بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیکرد لە سەتام جەدعان ئەلدندح، باڵیۆزی سوریا لە عیراق.
لە دیدارەکەدا گەشەپێدانی پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان یەکێتی، هەرێمی کوردستان و سوریا جەختیلێکرایەوە، دۆخی گشتیی عیراق و ناوچەکە و بەردەوامیی هەوڵەکان بەئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیری گفتوگۆی لەبارەوەکرا.
لەبارەی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، فراوانکردنی هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەکان فاکتەرێکی گرنگی سەرکەوتنی هەوڵەکانە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستان.
سەبارەت بە دۆخی سوریا و دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان سەرۆک بافڵ وتی، چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن تەنیا رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوونە بەسەر ئاڵنگارییەکاندا، لەپێناوی بەدیهێنانی ئەو ئامانجەشدا ئێمە هاوکار و پشتیوان دەبین.
لە بەرامبەردا باڵیۆزی سوریا لە عیراق ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی سەرۆک مام جەلال کرد لە دانانی بناغەی پەیوەندیی مێژوویی نێوان سوریا و هەرێم و رایگەیاند، هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال لەیادناکەین و بەڕێزەوە یادی دەکەینەوە. بێگومان دەبێت بە هەمان رێڕەوی سەرۆک مام جەلالدا هەنگاوبنێین و پەیوەندییەکانمان بەرفراوانتر و هەماهەنگییەکانمان زیاتر بکرێن.