قوباد تاڵەبانی: پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە لە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان دووربخرێتەوە

08:09 - 2023-08-14
کوردستان
349 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ وەفدێکی باڵای هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کۆبۆوە


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ژەنەراڵ ماتیۆ ماکفارلین و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێگەی بایەخی هەردوولا، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێکران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەمە 14ی ئابی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەکە لە لیوا روکن بەختیار، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەیبوون، بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی وەک فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا، قوباد تاڵەبانی ستایشی ژەنەراڵ ماتیۆ ماکفارلینی کرد کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا رۆڵی گرنگی هەبووە لە دروستکردنی هەماهەنگی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا کە ژەنەرال جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی نوێی هاوپەیمانانیش ئامادەی بوو، جێگری سەرۆک وەزیران بەبۆنەی دەستبەکاربوونی پیرۆزبایی لێکرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا هەماهەنگی زیاتر و بەهێزتر لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنێتی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغی پڕۆژەی چاکسازی بەو شێوەیەی کە پلانی بۆ دانراوە.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە بە دوور بخرێتەوە لە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان و بەرپرسانی وەزارەت دەبێت لەپێناوی جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی و دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیی راهێنراو بە شێوەیەکی پیشەیی و بەدوور لە ململانێی سیاسی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
 
لە لایەن خۆشیانەوە وەفدی باڵای هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا دووپاتیانکردەوە کە بەردەوام دەبن لە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و جەختیشیان کردەوە لەسەر بەردەوامبوونی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاستی هەماهەنگی و هاوکارییەکان خێراتر و بەهێزتر دەکات.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان