حوزەیران، تەمموز، ئابی ئەمساڵ گەرمترین هاوینی تۆمارکراو بووە بەجیاوازییەکی زۆر

08:26 - 2023-09-08
جیهان
360 جار خوێندراوەتەوە

ئاراس جەبار


بەگوێرەی تۆماری داتاکانی ERA5، مانگی ئابی ئەمساڵ دووەم گەرمترین مانگە دوای تەمموزی 2023 ھەروەھا پلەی گەرمی رووی دەریای جیهانی (SST) بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوە، ئەنتارکتیکا کەمترین ئاستی سەهۆڵی دەریایی بەخۆیەوە بینی بۆ ئەم کاتەی ساڵ، بەمشێوەیەش (حوزەیران، تەمموز، ئاب)ی ئەمساڵ گەرمترین هاوینی تۆمارکراو بووە بە جیاوازییەکی زۆر، بەپێی دوایین پۆلێنی مانگانەی خزمەتگوزاری گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆس (C3S).

ناوەندی پلەی گەرمی هەوای رووی زەوی لە ماوەی مانگی ئابی 2023 دا 16.82 پلەی سەدی بووە، 0.71 پلەی سەدی گەرمتر بووە لە تێکڕای ساڵی 1991-2020 بۆ مانگی ئاب و 0.31 پلەی سەدی گەرمتر بووە لە پلەی گەرمی پێشووی مانگی ئابی ساڵی 2016.

زۆرێک لە ناوچەکانی نیوەگۆی باکوور شەپۆلی گەرمایان تۆمارکردووە، بەڵام هەندێک ناوچەی نیوەگۆی باشووریش پلەی گەرمی زۆر لە سەرووی مامناوەندیان لەم زستانەدا بەخۆیەوە بینیوە، لە نێویاندا ئوسترالیا و بەشێک لە ئەمریکای باشوور و ئەنتارکتیکا.

پلەی گەرمی بەرزی ڕووی دەریا لە زۆرێک لە ناوچەکانی زەریای جیهانیدا بەدیکرا، لە کاتێکدا بارودۆخی ئێڵ نینیۆ بەردەوامە لە پەرەسەندن.

لە گرافیکی هاوپێچدا
مامناوەندی پلەی گەرمی هەوای رووی جیهانی بۆ 30 گەرمترین مانگ لە ماوەی نێوان 1940 بۆ 2023 لە نزمترینەوە بۆ بەرزترین پلەی گەرمی رێکخراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان