بە فەرمانی سودانی، عیراق لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنەسەر کۆرمۆر دەکات

09:58 - 2024-04-27
کوردستان
72 جار خوێندراوەتەوە

لەسەر فەرمانی سودانی، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عیراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر پێکھێنا و دەڵێت، ھێرشبەرەکان بە سزای یاسایی دەگەیەنرێن.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان بڕیاریداوە لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر پێکبھێنێت و بە توندیش سەرکۆنەی ھێرشەکە دەکات.
جەختیش دەکاتەوە کە ئەوانەی لەپشت ھێرشەکەوە بوون سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەردەگرن چونکە ھێرشەکانیان زیانگەیاندنە بە ئابووریی نیشتمانی و پێشکەوتن و گەشەسەندنی وڵات.
هەروەک بڕیارە ئەمڕۆ بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەجیا وەفدی حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان سەردانی کێڵگەکە لە سنووری چەمچەماڵ بکەن.
لەوەبارەیەوە رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ راگەیاند، ئەمڕۆ وەزیر و بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەفدێکی حکومەتی عیراق سەردانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان