یەكێتی، بە لیست و هاوپەیمانییەكانی دژی گەندەڵی دەوەستێتەوە

11:38 - 2023-11-07
کوردستان
451 جار خوێندراوەتەوە

لە بەرنامە و پڕ‌ۆگرامی لیست و هاوپەیمانییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا لە ناوچە جێناكۆكەكان تەئكید لە بنبڕ‌كردنی گەندەڵی و سەروەریی یاسا دەكرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش كاندیدەكانی راسپاردووە بۆ بەرژەوەندیی خەڵك تێبكۆشن و دژی گەندەڵكاران بوەستنەوە.

كاندیدانی یەكێتی هەوڵی بنبڕ‌كردنی گەندەڵی دەدەن
دەروێش بیسۆ عەلی خەڵەف كاندیدی ژمارە ٤ی یەكێتی لە هاوپەیمانیی خەڵكی نەینەوا، لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاندووە: «وەك كاندیدانی یەكێتی بەڵێن دەدەین ئەگەر چووینە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، هەوڵی بنبڕ‌كردنی گەندەڵی بدەین، كە باڵی بەسەر زۆربەی سێكتەرەكانی ئیدارەی پارێزگای نەینەوادا كێشاوە، ئەگەر زۆرترین كاندیدمان چوونە ئەنجومەنی پارێزگاكە، دەتوانین رووبەڕ‌ووی گەندەڵی و گەندەڵكاران ببینەوە و رووبەڕ‌ووی یاسایان بكەینەوە».

یەكێتی، رێگری لە گەندەڵی و جیاكاری لە كەركوكدا دەكات
نەبوونی چاودێری بەسەر چۆنێتی بەڕ‌ێوەبردنی پارێزگای كەركوكەوە، وایكردووە جیاكاری و گەندەڵیی ئاشكرا لە بەڕ‌ێوەبردندا بكرێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش دەیەوێت ئەنجومەنی پارێزگاكە بكاتە چاودێر و لەو رێگەیەوە رێگری لە گەندەڵی بكات.
د.حازم هەمەوەندی كاندیدی ژمارە ٢٥ی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIA دەڵێت: «بەهۆی نەبوونی لیژنەیەكی چاودێری بەسەر كاروبارەكانی ئیدارەی پارێزگای كەركوكەوە، لە زۆربەی جومگەكانی بەڕ‌ێوەبردنی ناوخۆییدا گەندەڵی هەیە، بۆیە ئێمە هەوڵدەدەین ئەنجومەنی پارێزگاكە بكەینە چاودێرێكی جدی بەسەر كاروبارە ئیدارییەكانەوە». وتیشی: «بە دەرچوونی زۆرترین كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رێگری لە گەندەڵی دەكەین و لە ئەنجومەنی پارێزگاكەوە رووبەڕ‌ووی گەندەڵكاران دەبینەوە و شەفافیەت دەكەینە پێوەری كارەكان».

یەكێتی، ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دەكاتە چاودێر
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیالەش بنبڕ‌كردن و روبەڕ‌وبوونەوەی گەندەڵی و خزمەت و شەفافییەتی كردۆتە بەرنامەی لیستەكەی بۆ هەڵبژاردن و دەیەوێت لەڕ‌ێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە چاودێرێكی جدی بێت بەسەر كاروبارە ئیدارییەكانی دیالەوە.
ئارام محەمەد كاندیدی ژمارە ١٤ی لیستی یەكێتی لە دیالە لە لێدوانێكیدا بۆ PUKMEDIA تەئكیددەكاتەوە كە «لە بەرنامەی لیستەكەماندا گرنگی زۆر بە بنبڕ‌كردنی گەندەڵی و روبەڕ‌وبوونەوەی گەندەڵكاران دراوە، لە دەرچوونی كاندیدەكانمان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، بەرنامەی لیستەكەمان جێبەجێدەكەین و خزمەت و شەفافییەت دەكەینە بنەمای كارەكانمان». ئەوەشی خستەڕوو كە «پارێزگای دیالە گەندەڵیی زۆری تێدایە، بۆیە بەپێویستی دەزانین هەوڵی بنبڕ‌كردنی ئەو دیاردەیە بدەین و لەڕ‌ێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە چاودێرێكی جدی دەبین لە بەڕ‌ێوەچوونی پڕ‌ۆژەكاندا».
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سۆنگەی هەستكردنی بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ناوچە جێناكۆكەكان و باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیانی ئەو سنوورە، دەیەوێت زۆرترین كاندیدی بنێرێتە ئەنجومەنی پارێزگاكان، تا بتوانێت لەو رێگەیەوە جیاكاری و گەندەڵی لە بەڕێوەبردندا نەهێڵێت و گەندەڵكاران رووبەڕووی دادگا بكاتەوە، هاوكات ئەنجومەنی پارێزگاكانیش بكاتە چاودێر بەسەر بەڕێوەچوونی كاروبارە ئیدارییەكانەوە. بۆ ئەو مەبەستەش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە كەركوك، هاوپەیمانی لەگەڵ حزبی شیوعی كوردستان بەناوی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە ژمارە ١٤٢ پێكهێناوە. لە نەینەوا هاوپەیمانیی خەڵكی نەینەوای لەگەڵ (حزب الرفعة الوطني) ژمارە ١٣٤ پێكهێناوە. هاوكات لە دیالە بە لیستی سەربەخۆ ژمارە ١٢٠، لە سەڵاحەدینیش بە لیستی جەماوەری نیشتمانی (الجماهیر الوطني) ژمارە ٢٢٦ و لە بەغداش بە كاندیدێكی كوردی فەیلی سەربەخۆ بە لیستی ژمارە ٢٠٤ بۆ بەدەستهێنانی كورسیی كۆتاكان، بەشداری هەڵبژاردنەكە دەكات.

PUKMEDIA

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان