزگای سلێمانی کە ئەمەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ پێشخستنی کەرتی بازرگانی. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان