كوردستانی نوێ لە سەرەتاوە تائێستا
رۆژی 12/1/1992 ژمارە سفری رۆژنامەی كوردستانی نوێ چاپو بڵاوكراوەیەوەو بووە یەكەم رۆژنامەی رۆژانەی دوای راپەڕینەكەی خەڵكی كوردستان لەئاداری 1991 كە تائێستاش بەردەوامە لەدەرچوون، كە بۆئەوێ رۆژێ دەركردنی رۆژنامە بەواتای رۆژنامەی هەواڵ و بەدواداچوونی رۆژنامەگەریی، كارێكی ئاسان نەبوو.
ئەگەرچی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمێژووی سیاسی و پێشمەرگایەتی و رۆشنبیریی و رۆژنامەگەریی خۆیدا خاوەنی سەدان نەبەردی و بەرهەمی داهێنەرانەو كاری دەستپێشخەرییانەو داهێنانە، بەڵام بۆ دەركردنی رۆژنامەیەكی رۆژانە دوای پرس و رایەكی زۆرو وەدەستخستنی وەڵامی دەیان پرسیار، ئینجا بڕیاریدا كە گەڵاڵەنامەكانی سەر كاغەز بۆ كاری پراكتیكی بگوازێتەوە.
هەر لەگەڵ رۆژەگەرم و بەجۆشەكانی راپەڕینی 1991دا ئەو بیرۆكەیە خرایە سەر كاغەز تابەشێوەیەكی عەمەلی ئیشی بۆ بكرێت، بۆ ئەمەش بەگوێرەی رێنمایی و دوای بروسكەیەكی هەڤاڵ مام جەلال بڕیاری جێبەجێكردنی درا، لەهەولێرو سلێمانی دەست بەكۆبوونەوە كرا. لەهەولێر دوو دانیشتنی فراوان كرا، یەكێكیان بەسەرپەرشتی كاك كۆسرەت رەسوڵ عەلی و كۆبوونەوەی دووەمیش بەسەرپەرشتی كاك ئەرسەلان بایز، لەهەردوو كۆبوونەوەكەدا كۆمەڵێك ئەدیب و نووسەرو شارەزای بواری هونەری ئامادەیبوون. لەشاری سلێمانیش بۆ هەمان مەبەست چەند دیدارێك رێكخرا.
دوای ئەوەی ستافێك بۆ رۆژنامەكە دیاریكرا، رۆژی 12/1/1992 ژمارە سفری رۆژنامەی كوردستانی نوێ خرایە ژێرچاپ و بڵاوكرایەوە كە لێی نووسرابوو (كوردستانی نوێ، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەریدەكات) و شاری هەولێر بووە بنكەی سەرەكی رۆژنامەكەو چاپخانەی رۆشنبیری دەسنیشانكرا بۆ چاپكردنی رۆژنامەكە.
دەركردنی ژمارە سفر تاقیكردنەوەیەكی سەخت بوو، زۆربەی هەرە زۆری ستافی رۆژنامەكە رۆژیان لەچاپخانە كردەوە، دوای 14 رۆژ پشوو بۆ دابەشكردنی كاروبارەكان بەكاری ئیداریشەوە، رۆژی 26/1/1992 ژمارە(1) لەڕۆژنامەی كوردستانی نوێ چاپ و بڵاوكرایەوەو وەك رۆژنامەیەكی رۆژانە بەردەوام بوو.
كوردستانی نوێ یەكەمین رۆژنامەشە كە دوای مۆڵەتی دەركردنی لەوەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووەو وەزارەتیش مۆڵەتی ژمارە یەكی بە رۆژنامەكە داوە.
لاپەڕەكانی رۆژنامەكە
لە ژمارەسفر تاكو ژمارە 81، رەنگی رۆژنامەكە رەش و سپی و سوورە. لەژمارە 82 تا 94 رەنگی رەش و سپی و سەوز بەكارهاتووە. لەژمارە 95 تا 102 رەنگی رەش وسپی و سوور بەكارهاتۆتەوە. پاش مـاوەیەك، زیاتر كـار لەسەر رەنگی سەوزكراوە وەك سیمبولی رەنگی یەكێتیی نیشتمانیی كـوردستان كە تاكو ئێستاش بەكارهێنانی ئەو رەنگە بـەردەوامە، واتەرەنگی زاڵ، رەنگی سەوزە. بــەڵام لەبۆنە تایبەتییەكاندا لاپەڕەكانی یەكەم و دوالاپەڕە كراونەتە رەنگاوڕەنگ. ئێستا (2015) شەش لاپەڕەی كوردستانی نوێ رەنگاو رەنگە (1-3-5-12-14-16). سەرەڕای دەركردنی پاشكۆی ئەدەب و هونەر كە لاپەڕە (1-4)ی رەنگاوڕەنگە.
ئۆفیسی رۆژنامەكە
لەمانگی كانوونی دووەمی ساڵی 1992 تا رۆژی 31/8/1996 ئۆفیسی سەرەكی رۆژنامەكە لەشاری هەولێر بوو، لەو مێژووەوە تائەمڕۆ ئۆفیسی سەرەكیی لەشاری سلێمانییەو لەشارەكانی تریش نووسینگەی هەیە.
سكرتاریەتی نووسین
لەژمارە سفری رۆژی 12/1/1992 سكرتاریەتی رۆژنامەكە بەم شێوەیە لەسەر رۆژنامەكەدا نووسراوە:
سەرنووسەر: ئەرسەلان بایز، سكرتێری نووسین: ئازاد جندیانی
لەژمارە 116ی رۆژی 16/6/1992 ناوی فریاد رواندزی وەك بەڕێوەبەری نووسین خراوەتە سەر رۆژنامەكە.
لەژمارە 164ی رۆژی 13/8/1992- ەوە ئازاد جندیانی بۆتە جێگری سەرنووسەر.
دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان رەزامەندی لەسەر یاسای چاپەمەنییەكان دەربڕی، رۆژنامەی كوردستانی نوێ یەكەمین رۆژنامە بوو كە داوای مۆڵەتی رەسمی لەوەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان كـــرد، مۆڵەتی ژمارە یەكی پێدراو د.فوئاد مەعسوم بووە خاوەن ئیمتیازو ناوی لەسەر رۆژنـــامەكە دانرا، ئەمـەش لەژمارە 451ی رۆژی 2/8/1993 جێبەجێكرا.
لەژمارە 543ی رۆژی 23/11/1993 فەرەیدون عەبدولقادر لەجێگای ئەرسەلان بایز بۆتە سەرنووسەری رۆژنامەكەو جێگری سەرنووسەرو بەڕێوەبەری نووسین وەكو خۆیان ماونەتەوە.
رۆژی 23/1/1994 ناوی ئازاد جندیانی لەسەر رۆژنامەكە نەماوە.
لەژمارە 596ی رۆژی 25/1/1994 ناوی فریاد رواندزی لەسەر رۆژنامەكە نەماوە. ناوەكان بەمجۆرە ماونەتەوە:
خاوەنی ئیمتیاز: د.فوئاد مەعسوم، سەرنووسەر: فەرەیدون عەبدولقادر
لەژمارە 1251ی رۆژی 1/4/1996 گۆڕانكاریی لەسكرتارییەتی نووسیندا بەم شێوەیە كراوە:
خاوەن ئیمتیاز: د.فوئاد مەعسوم، سەرنووسەر: فریاد رواندزی، جێگری سەرنووسەر: دڵشاد عەبدوڵڵا
لەژمارە 1853ی 5/5/1999 گۆڕانكاری بەم شێوەیە كراوە:
خاوەنی ئیمتیاز: د. فوئاد مەعسوم، سەرنووسەر: فریاد رواندزی، جێگرانی سەرنووسەر: دڵشاد عەبدوڵڵا- ستران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسین: كاوە محەمەد.
لەژمارە 1886 ی رۆژی 21/6/1999 ناوی دڵشاد عەبدوڵڵا لەسەر رۆژنامەكە نەماوە.
لەژمارە 2188ی رۆژی 3/7/2000 سەرنووسەری رۆژنامەكە گۆڕاوەو ستافی سكرتارییەتی نووسین بەم شێوەیە نووسراوە:
خاوەن ئیمتیاز: د. فوئاد مەعسوم، سەرنووسەر: مەحمود مەلاعززەت، جێگری سەرنووسەر: ستران عەبدوڵڵا.
بەڕێوەبەری نووسین: كاوە محەمەد.
لەژمارە 2723ی رۆژی 7/4/2002، ناوی كاوە محەمەد وەك سەرنووسەر چۆتە سەر رۆژنامەكەو جێگری سەرنووسەریش شێركۆ مەنگوڕی. پێشتریش كاوە محەمەد جێگری سەرنووسەرو شێركۆ مەنگوڕی بەڕێوەبەری نووسین بوون.
لەژمارە 4938ی رۆژی 31/7/2009 ناوی كاوە محەمەدو شێركۆ مەنگوڕی لەسەر رۆژنامەكە نەماوە. لەو ماوەیەی كە كاوە محەمەد سەرنووسەر بووە ناوی: كەژاڵ ئەحمەد، توانا ئەحمەد، جەمال عەبدوڵڵا، عەدالەت عەبدوڵلا وەك سكرتێری نووسین چـــۆتە سەر رۆژنامەكە. بەڵام لەماوەی جیاوازدا.
لەژمارە 4940ی رۆژی 2/8/2009، ناوی ستران عەبدوڵڵا وەك سەرنووسەر چـۆتە سەر رۆژنامەكەو دوای سێ رۆژیش دوای ئەوە واتە رۆژی 5/8/2009 سكرتارییەتی نووسین بەم شێوەیە نووسراوە: كاروان عەلی، شیرین.ك، محەمەد كەریم.
دواتر لە 1/6/2019، محەمەد كەریم وەكو جێگری سەرنووسەرو هەریەك لەمانەش وەكو سكرتاریەتی نووسین ناویان چۆتە سەر رۆژنامەكە: ئیسماعیل مەحمود، مەریوان مەسعود، جەمال ئارێز، هەڵكەوت زەنگەنە.
لە 22/4/2020، ستران عەبدوڵڵا وازی لە سەرنووسەری هێنا، بەڵام لە ژمارە 8247 لە 20/12/2020 ، ناوی لەسەر رۆژنامەكە نەماوەو محەمەد كەریم وەكو سەرنووسەر لە شوێنی دانراوەو سكرتاریەتی نووسینیش وەكو خۆیەتی و تا ئێستا بەردەوامن.
پاشكۆكان (دووتوێ)
كوردستانی نوێ، بەدرێژایی مێژووی دەرچوونی كە زیاتر لەبیست و حەوت ساڵەی بەبەردەوامی دەردەچێت، چەندین پاشكۆی دەركردووە، كە هەندێكیان بەردەوام بوون و هەندێكیان یەك ژمارە یان چەند ژمارەیەكیان لێ دەرچووە. لێرەدا ئەو پاشكۆیانە دەخەیەنەڕوو كە ئێستا بەردەوامن لەدەرچوون:
ئەدەب و هونەر
رۆژی 28/1/1993 یەكەم ژمارەی پاشكۆی ئەدەب و هونەر بەچوار لاپەڕەی هەفتانە دەرچووە، لەقەبارەی تابلۆیددا بوو، لەناو رۆژنامەكە دادەنرا بەڵام بەخۆڕایی بوو، ریزبەندی لاپەڕەكانی سەربەخۆ بوو، بەشێك نەبوو لەریزبەندی لاپەڕەكانی رۆژنامەكە، ئەم حاڵەتە تا ژمارە 20ی پاشكۆكە بەردەوام بوو. بۆ ماوەیەك وەستاو پاشان دەستی بەدەرچوون كردۆتەوە. جارێكی تر وەستاوەتەوەو پاشان دەستی بەدەرچوونكردۆتەوە. بەگشتی دەكرێت تەمەنی ئەم پاشكۆیە بەسەر چوار قۆناغدا دابەشبكرێت. لەخوولی یەكەم و دووەم و سێیەمدا 174ی ژمارەی لێدەرچووە. لەخوولی چوارەم رۆژی 30/3/2000 بە 8 لاپەڕەی سەربەخۆ دەرچۆتەوەو ژمارە 175 یپێدراوەو تائێستاش بەردەوامە. بەڵام ئێستا (2015) چوار لاپەڕەیە.
سەرپەرشتیاری ئەم پاشكۆیە لە هەولێر، سەعدوڵڵا پەرۆش بووەو دوای ئەوەی رۆژنامەكە چۆتە سلێمانی، شیرین.ك بـۆتە سەرپەرشتیار، پاشان سیامەند هـادی و مەریوان مەسعود سەرپەرشتیاری پاشكۆی ئەدەب و هونەر بوون. ئێستاش راستەوخۆ لەلایەن محەمەد كەریم كە هاوكات سەرنووسەریشە سەرپەرشتی دەكرێت.
ستادیۆم
سەرەتا وەك پڕۆڤەیەك، بۆدەركردنی پاشكۆیەكی هەفتانە، رۆژنامەی كوردستانی نوێ، (3) ژمارەی تایبەتی پاشكۆی (ستادیۆمی پەروەردە)ی دەركردووە كە تایبەت بوو بەخولە وەرزشییەكانی نێوان هەڵبژاردەكانی پەروەردەی هەرێم. ئەو (3) ژمارەیەش، بەم شێوەیە بڵاوكـــراوەتەوە: رۆژی (16/3/2002) ژمارە یەك. رۆژی (30/3/2002) ژمارە دوو رۆژی (1/5/2002) ژمارە سێ.
دواتر رۆژی (21/7/2002) یەكەم ژمارەی وەك پاشكۆیەكی هەفتانە بڵاوكرایەوەو (29) ژمارەی بە قەبارەی (A4) لێدەركرا، دوا ژمارەی لەڕۆژی (18/2/2003)دابوو، بەهۆی هاتنە پێشەوەی پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە وەستێنرا.
پاشان هەر بەهەفتانە درێژە بەدەركردنی پاشكۆكە درایەوەو رۆژی (15/6/2005) ژمارە (30)ی لێدەركرا، ڕۆژی (22/5/2007)، ژمارە (75) ی لێدەركراوە.
لەژمارە (76)داو لەڕۆژی (1/6/2006)دا كراوە بەڕۆژانەو تا (31-3-2014) بەردەوام بووە. ستافەكەی پێكهاتبوون لەسەرپەرشتیار: ئیسماعیل مەحمود، جێگری سەرپەرشتیار: سەنگەر زرار، بەڵام پاشان تەنیا ناوی ئیسماعیل مەحمود وەك سەرپەرشتیار لەسەر پاشكۆكە مایەوە. لە (1-6-2014) بووە بەدوو لاپەڕە لەناو كوردستانی نوێ-دا واتە لاپەڕە (12-13).
كەشتی نوح
پاشكۆیەكی هەفتانەی تایبەتە بەبوارەكانی زانست و زانیاری نوێ، ژمارەی یەكەمی لەڕۆژی 11/10/2011 دەرچووە 4 لاپەڕە بووە. سەرپەرشتیارانی: هێرۆ جەزا، تارا شێخ عوسمان بوون. لەمانگی (3)ی 2014 ەوە وەستاوە. ماوەیەن بەهاوبەشی لەگەڵ پاشكۆی خێزاندا لاپەڕە 14ی كوردستانی نوێی پێدراوە، جارێكیتر لە ساڵی 2017ەوە بووەتەوە بە پاشكۆیەكی سەربەخۆ و بابەتە زانستی و كۆمەڵایەتییەكانی لەخۆگرتووە و لەلایەن ئالان رەئوف-ەوە سەرپەرشتی دەكرێت و بەردەوامە لە دەرچوون.
رەوتەكان
ئەم پاشكۆیە لە ساڵانی 2013-2015 قۆناغی یەكەمی دەرچووە كە لەشكر حەمە ساڵح سەرپەرشتیی كردووەو گرنگیی بە راپۆرت و بابەت و دۆسێ گەرمە نێودەوڵەتییەكان داوە، بەڵام لە 2015 بۆ 2017 وەستاوەو لە ساڵی 2017-ەوە بە هەفتەی دووجار بە قەبارەی چوار لاپەڕە دەستیپێكردووەتەوە و ئێستاش هەفتانە یەك جار دەردەچێت و لەلایەن ئیدریس جەبار-ەوە سەرپەرشتیی دەكرێت.
گوندستان
پاشكۆیەكی هەفتانەی كوردستانی نوێیەو بایەخ بە ژیانی لادێ و كەلەپورو رەسەنایەتی كوردەواری دەدات و هەر لەسەرەتای دەرچوونییەوە لەلایەن ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد سەرپەرشتی دەكرێت.
تابلۆ:
پاشكۆیەكی هونەرییە، تایبەتمەندە بە هەموو هونەرەكانی شێوەكاری و هەفتانە دەردەچێت و دیزاینێكی تایبەتی هەیەو لەلایەن هونەرمەند بەختیار سەعید-ەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
زنجیرەی كتێبە چاپكراوەكانی كوردستانی نوێ
رۆژنامەی كوردستانی نوێ هەر لەگەڵ ساڵی یەكەمی دەرچوونیدا دەستی بەچاپكردن و دەركردنی كتێب و نامیلكە كردووە. یەكەمین كتێب كە چاپیكردبێت، راپۆرتی سیاسی بوو، كە هەڤاڵ مام جەلال لەكۆنگرەی گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا ساڵی 1992 پێشكەش بە ئەندامانی كۆنگرەی كرد. دووەم كتێب، نامیلكەیەك بوو لەنووسینی مام جەلال كە بانگەوازێك بوو بۆ حزب و دەستەو رێكخراوو گروپە چەپەكان بۆ یەكگرتنەوەیان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، و ئەو كاروانەی كوردستانی نوێ لە چاپكردنی كتێب بەردەوامەو تا ئێستا دەیان كتێبی چاپ و بڵاوكردۆتەوە.
ساڵۆنی كوردستانی نوێ
ئەم ساڵۆنە بریتییە لە هۆڵێكی رازاوە بە كەلوپەلی كوردەواری و تایبەتمەندكراوە، بۆ ئەو كۆڕو سیمینارانەی كوردستانی نوێ رێكیان دەخات، یان رووناكبیران رێكی دەخەن و ساڵۆنی كوردستانی نوێ هاوكارییان دەكات و بەردەوامە لە چالاكی.