ئیرەیی

ئاوێنەیە، ئاوێنەیە بە دیوارەوە

09:53 - 2023-11-14
ئابووری
159 جار خوێندراوەتەوە

رۆڵف دۆبێڵێ

لە فارسییەوە: محەمەد كەریم


(32) 


نووسەرێكی زمان زبری  ئەمریكی بەناوی گۆری ڤیداڵ (Gore Vidal) لە چاوپێكەوتنێكدا وتی: «كاتێك یەكێك لە هاوڕێكانم لە شتێكدا سەردەكەوێت، شتێك لە ناخمدا دەمرێت.» هەڵبەتە ئیرەیی لە زۆربەی مرۆڤەكاندا هەیە، بەڵام زۆرجار هەوڵدەدەن نكۆڵی لێ بكەن. تەنانەت هەندێ جار ئیرەیی سەراپای وجودمان دەگرێتەوە و بەسەرماندا زاڵ دەبێت. بەڕای من هەستی ئیرەیی یەكێكە لە ژەهراویترین و بێهوودەترین هەستەكان لە مرۆڤدا.
هەڵبەتە بێهوودەیی هەستی ئیرەیی مەسەلەیەك نییە كە بە تازەیی ئاشكرا بووبێت، تەنانەت فەیلەسوفانی كۆنی یۆنانیش لەم هەستە ئاگاداریان كردووینەتەوە. لە ئینجیلیشدا چیرۆكی زۆر سەبارەت بە ئیرەیی و ئەوەی دەتوانێت تا چەند وێرانكەر بێت هەیە، وەكو چیرۆكی هابیل و قابیل. چیرۆكی (بەفری سپی)ش باسی ئیرەیی شاژن دەكات و نیشانی دەدات ئەو چۆن بە شەڕانگێزی دەیەوێت بەفری سپی لەسەر رێی خۆی لابەرێت بۆ ئەوەی خۆی جوانترین ژنی دنیا بێت.

لە ئاژەڵیشدا هەیە
بێرتراند راسل خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ، باوەڕی وایە ئیرەیی سەرچاوەی دڵتەنگی و خەمۆكییە و ئاستی رازیبوونی تۆ لە ژیان بە شێوەیەكی هەستپێكراو كەم دەكاتەوە و زاڵبوون بەسەریدا بۆ بەدەستهێنانی ژیانێكی باش پێویستە. ئەگەر بتوانیت هەستی ئیرەیی لە خۆتدا كۆنترۆڵ بكەیت، دەبینیت لە ژیاندا تا چ رادەیەك پێشدەكەویت، بەڵام بەداخەوە لە رەگەوە هەڵكەندنی ئیرەیی لە وجودماندا ئێشێكی ئاسان نابێت.
ئیرەیی نەك تەنیا یەكێكە لە هەستەكانی مرۆڤ بەڵكو لە ئاژەڵیشدا وەكو غەریزە هەیە. ئەو ئەزموونەی كە فرانس دی واڵ (Frans de Waal) و سارا برۆسنان (Sarah Brosnan) لەسەر دوو مەیموونی كاپوچین (Capuchin) كردیان بە جوانی ئەم مەسەلەیە دەسەلمێنێت. ئەوان لە سەرەتادا بۆ ئیشێكی ئاسان یەكی خەیارێكیان دا بە مەیموونەكان. هەردوو مەیموونەكە خۆشحاڵ بوون و بێ هیچ ناڕەزاییەك خەیارەكەیان خوارد، بەڵام لە قۆناغی دواتردا خەیارێكیان دا بە مەیموونێكیان و ترێیان دا بەوی تر. كاتێك مەیموونی یەكەم بینی هاوڕێكەی بۆ هەمان ئیش لە جیاتی خەیار ترێی وەرگرتووە، تووڕە بوو، خەیارەكەی لە قەفەزەكەوە فڕێدایە دەرەوە و ئیتر هاوكاری توێژەرەكانی نەكرد.

نەهەنگی سپی
لە راستیدا ئەو مەسەلەیە زۆر سەرنجڕاكێشە كە هەرچەندە زیاتر خۆمان بە كەسانی دی بەراورد بكەین، هەستی ئیرەییمان زیاتر بەهێز دەبێت و لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە ئێمە ئیرەیی بە كەسانێك دەبەین كە لە رووی تەمەن و دۆخی ئیش و دەوروبەر و شێوازی ژیانەوە لە خۆمان بچن. بۆ نموونە یاریكەرانی پڕۆفیشناڵی تێنس خۆیان لەگەڵ هاوتاكانیان بەراورد دەكەن و بەڕێوەبەرانی سەركەوتووش بەهەمان شێوە. نووسەرانیش خۆیان لەگەڵ نووسەران بەراود دەكەن. بە دڵنیاییەوە تۆ هەرگیز خۆت لەگەڵ پاپا بەراورد ناكەیت، بۆیە بە هیچ شێوەیەك ئیرەیی پێنابەیت. هەروەها خۆت بە ئەسكەندەری مەكدۆنی و پاڵەوانانی چاخی بەردین بەراود ناكەیت، چونكە ئەوان لە چاخێكی تەواو جیاوازدا لە تۆ ژیاون، ئەم مەسەلەیە سەبارەت بە نەهەنگی سپی یان درەختێكی گەورەش راستە هەرچەندە ئەوانە بوونەوەری زۆر بەشكۆن، بەڵام سەرچاوەیەكی گونجاو نین بۆ جووڵاندنی هەستی ئیرەیی لەلای تۆ.

زانینی مووچەش هۆكارە
تەنیا رێگەچارە بۆ لەناوبردنی ئیرەیی ئەوەیە واز لە بەراوردكردنی خۆت بەكەسانی دی بهێنیت و چێژ لە ژیانێكی بێ كینە و ئیرەیی ببینیت. هەڵبەتە لەوانەیە وتنی ئەم قسەیە ئاسان بێت، بەڵام بە كردەوە ئەوەندە ئاسان نەبێت. هەندێك جار حەز ناكەیت خۆت لەگەڵ كەسانی تردا بەراورد بكەیت، بەڵام هەلومەرجێكت بۆ دێتە پێشەوە یان كەسانی دی رەفتارێك دەكەن كە بەرەو ئەو ئاراستەیەت دەبەن. بۆ نموونە لە زانكۆی كالیفۆرنیا یاسایەك هەیە كە بە پێی ئەو یاسایە دەبێت زانیارییەكانی بڕی مووچەی هەموو توێژەران بخرێتە بەرچاوی هەموان و لە وێب سایتی زانكۆ كەسەكان و توێژەران دەتوانن بڕی مووچەی ئەوانی دی ببینن. ئەگەر تۆ توێژەرێكی ئەو زانكۆیە بیت و مووچەكەت بەراورد بەوانی تر كەم بێت، بە ئەگەرێكی زۆرەوە هەست بە ناڕەزایی دەكەیت و هێندەی ئەو كاتەی كە بڕی مووچەی هاوكارانت نەدەزانی لە ئیشەكەی خۆت رازی نابیت، بە دەربڕینێكی دیكە شەفافیەت سەبارەت بە بڕی مووچە، تاڕادەیەك خۆشحاڵی و رەزامەندیی لەناو دەبات.

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان
سەرەڕای ئەوە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و راگەیاندنەكانیش دەبنە هۆی ئەوەی دەستبكەین بە بەراوردكردنی خۆمان لەگەڵ كەسانی تردا. حاڵی حازر ژمارەیەك لە توێژەران و خەڵك بە گشتی باوەڕیان وایە فەیسبووك دەبێتە سەرلێتێكدان و تووڕەبوونی بەكاربەرانی.
لە لێكۆڵینەوەیەكدا كە لەلایەن لێكۆڵەرانی زانكۆی هەمبۆڵت (Humboldt Univeresty)ەوە سەبارەت بە هۆكاری ئەم مەسەلەیە كراوە و لێكۆڵەران بەو ئەنجامە گەیشتوون بابەتەكانی فەیسبووك دەبێتە هۆی جووڵاندنی هەستی ئیرەیی لەناو بەكاربەرانیدا. لە راستیدا فەیسبووك بە شێوەیەك دیزاین كراوە كە دەبێتە هۆی ئەوەی كەسانی لەیەكچوو یەكتری بدۆزنەوە و دەستبكەن بە بەراوردكردنی بارودۆخی خۆیان و ژینگەیەكی لەباری بۆ دروستكردنی ناڕەزایی و ئیرەیی ئامادەكردووە. رێنمایی من ئەوەیە كە گوێ بە هەندێ بابەتی وەكو لایك و فۆڵووەری هاوڕێیان و غەیری ئەوان نەدەیت، چونكە بەراوردكردنی لایك و فۆڵووەری خۆت لەگەڵ كەسانی دی دەبێتە هۆی بێتاقەتی و خەمۆكیت. سەرەڕای ئەوەش سەرنج بدە زۆربەی ئەو رەسمانەی لە فەیسبووك ئەپلۆد دەكرێن دەربڕی ژیانی واقیعی و نۆرماڵی بەكاربەران نین و زۆریان وێنەی پڕ بریق و باقن بۆ خۆبادان بەسەر هاوڕێكانیاندا لە فەیسبووك دادەنێن و خۆیان باشتر لەوە پیشان دەدەن كە لە واقیعدا هەن.
ببە بە ئەندامی گروپی خۆبەخش
بە رای زۆر لە توێژەران هەتا ئێستا بەراوردكارییەكی ئاوا لەسەر ئاستێكی ئاوا فراوان نەكراوە، وێڕای ئەوەش لە هەندێ شوێندا، ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئیرەیی دەكەن بە ئەپیدیمێك و شێوازی ژیان جۆری جل لەبەركردن دەكەن بە مۆدە و بە شێوەیەك دەیدەن بە گوێی وەرگردا كە ئەگەر پەیڕەوی ئەو جۆرە مۆدەیە نەكات دەبێتە كەسێكی دواكەوتوو و دەركراو لە كۆمەڵگە. بەم پێیە بە رای من باشتر وایە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر كەم بكەیتەوە بۆ ئەوەی كەمتر خۆت بە كەسانی تر بەراود بكەیت. هەروەها خۆت لەو گروپانە بە دوور بگرە كە بەردەوام كردوویانە بە نەریت دۆخیان لەگەڵ كەسانی تر بەراورد دەكەن و لە گەمەی چاولێكەریی كەسانیتر دوور بكەوەرەوە.
كەواتە باشتر وایە لەگەڵ كەسانێكدا هەڵسوكەوت بكەیت كە لە رووی ئاستی كەلتوری و مادییەوە هاوشانی خۆت بن، ئەگەر دەوڵەمەند نیت مەبە بە ئەندامی یانەی دەوڵەمەندان. رەنگە وا باشتر بێت ببیتە ئەندامی خۆبەخشی گروپێكی ئاگركوژاندنەوە و بەوەی بەشداری ئیشی خێر و مەعنەوی دەكەیت خۆشحاڵ و رازی بیت.

ئوتومبێلی دراوسێكەت
لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئاگات لە هەڵەی تەركیز بێت كە لە بەشی (11)ی ئەم كتێبەدا باسم كرد. بۆ نموونە گریمان ئیرەیی بە دراوسێكەت دەبەیت، بۆچی ئەو ئوتومبیلێكی پۆرشی 911ی تۆربۆی جوانی بە میرات بۆ ماوەتەوە و پێی دەڵێت بەچكە پشیلەی زیوین و هەمیشە پاكی دەكاتەوە و تۆش دەتوانیت لە پەنجەرەی ژووری میوانەكەتانەوە بیبینیت، هەركاتێ ئیشی پێدەكات و گوێت لە دەنگی مەكینەكەی دەبێت، وەكو ئەوە وایە چەقۆیەكیان كردبێت بە دڵتدا. ئەمە لەبەرئەوەیە هەمیشە ژیانی دراوسێكەت لەگەڵ خۆت بەراورد دەكەیت. بە تایبەتی هەندێ لایەنی ژیانی ئەو لەبەرچاو دەگریت كە تەواو لەگەڵ ژیانی تۆدا جیاوازە. بۆ نموونە پۆرشەكەی ئەو لەگەڵ ئوتومبیلە كۆن و داغانەكەی خۆتدا بەراورد دەكەیت و بەمەش گرنگی ئوتومبێل لەگەڵ ئاستی رازیبوونت لە ژیان لەڕادەبەدەر تەسەور دەكەیت، پێت وایە دراوسێكەت زۆر خۆشحاڵتر و رازیترە لە تۆ، بەڵام ئەگەر بتەوێت بە شێوەیەكی گشتی سەیری ئەم مەسەلەیە بكەیت، تێدەگەیت هەبوونی ئوتومبیلی مۆدیل بەرز كەسی بەختەوەر نەكردووە و كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر ئاستی رازیبوون لە ژیان نییە. (لە بەشی 12 ئەم كتێبەدا بەتەواوی باسی ئەم بابەتەم كردووە.)

شێوازێك بۆ دووركەوتنەوە
بەم پێیە ئەگەر هۆشت لای هەڵەی تەركیز بێت دەتوانیت تا رادەیەكی زۆر لە شەڕی ئیرەیی بەدوور بیت و كاریگەرییەكەی كەم بكەیتەوە. هەمیشە ئەوەت لەیاد بێت ئەو شتانەی ئیرەیی تۆ دەجووڵێنن زۆر بێبایەخترن لەوەی تۆ بیری لێدەكەیتەوە.
بەهەرحاڵ ئەگەر هیچ كام لەو حاڵەتانەی سەرەوە سەبارەت بە تۆ بەكەڵك نەهات و هەروا هەستت كرد ئیرەیی لەلای تۆ هەر بەجۆشە باشتر وایە ئەم شێوازەی خوارەوە بەكاربهێنیت:
بە دەستی ئەنقەست خراپترین لایەنەكانی ژیانی تایبەتی كەسێك كە ئیرەیی پێدەبەیت بزانە و لە كاتێكدا تەسەوری بكە كە گیرۆدەی ئەو كێشانە بووە و لەناو گیروگرفتدا نغرۆ بووە. دڵنیابە ئەو تەسەورە بە زوویی حاڵت باش دەكات، هەڵبەتە ئەم رەفتارە لە رووی ئەخلاقییەوە زۆر پەسەند نییە، بەڵام لە هەندێ كاتدا چارەیەكت نییە و باشتر وایە پشت بەو شێوازە ببەستیت.

توانای بێدەنگی لە سەركەوتندا
لەوانەیە تۆش توانا و شتت هەبێت كە ئیرەیی كەسانیتر بجووڵێنێت. لەو حاڵەتەدا باشتر وایە ئەو توانا و شتانە دەرنەخەیت بۆ ئەوەی كەسانی دی لە گورزی ئیرەیی بپارێزیت. لە راستیدا قەناعەت باشترین سامانی تۆیە. ئەوەت لەبیر بێت، گرنگترین ململانێ كە سەركەوتنمان مسۆگەر دەكات توانای بێدەنگییە لە كاتی سەركەوتنەكانماندا، بەم پێیە ئەگەر بڕیارە لەبەرئەوەی خاوەنی شتێكیت هەست بە لووتبەرزی بكەیت باشتر وایە قەناعەت بەو شتە بكەیت كە ئێستا هەتە.
بە شێوەیەكی گشتی دەبێت بڵێم، هەمیشە یەكێك كە دراوسێتە، یان لەناو هاوڕێكانت و هاوپیشەكانتدا كەسێك هەیە لە تۆ باشترە، بەم پێیە باشتر وایە لەگەڵ ئەوەدا رابێیت و قبووڵی بكەیت، هەرچەندە بتوانیت هەستی ئیرەیی لەناو هەستەكانتدا بخەیتەلاوە زیاتر بەقازانجت دەبێت.

سەرچاوە:
كتێبی/ هنر خوب زیستن، ص177-182

مرۆڤ بە سەركەوتنی هاوتاكەی خۆی ئیرەیی دەبات

بابەتە پەیوەندیدارەکان