ئەمڕۆ، دیداری ساڵانەی ئەنفال لە گەرمیان دەستپێدەكات

11:37 - 2024-04-23
کوردستان
60 جار خوێندراوەتەوە

كۆمار مەسعود

بۆ یادی 36 ساڵەی تاوانی ئەنفال و كۆمەڵكوژیی گەلی كورد، سەنتەری جینۆسایدی زانكۆی گەرمیان دیداری ساڵانەی ئەنفال رێكدەخات و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
رۆژانی 23 و 24/4/2024، سەنتەری جینۆسایدی زانكۆی گەرمیان لە (36)هەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفال و كۆمەڵكوژیی گەلی كورددا، دیداری ساڵانەی ئەنفال سازدەكات، دیدارەكە سەعات 9.30 دەقیقەی سەرلەبەیانی لە هۆڵی سەڵاح كوێخا لە بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری لە كەلار دەستپێدەكات.
دوای رێوڕەسمی دەستپێك، پانێڵی یەكەم بەڕێوەدەچێت و سێ‌ بابەت پێشكەشدەكرێن، بابەتی یەكەم بەناوی (كوردی فەیلی و سڕینەوەی ناسنامە) لەلایەن پ.ی.د.سۆلاڤ فەیزوڵڵا مەندەلاوی، بابەتی دووەم بەناوی (لێكەوتەكانی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە)، دوا بابەتیش لەلایەن مامۆستا رەنگین عەبدوڵڵا پێشكەشدەكرێت بەناوی (ئەنفال و سیمبولسازیی-چۆن مەرگەسات بكەینە یادەوەرییەكی هەمیشەیی).
دواتر پانێڵی دووەم دەستپێدەكات، كە ئەو سێ‌ بابەت لەخۆدەگرێت، بابەتی یەكەم بۆ د.چنار نامق-ە بەناوی (جینۆسایدی ئێزدییەكان لەسەر دەستی داعش)، بابەتی دووەم بۆ مامۆستا فارس تەها محۆیە بەناوی (بارزانییەكان لە راگواستنەوە بۆ جینۆسایدكردن)، دوا بابەتی ئەم پانێڵەش كە هەر لە رۆژی یەكەم بەڕێوەدەچێت، بابەتێكی مامۆستا بەختیار مەحمود كەریم-ە بەناوی (تاوانی ئەنفال و كاریگەرییەكانی لەسەر كەسوكاری ئەنفالكراوان).
لە رۆژی دووەمی دیداری ساڵانەی ئەنفالدا كە سەعات 10ی بەیانی رۆژی 24/4/2024، بەڕێوەدەچێت نمایشێك بەناوی (مرۆڤێكی ئاڵتونی) پێشكەشدەكرێت، دواتر بڕگەی ناساندن و بڵاوكردنەوەی چەند كتێبێك لەبارەی ئەنفالەوە بەڕێوەدەچێت، كە سێ‌ كتێب لەخۆدەگرێت. دوا بڕگەی دیدارەكەش پێشكەشكردنی چەند قەسیدەیەكی شیعرییە لەلایەن چەند شاعیرێكەوە لەبارەی ئازارەكانی ئەنفال و جینۆسایدی كوردەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان