کورتەچـیرۆک

بێ ناز

10:30 - 2023-08-24
ئەدەب و هونەر
381 جار خوێندراوەتەوە

ژاڵه‌ سه‌فییاری

چاوی له‌ گوڵه‌كانی قاڵییه‌كه‌ بوو، ته‌نیایی توره‌نجی له‌ ده‌ورانده‌وری ئه‌م قاڵییه‌دا ده‌دی كه‌ هاواری ده‌كرد، نه‌خشی گوڵسانێ كه‌ به‌تانوپۆی قاڵی بڵاوببوونه‌وه‌ و باڵای شكاوه‌ی داربییه‌ك كه‌ پرچه‌كانی ناته‌واو دایپۆشیبوو. سێبه‌ری خۆی به‌سه‌ر قاڵییه‌كه‌وه‌ چاولێكرد، كز له‌ سووچێكی قاڵی دانیشتبوو و سترانێ له‌ سینه‌ی ئه‌و تانوپۆیه‌دا رۆحی ده‌لاوانده‌وه‌، بڕیار بوو ئه‌م قاڵییه‌ بۆ ماڵی خۆی ته‌واو بكات، بڕیاربوو به‌ده‌ستی دڵدار بخرێته‌ خوار و تۆزی پێی بگرێ...
لای ئێواره‌ بوو، دار مێوه‌كه‌ سێبه‌ری خستبۆ حه‌وشه‌وه‌، چۆله‌كه‌كان خۆیان له‌ ئامێزی دار حه‌شار دابوو كه‌ هه‌موو ته‌مه‌نایانی له‌و گه‌رمایه‌دا وه‌دی هێنابوو، خۆرێكی خۆش خۆی خزاندبووه‌ ناو ژووره‌كه‌وه‌ و دایكی له‌به‌ری راكشابوو، هێنده‌ نه‌بوو له‌ بازار هاتبووه‌وه‌، چووبوو بۆكڕینی كه‌لوپه‌لی شایی، شاییه‌كه‌ دڵداری تێدا نییه‌ و له‌بری پاره‌ ده‌بێ بڕوا، له‌بری خانوو، له‌بری بنه‌ماڵه‌...
له‌وه‌ته‌ی هاتووه‌ته‌وه‌ و به‌ده‌م قاڵی كردنه‌وه‌ ده‌گریا، وچانێكی ده‌دا و دیسان به‌رده‌وام ده‌بوو، خوشكه‌كه‌ی به‌ چا و شیرینییه‌وه‌ هات و وتی وه‌ره‌ خوار تاوێ، دوای وچان و چایی خواردنێ كه‌ ئێشی ددانی زیاتر كردبوو، چووه‌وه‌ سه‌ر قاڵی، له‌و پلیكانه‌ دارانه‌ سه‌ركه‌وت و به‌ ئه‌سپایی دانیشت كه‌ دایك و باوكی رانه‌چڵه‌كێن، خوشكه‌ چكۆله‌كه‌ی به‌هێواشێ گوتی:
-ده‌ی چ ده‌بێ ئێمه‌ش كه‌مێك راكشێین؟
وه‌ڵامێ نه‌هات و به‌ قه‌ڵسی قولابه‌كه‌ی كرد به‌ یه‌خه‌ی قاڵییه‌كه‌دا و گوتی: 
-تۆ ده‌ڕۆی من ده‌بێ چ بكه‌م...
نازێ هاته‌ خوارێ دیسان چه‌ند هه‌نگاوێ له‌ قاڵی دووركه‌وته‌وه‌، چاوێكی له‌ باوكی بوو، ده‌ترسا بڵێ ددانم دێشێ، له‌به‌ر كه‌واكه‌ی دایكی كه‌ خه‌وی لێكه‌وتبوو و شیشی قاڵی له‌نێو ده‌ستیدا بوو، وه‌ك بڵێی ئاماده‌یه‌ بۆ هێرشێكی قورس، چاوی بڕیبووه‌ شیشه‌كه‌ و ئێشی ددانی زیاتر بوو، تا مێشكی تیری ده‌كێشا، هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی هه‌ڵكێشا، شیشی قاڵی بۆنی جه‌سته‌ی ئه‌وی لێوه‌ ده‌هات له‌و كاتانه‌ی به‌ده‌م وه‌نه‌وزه‌وه‌ نه‌ده‌بوا راوه‌ستێ...
به‌ ئه‌سپایی مێخه‌كێكی لێكرده‌وه‌ و نایه‌ سه‌رددانی و لووتی سڕی و  رۆیشته‌وه‌ سه‌ر قاڵییه‌كه‌، به‌ تووڕه‌یی پرچی ره‌نگه‌كانی ده‌كێشا و ده‌یدا له‌به‌رۆكی دار، خه‌م و ئێش دایگرتبوو، ده‌ستوبردی كرد، ده‌فه‌كه‌ی توند ده‌كوتا به‌ سینه‌ی داردا...
خوشكه‌كه‌ی چاوێكی له‌ ئاسمانه‌، كه‌ی ده‌ست به‌رداری زه‌وی ده‌بێ، سێبه‌ری دارمێو كورت ببووه‌وه‌، به‌ڵام رۆژ ده‌ڵێی ماندووتر له‌ هه‌مووكاته‌ و بڕیاری ماڵئاوایی نادا...
نازێ چاوێكی له‌ گۆڵه‌كه‌ی ناو قاڵییه‌كه‌ كرد، دوێنێ له‌به‌ر ئازاری ددانی زۆر دڵی نه‌دابووه‌ كار، ملی گوڵ گێڕبوو و ئه‌وڕۆ به‌و هه‌موو ئێشه‌وه‌ پیان هه‌ڵوه‌شاندبووه‌وه‌، خوشكه‌كه‌ی پێی گوتبوو هه‌ورێشم جیاوازه‌ و گوێی نه‌دابوویه‌، لای گرنگ نه‌بوو...  هاوكات ترسابوون باوكیان بیبیستێ به‌ڵام ئه‌وڕۆش هه‌ورێشم كه‌م هاتووه‌... به‌ ئه‌سپایی بانگی دایكی داكات و پێی ده‌ڵێ. 
دایكی، وریا و نیوه‌ وریا كێشای به‌ رانیدا و به‌ ده‌نگێكی تۆزێك به‌رز وتی: 
-ده‌ی چ بكه‌م ئێسته‌ ده‌توانن رۆژێ بێ قڕه‌ بمهێڵن...
باوكیان ئاگای لێبوو، وه‌ده‌نگ هات.
-  ره‌نگ ره‌نگه‌ زووبه‌ ته‌واویكه‌ ئاخر حه‌فته‌ بڕیاریان داوه‌ بۆ شایی...
نازێ گوتی: 
-ئاخر وا نابێ خۆ خراپ ده‌بێ.
-  تۆ زوو ته‌واویكه‌ بیساوم به‌برینێكمدا گوێ مه‌ده‌ ئه‌وانه‌، شیروایی به‌شی چی ده‌كات، خانووه‌كه‌یان پێ به‌خشیوم له‌بری تۆ چه‌تیو، حاڵی نابی نا...؟
سه‌ری كردووته‌ ناو نه‌خشه‌ی قاڵییه‌كه‌ و به‌و سێڵاوه‌ی به‌چاویدا ده‌هات له‌چكی له‌سه‌ر توره‌نج لاده‌دا و له‌ ته‌نیاییه‌كه‌ی ده‌یڕوانی كه‌ چیتر له‌ ئامێزیدا جێی نه‌ده‌بووه‌وه‌، له‌پڕ قولاب چوو به‌ قامكیدا و چه‌ند دڵۆپه‌ خوێن رژایه‌ سه‌ر قاڵییه‌كه‌، خوشكه‌كه‌ی زوو په‌ڕۆی هێنا بیبه‌ستێ، خۆی  وشك ببوو، له‌بر خۆیه‌وه‌ به‌ هه‌نسكه‌وه‌ گوتی: من چی له‌ دڵی ره‌ق هه‌ڵاتووم بكه‌م...

بابەتە پەیوەندیدارەکان