پەیوەندیی سەدام حسێن بە ئەمریكییەكانەوە

باڵیۆزی روسیا لە عیراق ناوە نهێنییەكەی تاریق عەزیز ئاشكرا دەكات

11:15 - 2024-04-23
جیهان
105 جار خوێندراوەتەوە
سەدام حسێن و دۆناڵد رامسفێڵد

و: كوردەوان محەمەد سەعید


ڤلادیمێر چامۆڤ باڵیۆزی روسیا لە عیراق لە ساڵەكانی (2005 - 2008)دا رایگەیاند، لە سەردەمی جۆرج بوشی كوڕدا هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریكا بەرامبەر بە سەدام حسێن لە پشتیوانییەوە گۆڕا بۆ دژایەتی تا رادەی هەوڵی رووخاندنی، ئەمەش زۆر شت روون دەكاتەوە.

دوژمن و نەیاری ئەمریكا نەبووە
لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی (ئاڕ تی عەرەبی)، كە سەلام موسافیری رۆژنامەنووسی بە رەچەڵەك عیراقی پێشكەشی دەكات و بەرنامەكەش بەشێكە لە زنجیرە بەرنامەیەكی تایبەت بە داگیركردنی عیراق لە نۆی نیسانی 2003دا، ڤلادیمێر چامۆڤ جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە بەغدا لە سەردەمی سەدام حسێندا هەرگیز دوژمن و نەیاری ئەمریكا نەبووە، بەڵكو بە پێچەوانەوە پەیوەندی نێوان ئەو دوو لایەنە پتەو بووە و هەندێك جارێش زۆر گەرم و گوڕ بووە.
ئەوەشی روونكردەوە، كە ئەوكاتەی سەدام حسێن هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەستپێكرد، لای هەموان ئاشكرابوو كە ئەمریكییەكان گەورەترین یارمەتیدەری سەدامن و لە چەند بوارێكدا هاوكاریی تەواویان پێشكەش كردووە.
چامۆڤ ئاماژەی بەوەشكرد، سەبارەت بە وڵاتانی دیكەی خۆرئاواش هەر وابوو، بە سەیركردنێك تێدەگەین كە چی رووی دا و چۆن ئیدارەی ئەمریكا بە خێرایی لە پشتیوانی رژێمەكەی سەدامەوە گۆڕا بۆ دژایەتیكردنی، ئەوە لە سەردەمی سەرۆكایەتی جۆرج بوشی كوڕدا رووی دا. لە كاتی جەنگی دووەمی كەنداودا (1990 - 1991)، كە جۆرج بوشی باوك سەرۆك بوو، سوپای عیراق زیانی گەورەی بەركەوت و توانای هێزە ئاسمانییەكەی لەدەست دا، ئەوكاتە هیچ رێگرییەك نەمابوو بۆ ئەوەی ئەمریكییەكان بەریتانییەكان بچنە ناو بەغداوە، وەك ئەوەی دواتر و لە 2003دا كردیان.

سیاسی و ئیدارییەكی دنیا دیدە
بەڵام جۆرج بوشی باوك، بەو پێیەی سیاسی و ئیدارییەكی دنیادیدە بوو، دۆخەكەی بە دروستی هەڵسەنگاند و رژێمی سەدام حسێنی نەڕووخاند، لەبەر ئەوەی باش دەیزانی عیراق تاكە بەربەست بوو لەبەردەم بڵاوبوونەوەی شۆڕشی ئیسلامیدا لە ئێرانەوە، سەدام حسێنیش لە ماوەی هەشت ساڵ جەنگی عیراق و ئێراندا ئەو بەربەستە بوو.
چامۆڤ ئەوەشی روون كردەوە، جۆرج بوشی باوك بە ئەزموون و شارەزایی خۆی بڕیاری دا لە هێرشەكەدا لە بابل و لە دووری 100 كیلۆمەتر لە بەغداوە بوەستێت، بەوەش پڕۆسەی گەردەلولی بیابان كۆتایی پێهات. بەڵام دەوترێ ئەمریكییەكان ساڵی 2003 لە داگیركردنی عیراقدا زیانی گەورەیان بەركەوتووە، لەگەڵ هێرشەكەی یەكەمجاردا هەر بەراورد ناكرێت، چونكە ئەوەی یەكەم سەركەوتوو بوو تەنانەت لە رووی بازرگانیشەوە.

 

 

ڤلادیمێر چامۆڤ جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە بەغدا لە سەردەمی سەدام حسێندا هەرگیز دوژمن و نەیاری ئەمریكا نەبووە

 

هەڵوێستی روسیا
سەبارەت بە هەڵوێستی روسیا لە داگیركردنی عیراق ساڵی 2003 كە مۆسكۆ پشتیوانیی لە سەدام حسێن نەكرد، ڤلادیمێر چامۆڤ وتی: لە ساڵی 2003دا روسیا تازە سەرپێ دەكەوتەوە لەو متبوونەی لە نەوەدەكاندا بەسەری هات، بەهۆی هەرەسی ئابووری و لەبەریەك هەڵوەشانی دەوڵەتەكەیەوە. ئێمە لاواز بووین، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك لە سیاسەتمەداران دژی هێرشی ئەنگلۆساكسۆنی بۆ سەر بەغدا وەستانەوە، لەوانەش گێرهارد شرۆیدەر راوێژكاری پێشووتری ئەڵمانیا، جاك شیراك سەرۆكی پێشووتری فەڕەنسا و ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا، ئەمانە بە توندی دژی ئەو هێرشە و رەفتاری ناجوامێرانەی ئەنگلۆساكسۆنییەكان وەستانەوە.
سەبارەت بەوەی داخۆ مۆسكۆ هەوڵی داوە سەدام حسێن و ستافەكەی لە پەتی سێدارە رزگار بكات یان نا، چامۆڤ وتی: بابەتەكە سەیرە، دۆخی روسیا بە جۆرێك بوو تازە سەرپێ دەكەوتەوە و لەو متبوونەی نەوەدەكان و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە هێزی وەبەر دەهاتەوە، لەبەر ئەوە كاردانەوەی رەسمی نەبوو بۆ دەستێوەردان لە چارەنووسی سەدام و هاوڕێكانی. لەو كاتەدا تەركیز لەسەر هەوڵی ئەو حزبانە بوو كە نوێنەرایەتی ئەنجومەنی دۆمایان دەكرد، لەلایەن حزبی شیوعی و پارتی دیموكراتی لیبراڵی روسیا بە سەرۆكایەتی ڤلادیمێر جێرنۆڤسكی كە دۆستی عیراق و سەدام حسێن بوو گرنگیپێدان هەبوو، تەنانەت كەنیسەی ئەرسەدۆكسی روسیش هەوڵی دا تاریق عەزیز رزگار بكات، كە لە سەردەمی سەدام حسێندا وەزیری دەرەوە بوو.

ئەمریكا پێی وابوو رۆڵی روسیا كۆتایی هاتووە
ڤلادیمێر چامۆڤ وتی: ئەمریكییەكان پێیان وابوو رۆڵی روسیا كۆتایی پێهاتووە، چینیش بە هیچ شێوەیەك خۆی لە كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەڵنەقورتاند و تەنیا گرنگیی بە كاروباری ناوخۆی خۆی دەدا، لەبەر ئەوە گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە دەتوانن ئەوە بكەن كە لە بەرژەوەندیی خۆیانە، سەرەنجام ئەوەبوو لە كۆتایی كانونی یەكەمی ساڵی 2006دا سەدام حسێن-یان رادەستی دادگای عیراق كرد و حوكمی لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ كرا.
تاریق عەزیز لە سەركردایەتی عیراقدا و بەو پێیەی جێگری سەرۆك وەزیران بوو بەرپرسی دۆسێی روسیا بوو، زۆر جار لە رۆژێكدا دوو جار دەچووم بۆ لای و دەمبینی، ئێمە نازناوی (ستاس)مان پێدابوو، خۆشی دەیزانی و پێی ناخۆش نەبوو. چامۆڤ جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە پەیوەندییان لەگەڵ تاریق عەزیز زۆر باش بوو، هەروەها پەیوەندی تایبەتیشمان لەگەڵ تەها یاسین رەمەزان هەبوو، كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی هەبوو، ئەمە وایكردبوو هەناردە و بازرگانی وڵاتەكەمان لە رێگەی ئەو و وەزیرەكانەوە بەڕێوە بچێت، بە شێوەیەكی ئاسایی پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی نەوت و بازرگانی و وزە هەبوو، لەبەر ئەوەی ئەو كات كۆمپانیاكانمان كاریان بۆ بنیاتنانەوەی وێستگەكانی كارەبا دەكرد، كە ئەنگلۆساكسۆنییەكان وێرانیان كردبوو.

سەرچاوە: الزمان

بابەتە پەیوەندیدارەکان