״پێویستە ریفراندۆم لەسەر سزای لەسێدارەدان بکرێت״

10:33 - 2023-07-20
دیدار
445 جار خوێندراوەتەوە

دیداری/ سه‌هه‌ند كۆیی


د.حسێن محەمەد بالیسانی ساڵی 1951 لە دایک بووە مامۆستای کۆلێژی یاسایە لە زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک، ئەزموونی درێژی لە بواری یاسای جینائیدا هەیە، لەم دیمانە تایبەتەدا باس لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەکات کە دامەزراندنی دادگاکە و دەستپێکردنی کارەکانی نمونەیەکی گەشە لە هاریکاریی نێودەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەریی تاوانکاریی و هاوکات باسی هەیمەنەی سیاسی دەکات بەسەر دادگاکانەوە.

*ئەگەر بکرێت وەک ناساندنێک پێناسەیەکی دادگای باڵای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بکەیت؟
- دادگای باڵای تاوانە نێودەوڵەتییەکان خەونێکی لە مێژینەی کۆمەڵگە ستەملێکراوەکان بووە، لەبەرئەوەی نەتەوە باڵادەستەکان هەمیشە هەوڵیانداوە کۆمەڵگە لاوازەکانی دەوروبەری خۆیان بچەوسێننەوە، لەمێژە کەمە نەتەوەکان کۆیلە و ژێر دەستی نەتەوە باڵادەستەکانن، ئەم حاڵەتەش لە سەردەمی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانەوە زیاتر دەرکەوت. سەرۆکی وڵاتەکان زوڵم و ستەمێکی زۆریان دەکرد لەکاتی جەنگەکاندا تەنانەت قانونی جەنگیشیان پێشێل دەکرد.
لە پاش جەنگی دووەمی جیهانەوە، سەرکردەکان سنووری جەنگیان تێپەڕاند، بۆیە لە (لۆرم بۆرگ) لە ئەڵمانیا و لە ( تۆکیۆ) لە ژاپۆن دوو دادگا دانران لە پاش جەنگی یەکەمی جیهان. ئەم دوو دادگایە سزای ئەو سەرۆکانەیاندا کە لە جەنگی یەکەمی جیهاندا سنووری یاسای جەنگیان تێپەڕاند و چەند کەسێکیان لە سێدارەدا. 
بۆیە کۆمەڵێک جەنگی گەورە کە لە جیهاندا روویاندا، هانی نەتەوە یەکگرتووەکانیدا  بیر لە دامەزراندنی دادگایەک بکەنەوە سەرجەم تاوانبارانی جەنگ لە جیهاندا تێدا دادگایی بکرێت و لە ساڵی 1998 تێکڕای وڵاتان ئیمزای رەزامەندییان لەسەر پێکهێنانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرد و بڕیار درا ئەو وڵاتانەی ئیمزای دەکەن بۆ دامه‌زراندن و پێکهێنانی ئەم دادگایە بگاتە 60 کەس. 
لە تەمموزی 2002 دا شەستەمین وڵات ئیمزای لەسەر پێکهێنانی دادگاکە کرد. ئێستاش ئەم دادگایە لە هۆڵەندا کارەکانی خۆی دەکات و لەو کەسانەی کە هەوڵدراوە بنێردرێن بۆ ئەم دادگایە عومەر حەسەن ئەلبەشیر و سەیفەلئیسلامە.

*ئەم دادگایە دەتوانێت خەونی وڵاتە ستەملێکراوەکان بهێنێتەدی؟

-وەکو دەستپێکردنی دادگاکە شتێکی گرنگ بوو، بەڵام لەوە گرنگتر سەربەخۆیی تەواوی دادگاکەیە، بۆ ئەوەی ئەم دادگایە سەربەخۆیی خۆی بسەلمێنێت، زۆر تاوانباری جەنگ هەن لە جیهاندا دەبێت دادگایی بکرێن کە سیاسەتی کۆمەڵکوژیی و جینۆسایدیان پیادەکردووە لەوانەش سەرۆکی سوریا.

*چ جۆرە تاوانبارێک لەم دادگایەدا دادگایی دەکرێت؟
 - چوار جۆر تاوان هەیە، تاوانەکانی جەنگ، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانەکانی جینۆساید و چوارەم دوژمنکاریی و داگیرکارییە، بەڵام سەبارەت بە چواره‌م جۆری تاوان نەتەوە یەکگرتووەکان ده‌ڵێت: تائێستا پێناسەیه‌كی دروستمان بۆ نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وەیان هه‌ڵپه‌ساردووه‌، هەوڵێک هەیە تاوانی تیرۆر و مادەهۆشبەرەکان بخرێتە چوارچێوەی تاوانە نێودەوڵەییەکانەوە.

* ئەو 60 وڵاتەی ئەندامن، مەرجە هەموویان نوێنەریان لە دادگاکەدا هەبێت؟

-  ئێستا زیاتر لە 60 وڵات ئەندامن، عیراقیش یەکێکە لەو ئەندامانە، بەڵام مەرج نییە هەموویان ئەندامیان هەبێت، ژمارەی ئەندامەکان دیاریکراوە کە 11 ئەندامن بە سەرۆکەکەیەوە، ئەمانە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەچن، دەبێت بەرزترین پلەی دادوەری هەبێت لە وڵاتەکەی خۆیدا، وەک ئەندامی دادگای تەمیز، یاخود دادوەری پلە یەک، تەنانەت سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریش.

*خۆتان دەزانن کۆمەڵگەی کوردی دوو تاوانی مرۆیی گەورەی بەسەرهاتووە، ئەوانیش هەڵەبجە و ئەنفالە، ئایا ئەوانە دەچنە چوارچێوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە؟ رێکارەکانی سزادانی تۆمەتبارانی ئەو تاوانانە چییە؟
- ئەو دوو تاوانەی لە سەدەی بیست روویدا سەبارەت بە کۆمەڵگەی کوردی هەردوو تاوانی ئەنفال و هەڵەبجە و چەندین تاوانی تریش کە لەسەر دەستی بەعس دەرهەق بە کورد کران، دەچنە چوارچێوەی یاسایی تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە، بێگومان چەند رێکەوتنێکی نێودەوڵەتی هەیە لەسەر ئەو جۆرە تاوانانە، ئەو کەسانەی تاوانی کۆمەڵکوژی لەم چەشنە دەکەن رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و سزای نێودەوڵەتی وەردەگرن، چونکە ئەو کۆمەڵکوژییانەی کراوە بەرامبەر بە نەتەوەی کورد تاوانێکی گەورە بوون، بەڵام زۆر بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەجۆرێک لە جۆرەکان سەبارەت بەو دوو تاوانە کەم تا زۆر بە پەرۆش نەبوون بۆ بە دەمەوەهاتن و بە سزاگەیاندنی تاوانباران.

* ئەی تۆمەتبارانی ئەو تاوانە چییان بەسەرهات و بەچی گەیشتن؟
- رژێمی بەعس کاتێك ئەو تاوانانەی کرد بەرامبەر کورد پشتیوانی نێودەوڵەتی هەبوو، لە هەمانکاتیشدا چاوپۆشی لێکرا، بەڵام دوای پڕۆسەی ئازادی عیراق و هاتنی  پۆڵ بریمەر بۆ عیراق و دانانی دەسەڵاتی دادوەری هەموو ئەو تاوانانەی رژێمی بەعس کردی بەتایبەتیش خودی سەدام حسێن، بەشی ئەوەی نە دەکرد کە بپەرژێتە سەر ئەوەی لە دادگای لاهای دادگایی بکرێت، چونکە تاوانی ئەوەندە زۆری کردبوو، هەر بۆیە  لە دادگای ناوخۆی باڵای  تاوانەکانی عیراق سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو، هەموو ئەوانەی دەستیان سوور بوو بە تاوانی ئەنفال و هەڵەبجە، هەڵبەتە تەنها تاوانیان نەکردبوو بەرامبەر کورد بە تەنها، بەڵکو دەستیان سوور بوو بەڕشتنی خوێنی هەزارها رۆڵەی عیراقی لە ناوەڕاست و باشووری عیراق بە گشتی، هەر بۆیە لە دادگای تاوانەکانی عیراق سزای عادیلانەی خۆیان وەرگرت.

* ئێستا جیهان دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، سەبارەت بە یاسای سزای لەسێدارەدان  ئایا لەم دادگایەدا سزای لە سێدارەدان هەیە؟
-نەخێر، دادگای باڵای تاوانە نێودەوڵەتییەکان سزای لە سێدارەدان جێبەجێ ناکات.

*بۆچوونی بەڕێزت لەسەر سزای لە سێدارەدان چییە؟ لەگەڵ بوونی ئەو سزایەدایت یاخود رەتی دەکەیتەوە؟
-پێویستە ریفراندۆم لەسەر سزای لەسێدارەدان بکرێت بۆئەوەی بزانن خەڵک دەیەوێت یان رەتی دەکەنەوە؟ لە رێگەی ئێوەوە وەک میدیا لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا ئەو بابەتە پێشنیاز بکەن بۆ کۆمەڵگە با ئەوەش بە دیموکراتی بێت، من بە هەموو شێوەیەک رەتی دەکەمەوە،  بەڵام ئاڕاستەی جیهانی بەرەو ئەوەیە تاوانبار چاک بکاتەوە کە مرۆڤێکت لە سێدارەدا ئامانجی چاکسازیی بەدی نایەت.
پێشتر تۆڵەسەندنەوە هەبووە، دواتر چەند قۆناغێکی بڕی و ئێستا ئامانج لە سزادان چاکسازییە، کەواتە سزای سێدارە هیچ دەلالەتێکی چاکسازیی تێدا نییە، بەڵکو چاکسازی ئەوەیە ژیانی مرۆڤەکە پارێزراوبێت، بەڵام ئەگەر سەیری یاسای سزاکانی عیراق بکەین، زۆر مادەی سزای لەسێدارەدانی تێدایە.

* باشە یاسا ناوخۆییەکان ناتوانن سزا بەسەر تاوانبارەکاندا بسەپێنن؟ بۆ نموونە یاسای ناوخۆیی سوریا ناتوانێت سزا بەسەریدا جێبەجێ بکات؟

- بەڵێ ، هەتا یاسا ناوخۆییەکان توانایان هەبێت بۆ سزادانی تاوانبار، تاوانبار رەوانەی دادگای باڵای تاوانە نێودەوڵەتییەکان ناکرێت.

*ئێستا هەوڵێک هەیە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لە دەستی پۆلیس بهێنرێته دەرەوە و بدرێتەوە لێکۆڵەرانی دادی، رای بەڕێزت لەم بارەیەوە چییە؟

- لێکۆڵینەوە زانستە، هونەرە، پسپۆڕییە، بۆیە نابێت هەرگیز لە دەستی پۆلیسدا بێت، یاسای (‌اصول محاكمات استثناء) داویەتییە دەستی پۆلیس، ئەگەر لەکاتێکدا دادوەر یاخود لێکۆڵەری دادی غائیب بوون، جگە لەوەش لە گوندە سنوورییەکاندا دەسەڵاتی لێکۆڵەر وەکو (استثناء) 
دراوەتە پۆلیس.

 

دانیشتنێکی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق لەسەر دۆسیەی دوجێل

بابەتە پەیوەندیدارەکان