عوسمان هەورامی كەسایەتیی گەورەی رووناكبیریی كوردستان، لەرشتەكانی ئەدەب و پەروەردەدا خزمەتێكی زۆری بەگەل و نیشتمانەكەی كرد و شوێن پەنجەی رەنگینی دیارە و بەشانازییەوە لە لاپەڕە درەوشاوەكانی مێژووی كوردستاندا تۆمار دەكرێت.
عوسمان محەمەد ساڵح فەرەج ناوی تەواوی ئەو كەسایەتییە مەزنەیە و بە عوسمان محەمەد هەورامی ناسراوە.ساڵی 1938 لە شارۆچكەی تەوێڵە لەدایكبووە. قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواو كردووە.
خوێندكارێكی زیرەك بووە، ساڵی 1958 لە بەشی كوردیی كۆلیجی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی هەژاری و نەدارییەوە نەیتوانیوە لەو كۆلیجە بخوێنێت.
بەناچاری بەشداری خولێكی شەش مانگی مامۆستایی لە سلێمانی كردووە. ئیدی بووە بە مامۆستا و ساڵانێكی دوور و درێژ خزمەتی بە خوێندكارانی كوردستان كردووە و بەگیانی كوردپەروەری گۆش و پەروەردەی كردوون.
مامۆستا عوسمان هەر لە سەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای ئەدەب بووە و لە چەند رشتەیەكی جیاوازدا خزمەتی كردووە.
مامۆستا عوسمان بایەخێكی زۆری بەئەدەبی مناڵان داوە، لە بوارەكانی شیعر و چیرۆك و ئۆپەریت و شانۆی مناڵاندا، خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازەیە و بە وشە شیرین و پاراوەكانی خزمەتێكی فرەی بە جگەر كۆشەكان كردووە و بەرهەمەكانی وێردی سەر زمانی مناڵان بووە.
مامۆستا عوسمان خاوەنی چەندین دەقی شیعری جوانی پەروەردەییە، كە لە دووتوێی چەندین كتێبدا چاپكراون و دیدە و مێشكی مناڵانی كوردستانی رۆشن كردۆتەوە. لەوانە: (شاهۆ، خونچە گوڵ، مناڵ و گوڵ، چاوانی باوان، شنەی شادی، لالەزار، گەشە، رۆشنایی، چریكە، باخەوانی جوان، ئاسۆی گەش). چەندین شانۆگەری و ئۆپەرێتیشی بۆ مناڵان نووسیوە، لەوانە(جیهانە جوانەكەمان، كڵپەی بابە گڕ گڕ).
مامۆستا عوسمان هەورامی خولیایەكی دیكەشی هەبوو، ئەویش بایەخدان بووە بەدیوانی شاعیران، لەو بوارەدا شیعر و بەرهەمەكانی چەندین شاعیری كۆكردۆتەوە و ساغی كردونەتەوە و بژاری كردوون و پەراوێزی بۆ نووسیون و لە چاپی داون و بڵاوی كردونەتەوە. لەوانە (دیوانی صەیدی هەورامی، دیوانی وەلی دێوانە، دیوانی سەودایی، كەشكۆڵی حاجی مەحمودی یاروەیس، دیوانی حاجی باقی بەنگینە).
مامۆستا هەورامی كاری پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی بۆ دەیان دیوانی شاعیران و كتێبی دیكەی لە رشتە جیا جیاكاندا كردووە. وەرگێڕێكی باشو بەسەلیقەش بووە، چەندین كتێبی بۆ سەر زمانی شیرینی كوردی وەرگێڕاوە.
مامۆستا عوسمان، شارەزایی زۆری لە زمانی كوردیدا هەبووە، خاوەنی فەرهەنگی تەقییە، كە فەرهەنگێكی دەوڵەمەندی كوردی- كوردییە و لەگەڵ لیژنەیەكدا نووسیویەتی. بەحوكمی شارەزاییشی لە زمان و رێنووسدا، سەرپەرشتی رێكخستن و داڕشتنی چەندین كتێبی پڕۆگرامەكانی خوێندنی كردووە.
پاش خزمەتێكی زۆر بە كایەكانی ئەدەب و پەروەردە و خوێندن، رۆژی 15ی تشرینی یەكەمی 2020، مامۆستا عوسمان هەورامی بەڤایرۆسی نەگریسی كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد و چووە ریزی سەروەرانی نیشتمانەوە.
دروود بۆ رۆحی پاك و بێگەردی مامۆستا عوسمان هەورامی، ئەو پیاوەی لە كوێستانەكانی هەورامانەوە وەك چرایەك داگیرسا و بە بەرهەمەكانی هەموو كوردستانی رۆشنكردەوە.