یادی 57 ساڵەی كردنەوەی یاریگای شەعب

09:42 - 2023-11-07
وەرزش
172 جار خوێندراوەتەوە

ڕێناس زەنگەنە


ڕۆژی (6/11/1966) بە ڕۆژێكی مێژوویی دادنرێت لەكاروانی وەرزشی عێراقدا بەوەی لەو ڕۆژەدا و بە ئامادەبوونی سەرۆك كۆماری عێراقی ئەوکاتە و زیاتر لە 40 هەزار هاندەر بە یاری دۆستانەی نێوان هەڵبژاردەی بەغدا و یانەی بەنفیكای پورتوگالی، بە رەسمی یاریگای نێودەوڵەتی شەعب لە شاری بەغدا كرایەوە . 
حەسەن ڕەسوڵ (ئەبو فیراس ) یاریزان و ڕاهێنەری ناسراوی شاری كفری لە ڕۆژی كردنەوەی یاریگای شەعبی نێودەوڵەتی ئامادە بووە، لەو رووەوە بە ستادیۆمی ووت؛  ساڵی 1966 من لە شاری بەغدا ڕاهێنەری یانەی (التموین والنقل) بووم كە یەكێك بوو لە یانەكانی خولی عیراقی ئەوکاتە، بۆ مەراسیمی كردنەوەی یاریگاکە بانگهێشنامەی تایبەت بۆ سەرجەم ڕاهێنەرە عێراقییەكان چووبوو تا ئامادەی یارییەکە ببن، ئێمە سەعات و نیوێ‌ بەر لە دەستپێكردنی یارییەکە چووینە شوێنی دیاریكراوی خۆمان، 40 هەزار هاندەر ئامادەی بینینی یارییەکە بوون.
ئەبو فیراس جۆش وخرۆشی 40 هەزار هاندەری عێراقی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە یانەی بەنفیكا و بە تایبەت یاریزان (ئۆزیبیۆ) لەگەڵ یانەی بەنفیکا هاتبوو، ئەوخاوەنی ناو و ناوبانگێكی جیهانی گەورە بوو، بە تایبەت پاش مۆندیالی 1966 - ئینگلتەرا لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال پلەی سێیەمیان بەدەستهێنابوو، ئۆزیبۆش بە تۆماركردنی
(9 گۆڵ) گۆڵکاری ئەو مۆندیالە بوو، بۆیە خەڵكی بەغدا چاوەڕێی ئەو ڕۆژە بوون تا چانسی ئەوەیان هەبێت شوێنیكیان بەركەوێت و لە یاریگادا و ئەو ببینن.
ئەبو فیراس باسی ساتەكانی پێش یارییەكەشی کردو ووتی؛ ئەو ڕۆژە لە (ساحەی ئەلمەیدان ) بە سەدان تاكسی و ئۆتۆمبێل و پاسی جۆراوجۆر خەڵكیان دەگوازتەوە بۆ یاریگای شەعب، ڕێگاوبان جمەیان دەهات لە خەڵك و ئۆتۆمبێل، تەنانەت بەشێكی زۆر لە خەڵكی نانی نیوەڕیان لە دەرەوەی یاریگا دەخوارد تا ترسی لەدەستدانی شوێنەكانیان نەبێت لەیاریگاکەدا.
لە كۆتاییدا ستادیۆم پرسیاری ئەوی لە ئەبو فیراس کرد؛ ئایا دوای 57 ساڵ لەو ڕوداوە وەرزشییە، ناوی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقی لە بیر ماوە كە بەشداریی ئەو یرییەیان کرد؟، لەوەڵامدا ئەبو فیراس وتی : بەڵی باش لەبیرمە، گۆڵپارێز (حامید فەوزی)  بوو، یاریزانەکان (حسن بەللە، جەبار رشەك، حسێن هاشم، صاحب خەزعەل، شدراك یوسف، باسم مەهدی، گۆرگیس اسماعیل، قەیس حەمید، ئەلبرت خۆشابا، قاسم مەحمود)  یاریزان قاسم مەحمود خاوەنی یەكەم گۆڵی عێراق بوو لە دەقیقەی  55 دا،  لە گێمی دووەمدا و بەر لە كۆتایی یارییەكە بە چەند دەقیقەیەک، ئۆزیبیۆ گۆڵی دووەمی بۆ یانەی بەنفیكا تۆمار كرد و 2-1 یارییەکەیان بردەوە.
 دوای تەواو بوونی یارییەكەش خەڵكێكی زۆر رژانە ناو یاریگا و وێنەیان لەگەڵ یاریزانان دەگرت بە تایبەت ئۆزیبیۆ تەنانەت تا كاتێكی درەنگ خەڵك لە نێو یاریگادا مانەوە بۆ بینینی یاریزانانی یانەی بەنفیكا .

حەسەن رەسوڵ: تاكە راهێنەری كورد بوو  ئامادەی كردنەوەی یاریگاکە بوو

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان