تێکەڵاونەبوون، رێگای خۆپاراستن لە کۆرۆنای گۆڕاو

لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما پەتای کۆلێرا پێویستی بە رێگریکردنە

11:32 - 2024-04-23
ڕاپۆرت
83 جار خوێندراوەتەوە
لەدوای کۆرۆنا ئەو پەتا وەرزییانەی بڵاودەبنەوە نیشانەی قورسیان هەیە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد


دارا کەمال تەمەن 40 ساڵ تووشی پەتای وەرزی بووە، کۆکە، لەش داهێزران و سەرئێشەیەکی بەهێزی هەبووە، بەقسەی خۆی لە کچە نۆ ساڵانەکەیەوە تووشی پەتاکە بووە و وتی، کچەکەم لە قوتابخانەوە پەتاکەی بۆ هێناینەوە و هەموو ئەندامانی خێزانەکەم توشبوون، بەڵام کاریگەری قورسی لەسەر من هەبوو شەو و رۆژێک ئاگام لەخۆم نەبوو و لەگەڵ چارەسەر چەند بوتڵێک ئاویشم تێکراوە.
دیلان عارف پزیشکی پسپۆڕی قوڕگ و لوت و گوێ دەڵێت، سەدا نەوەدی ئەوەی خەڵک دەڵێت پەتای وەرزیم گرتووە کۆرۆنای گۆڕاوە، نیشانەکانی لە کۆرۆنا سەختترە، بەڵام کەمتر کاریگەری قورسی لەسەر سنگ دەبێت واتا توشبووەکە ناگەیەنێتە مردن، بەڵام بە تەواوی ماندو و هیلاکی دەکات.
دارا وتیشی، دوای 10 رۆژ لە توشبوون وردە وردە بەرەو باشبوونی دۆخی تەندروستیم دەچم، کۆکەم نەماوە، بەڵام هێشتا هەست بە بێهێزی دەکەم.

 

د. سەباح هەورامی:
ئەم پەتایەی ئێستا لەناو خەڵکدا بڵاوبۆتەوە،کۆرۆنا نییە،پەتای وەرزییە

 

کۆرۆنا نییە پەتای وەرزییە
هەروەها د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: ئەم پەتایەی ئێستا لەناو خەڵکدا بڵاوبۆتەوە، کۆرۆنا نییە پەتای وەرزییە، بەڵام ڤایرۆسەکەی بەشێکی زۆری کۆرۆنا و چەند ڤایرۆسێکی دیکەیە.
وەک دەبینرێت لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو پەتا وەرزییانەی بڵاودەبنەوە لەناو هاووڵاتیاندا نیشانەی قورسیان هەیەو کەسی توشبوو بە ئاسانی تێی ناپەڕێنێت.
دیلان عارف پزیشکی پسپۆڕی قوڕگ و لوت و گوێ وتیشی، پەتاکە زیاتر لەناو منداڵاندا بڵاوە لەبەرئەوەی ئێستا وەرزی قوتابخانە و باخچەیە، هەر منداڵێک لە پۆلێکدا بیگرێت ئەگەری هەیە هەموو منداڵەکانی تریش توش بکات پاشان دەچنەوە ماڵەوە و هەموو خێزانەکە دەیگرێت و بڵاودەبێتەوە بەناو کۆمەڵگەدا.

ئەگەری بڵاوبوونەوەی کۆلێرا
لە هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەوەی پەتاکان بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێت، لە وەرزی هاویندا زیاتر پەتای کۆلێرا ئەگەری بڵاوبوونەوەی هەیە لەو بارەیەوە د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتی: پەتای کۆلێرا پێویستی بە رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی و دەبێت لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما فەرمانگە پەیوەندیدارەکان رێگری لە بڵاوبوونەوەی بکەن.
باسی لە هۆکاری بڵاوبوونەوەشی کردووە و دەڵێت، بەشێكی هۆكاری پەتای کۆلێرا ئەوەیە ئاوی سلێمانی بەشێکی پیسە و بەشێکی باش لە گەڕەکەکان بە تانکەر ئاویان بۆ دەڕوات، سیتییەکانیش سەرچاوەی ئاوەکانیان پاک نییە و دەبێت ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن.
هاوکات بەختیار تاهیر بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رایگەیاند، سەرجەم ئەو ئاوانەی لە شەمعە و پڕۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان دابین دەکرێت بە بەردەوامی پشکنینیان بۆ دەکرێت و ئاوی تەندروستن، ئەو سەرچاوانەی بەدەرن لە سەرچاوەکانمان ئێمە لێی بەرپرس نین و هەر تانکەرێکی گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتیمانی پێوە نەبێت و لامان تۆمار نەکرابێت لێی بەرپرس نین و هاووڵاتیان ئاگادار دەکەین ئەو جۆرە ئاوە بەکارنەهێنن.
 وتیشی، رێژەی 10-15 % پارێزگای سلێمانی تۆڕی ئاوی نییە و ئەو سیتییانەی سەرچاوەی ئاویان پێ نەگەیشتووە ئێمە لێی بەرپرس نین، بێجگە لەو تانکەرانەی لەلامان تۆمارکراون و لۆگۆیان هەیە و ئاویان بۆ دابین دەکەن.
 ئەوە لە کاتێكدایە ساڵی رابردوو پەتای کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووەوە.

د. دیلان عارف:
پێویستە کەسی توشبوو سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات


رێگەچارەی بڵاونەبوونەوەی پەتا وەرزییەکان

باشترین رێگەچارە ئەوەیە کاتێك زانیت کەسێک پەتای وەرزی هەیە لێی نزیک نەبیتەوە، هەروەها کەسی توشبوو خۆشی نەچێتە قەرەباڵغییەوە و خۆی لە ماڵەوە کەرەنتینە بکات بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی بکرێت.
دیلان عارف پزیشکی پسپۆڕی قوڕگ و لوت و گوێ دەڵێت، هەرچەندە هەندێک دەرمان هەیە کە دەرمانسازەکان دەتوانن بەبێ رەچەتەی پزیشک بیدەنە نەخۆش و هەندێک نیشانەکان کەم دەکەنەوە، بەڵام بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە و پێویستە کەسی توشبوو سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.
پەتای وەرزی نەخۆشییەكی درمی ڤایرۆسییە و دەبێتە هۆی هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە و لەڕێگەی تێكەڵاوی و نزیكبوونەوە و بەركەوتنی پرژی كۆكە و پژمەی كەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە، پەتا وەرزییەکان زیاتر لە کاتی گۆڕینی وەرزەکاندا بڵاودەبێتەوە و لە بەهاراندا هەستەوەریشی دەچێتە سەر و کەسی توشبوو زیاتر هیلاک دەکات.
پێویستە لەكاتی تووشبوون بە پەتای وەرزی کەسی توشبوو لە ماڵەوە پشوو بدات هەروەها شلەمەنی و شۆربا و شەربەتی پڕ ڤیتامین بخورێتەوە، خۆ ئەگەر زانرا نیشانەکان لەسەری قورس دەبێت پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان