ئهندرێیا مۆللێ
له ئیتالییه‌وه: یاسینی فه‌قێ سه‌عید
كورته‌یه‌ك بۆ خوێنه‌رانی كورد:
ئه‌لێكسانده‌ر دۆگین رۆژی 7ی جێنیوه‌ری 1962 له مۆسكۆ له دایكبووه، بیرمه‌ند و سیاسه‌تمه‌دار و فه‌یله‌سوفێكی روسییه، خاوه‌نی بیرۆكه‌ی چواره‌مین تیۆری سیاسی و بزوتنه‌وه‌ی (ئێورۆئاسیانیزمی نوێ
(Neo-Euroasianesimo) یه كه له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی كوردیدا بووه به ئۆراسیای نوێ.
جه‌نگی ئۆكرانیا له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدیۆلۆژیای ئۆراسیای نوێ دروستبووه كه له لایه‌ن دۆگینه‌وه پشتگیری ده‌كرێت بۆ لاوازكردنی سیستمی نێوده‌وڵه‌تیی لیبراڵ
كاریگه‌ری دۆگین به‌سه‌ر پۆتینه‌وه
دۆگین توانیویه‌تی به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ كاربكاته سه‌ر سه‌رۆكی روسیا، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی دامه‌زراندنی پارتی ئۆراسیاوه كه ساڵی 2002 دامه‌زرا، هه‌روه‌ها ناڕاسته‌وخۆ كاربكاته‌سه‌ر چه‌ندین راوێژكاری تایبه‌تی سه‌رۆك، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه ئه‌ركیان به‌دواداچوونی بنه‌ماكانی چواره‌مین تیۆری سیاسی و كڵێسای ئۆرتۆدۆكسی مۆسكۆیه، كه به ئاشكرا پشتیوانیان له دنیابینی تیۆكراسی خۆیان كردووه.
لێره‌شه‌وه داگیركردنی ئه‌مدواییه‌ی ئۆكرانیا پێده‌چێت هاوتا بێت له‌گه‌ڵ ستراتیژێكدا كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدۆلۆژیای نیۆ-ئۆراسیا دامه‌زراوه و له‌لایه‌ن دۆگینه‌وه پشتگیری كراوه بۆ لاوازكردنی سیستمی نێوده‌وڵه‌تی لیبراڵ.
ئه‌و كه‌سه‌ی رهخنهدهگرێ به لێكچوونی قه‌یرانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان روسیا‌و خۆرئاوا، (كه جه‌نگی ئۆكرانیا خاڵی هه‌ره به‌رزی قه‌یرانه‌كه‌یه)، له‌گه‌ڵ جه‌نگی سارددا، بڕوای وایه كه دۆخی ئێستا به هیچ شێوه‌یه‌ك شكڵی ململانێی نێوان دوو بلۆكی ئایدیۆلۆژی له‌یه‌ك جیاواز و دژبه‌یه‌كی وه‌رنه‌گرتووه. به‌ڕای ئێمه ئه‌م ده‌رئه‌نجامه په‌له‌په‌لی پێوه دیاره‌و تاڕاده‌یه‌كیش زۆر ساده‌یه، چونكه به هیچ شێوه‌یه‌ك واقیع و كاریگه‌رییه‌كانی ده‌یان ساڵه‌ی ده‌زگای ئایدیۆلۆژی و نیمچه ئایینی به‌ناو (ئۆراسیای نوێ)ی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه، كه چۆن چۆته ناو كۆمه‌ڵگه‌ی روسی و رژێمی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه.
تێنگه‌یشتن له ره‌هه‌ندی ئایدیۆلۆژیا
مه‌ترسییه گه‌وره‌كه له تێنهگهیشتندایه له ره‌هه‌ندی ئایدیۆلۆژی قه‌یرانه‌كه كاتێك كه ده‌ڕوانینه داگیركردنی ئۆكرانیا، وه‌ك شه‌ڕێكی ناوچه‌یی سه‌یری بكه‌ین و وابزانین كه ناتوانێ له داهاتوودا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان رۆژئاوا و روسیا ئاڵۆزتر بكات.
ئێورۆئاسیانیزم له ڤێرژنه رهسهنهكهیدا، وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی كه‌لتوری و سیاسی سه‌ریهه‌ڵدا كه پێی وایه شارستانییه‌تی روسی نه ئه‌وروپاییه به ته‌نیا و نه ئاسیاییه به ته‌نیا، به‌ڵكو شارستانییه‌تێكی ئۆراسیاییه، واته له‌هه‌مان كاتدا ئه‌وروپیشه و ئاسیاییشه. له ساڵی (20)كانی سه‌ده‌ی پێشوودا، ئێورۆئاسیانیزم پاڵپشتی له شۆڕشی به‌لشه‌فییه‌كان ده‌كرد،به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك ئامانجی به‌دیهێنانی كۆمۆنیزم نه‌بووه له وڵات‌دا، به‌ڵكو یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی به ته‌نها وه‌ك قۆناغێك سه‌یركردووه له پڕۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئیمپریالی روسیدا، كه ئه‌ویش ره‌نگدانه‌وه‌ی خه‌سڵه‌تی بێوێنه‌ی دۆخی جیۆپۆلێتیكی بووه.
دوابه‌دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، ئێورۆئاسیانیزم چووه قۆناغێكی پراگماتیكییهوه، باوهشیكردهوه بۆ بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و رێكخراوانه‌ی كه پێشتر له ئه‌وروپا و ئه‌مریكای باكوور هه‌بوون و ئه‌ركیان زیادكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان روسیا و خۆرهه‌ڵات بوو، به ئاگا لهخۆبوونێكی تایبه‌تیه‌وه له چین. له‌مباره‌یه‌وه جێی خۆیه‌تی ئاماژه بده‌ین به رێكخراوی هاریكاریی شانگه‌های و یه‌كێتیی ئۆراسیایی.
ئێورۆئاسیانیزم، شانبه‌شانی ئه‌م ڤێرژنه پراگماتیكییهی، هه‌ڵگری تێڕوانینێكی دهروێشانهش بووه. یه‌كێك له دیارترین نوێنه‌ره‌كانی، دامه‌زرێنه‌ری نیۆ-ئێورۆئاسیایزم، ئه‌لێكسانده‌ر گیلیێڤیچ دۆگینه. ئه‌م فه‌یله‌سوفه سیاسییه، له رووی رۆشنبیریی و فیكرییه‌وه، له‌دایكبووی نێو حوجره‌ی ده‌روێشانه‌ی كریستیانییه ئۆرتۆدۆكسه پاگانییه نوێیه‌كانی مۆسكۆیه، دۆگین له‌سه‌ر ئاستی ئیتالیاش ناسراوه، چونكه په‌یوه‌ندیی توندوتۆڵی هه‌بووه به (لۆبی ره‌ش - Lobby Nera)ه‌وه، ئه‌مانه‌ش هه‌موو ئه‌و گروپه نه‌ریتخواز و ترادیتسیۆنال و ناسنامهگهرایانهن كه باڵی ئه‌وپه‌ڕی راستڕه‌و پێكدێنن.
ڤێرژنی ئێورۆئاسیایزمی دۆگینی، كه به (چواره‌مین تیۆره‌ی سیاسی)ش ناوزه‌د كراوه، فۆرمێكی دیكه‌ی ئایدیۆلۆژی فاشیزمی نوێیه، كه پڕۆژه سیاسیه باڵاكه‌ی بریتییه له بنیاتنانه‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تێكی تۆتالیتاری ئێورۆئاسیای له ژێر ركێفی روسیادا، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه ئهتلانتیكهكانی.
به‌بڕوای دۆگین، له تێڕوانینی ئیسكاتۆلۆژی بزووتنه‌وه‌كه‌دا، كه هه‌ڵقوڵاوی دنیایه‌ك سه‌رچاوه‌ی ته‌وراتییه، به‌یه‌كدادانی حه‌تمیی نێوان هه‌ردوو بلۆكه‌كه ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی (سه‌رده‌می زێڕینی نوێی نالیبرالیزمی سیاسی و كه‌لتوری جیهانی)، كه رێگه‌خۆشكه‌ر ده‌بێ بۆ سه‌رده‌مێكی ئاشتی جیهانی و دووباره دوپاتكردنه‌وه‌ی بنه‌ما ئاینییه ترادیتسیۆنالهكان بۆ پێكه‌وه‌ژیانی مرۆڤه‌كان.
جه‌نگی ئۆكرانیا، جه‌نگی جیۆیۆلیتیكی و ئایدیۆلۆژییه
له‌به‌رئه‌وه، ناكرێ ئه‌م بابه‌ته نا دیده بگرین، كه دۆگین پێیوایه، ململانێی ئیستای ئۆكرانیا سه‌ره‌تای قۆناغی جه‌نگه له (رووبه‌ڕووبوونه‌وه دژی گڵۆبالیزم وه‌ك دیارده‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ری جیهانیی). جه‌نگێكه كه دۆگین پێیوایه جیۆپۆلیتیكی و ئایدۆلۆژیشه له‌هه‌مانكاتدا، هه‌روه‌ها له‌و بڕوایه‌دایه كه هێزه (ئاڵته‌رناتیڤ)ه‌كان، ئیتر چ له‌به‌ره‌ی راست بن یان له چه‌پ، له هه‌موو وڵاتانی جیهاندا، به ئه‌وروپا و ئه‌مریكاشه‌وه، سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستدێنن، به‌مه‌ش هه‌لومه‌رج و زه‌مینه‌ی له‌بار ده‌خوڵقێ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی (فرهتهوهریی - مه‌ڵتی پۆلاریتی - multipolarity)ی نوێ. له‌ڕاستیدا، ئۆراسیای نوێ، به‌هه‌مان دیدی ئایدیۆلۆژیای كۆمۆنیسته‌وه، سه‌یری روسیا ده‌كات و به تاكه شارستانیه‌تی فریادڕه‌سی ده‌بینێ كه له‌چاره‌ی نووسراوه، دنیا له لیبراڵییه‌تی نوێ، رزگار بكات و خۆرئاواش بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌رله‌نوێ پابه‌ندبوون به بنه‌ما ترادیشناڵه، گریكی – رۆمانی، كریستیانی، بیزهنتیهكانی خۆیه‌وه، كه ئه‌مڕۆ به ته‌نیا روسیا كۆی ئه‌و بنه‌مایانه به‌رجه‌سته‌یان ده‌كات و وه‌ك تاكه میراتگرێكی ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانی و ئیمپراتۆرییه‌تی پیرۆزی ڕۆما پێناسه ده‌كرێ. به‌م شێوه‌یه مۆسكۆ میراتگره‌وه‌ی كه‌له‌پوری ئیمپراتۆری رۆمای كۆنه‌و هه‌ر خۆشی ده‌بێته هێزی یه‌كگرتنه‌وه و دامه‌زرێنه‌ری شارستانیه‌تی گه‌وره.
به‌ڵام ئایا بڵاوبوونه‌وه‌و كاریگه‌ریی ئه‌م بیر‌و بۆچوونه له‌ناو حكومه‌تی روسیادا له چ ئاستێكدایه؟ له ساڵی 1997دا، دۆگین كتێبێكی بڵاوكرده‌وه به ناونیشانی (بنه‌ماكانی جیۆپۆلیتیك: داهاتووی جیۆپۆلیتیكی روسیا)، كه راسته‌وخۆ كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی كرده‌سه‌ر نوخبه‌ی سه‌ربازی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه و هه‌ر زوو بووه یه‌كێك له سه‌رچاوه گرنگه‌كانی ئه‌كادیمیای سه‌ربازی و پۆلیسی روسیا، له‌مباره‌یه‌وه پشتگیریی ژه‌نه‌ڕاڵ نیكۆلای كڵۆكۆتۆڤ بۆ ئه‌م كتێبه رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بووه.
دۆگین توانی هه‌رزوو بچێته ناو قووڵایی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی روسیاوه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی نادیاریی سه‌رچاوه‌و بنچینه‌ی بیروبۆچوونه ناوه‌كیی و ئاینییه‌كانی، كه له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی پێشوویدا سه‌لماندبووی، ئه‌م كتێبه‌شی بووه سه‌رچاوه‌و كانگای جۆره‌ها مێتۆدی خوێندن له وڵات‌دا، كه به شێوه‌یه‌كی گشتی نوخبه‌ی فه‌رمانڕه‌واو ده‌وڵه‌تداری ئێستای روسیای پێگه‌یاندو تێگه‌یشتنی میللی هه‌موو خه‌ڵكی روسیای دروستكرد. سه‌باره‌ت به پوتین، هه‌موومان ده‌زانین كه دوگین كاریگه‌رییه‌كی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر سه‌رۆكی روسیا هه‌بووه‌و هه‌یه، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی پارتی ئۆراسیاوه كه له ساڵی 2002 دامه‌زراوه، هه‌روه‌ها كاریگه‌رییه‌كی ناڕاسته‌وخۆشی هه‌بووه له رێگه‌ی زۆرێك له راوێژكاره شه‌خسیه‌كانی سه‌رۆكه‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌رپرسیاری دۆسێكانی تیۆره‌ی چواره‌می سیاسی و كڵێسای ئۆرتۆدۆكسی مۆسكۆ بوون كه پشتیوانی له دیدو تێڕوانینی تێۆكراسی ده‌كه‌ن.
بۆیه داگیركردنی ئه‌م دواییه‌ی ئۆكرانیا له‌وانه‌یه هاوتا بێت له‌گه‌ڵ ستراتیژێكدا كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدۆلۆژیای ئۆراسیای نوێ دامه‌زراوه كه له‌لایه‌ن دۆگینه‌وه پشتگیری ده‌كرێت بۆ لاوازكردنی سیستمی نێوده‌وڵه‌تی لیبراڵ. گه‌ر ئه‌مه وا بێت، كه‌واته ئه‌مه ته‌نها قۆناغێكه له جه‌نگێكی فراوانتر، كه له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا ته‌مه‌نی خۆی درێژ ده‌كاته‌وه و تا بێت له‌سه‌ر هێڵه ئایدیۆلۆژی و ئاینیه ساخته‌كان خۆی زیاتر ده‌چه‌سپێنێ.
ئهندرێیا مۆللێ- Andrea Molle- ی سیبته‌مبه‌ری 1975 جه‌نه‌وا ئیتالیا) لێكۆڵه‌ره‌وه‌یه‌كی ئیتالییه، مامۆستایه له زانكۆی چاپمان له كالیفۆرنیا، وانه‌ی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ڵێته‌وه، وه‌ك توێژه‌ر له‌گه‌ڵ (ستارت ئین سایت) كارده‌كات. چه‌ندین دیراسه و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌یه له‌سه‌ر ئاین و سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، توندوتیژی ئاینی و رووداوه كاره‌ساتباره‌كان و بیردۆزه‌كانی پیلانگێڕیی.
سه‌رچاوه/ [email protected]