فنلەندا بڕیاریدا

12:12 - 2022-05-16
جیهان
484 جار خوێندراوەتەوە

حكومەتی فنلەندا بڕیاریدا داواكاریی ئەندامێتی لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) پێشكەش بكات.
سانا مارین سەرۆك وەزیرانی فنلەندا رایگەیاندووە: بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حكومەت ‌و سولی نینیستۆ سەرۆكی وڵات،  گەیشتوونەتە بڕیارێك تا لە چەند رۆژی داهاتوودا داواكاریی ئەندامێتیی وڵاتەكەیان لە ناتۆ، پێشكەش بكەن.
بڕیاریشە پەرلەمانی فنلەندا كە 200 پەرلەمانتار لەخۆدەگرێت، لەو بارەیەوە كۆببێتەوە ‌و بڕیارەكە تاوتوێ بكات. لە كاتێكدا هەموویان پشتیوانی وڵاتەكەیان دەكەن بۆ بە ئەندامبوون لە ناتۆ.
ئەو هەنگاوەی فنلەندا لە كاتێكدایە، كە لە دوو رۆژی رابردوودا كۆشكی كریملین لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا جەختیكردۆتەوە، كە كۆتاییهێنان بە سیاسەتی بێلایەنیی سەربازی هێلسنكی، هەڵەیەكی سیاسییە، چونكە هیچ هەڕەشەیەك لەسەر ئاسایشی ئەو وڵاتە نییە.
سەرۆكی روسیا ئاماژەی بەوەشكردبوو، سووربوونی فنلەندا لەسەر بە ئەندامبوون لە ناتۆ، زیان بە پەیوەندییەكانی نێوان مۆسكۆ ‌و هیلسنكی دەگەیەنێت، كە ساڵانێكی زۆرە لەسەر بنەمای دراوسێیەتی ‌و رێز بنیاتنراوە.
فنلەندا كە 1300 كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ روسیا هەیە، ماوەی نزیكەی 75 ساڵە سیاسەتی بێلایەنی هەڵبژاردووە، بەڵام لە دوای هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا لە 24ی شوباتی رابردوو، هەڵوێستی بەرپرسان ‌و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە گۆرانكاری بەسەردا هات ‌و هەوڵەكانی بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ خستۆتەگەڕ.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان