بەرهەمهێنانی پەینی سروشتی و بەکارهێنانی لە جیاتی کیمیایی

10:21 - 2023-11-15
ڕاپۆرت
609 جار خوێندراوەتەوە
بەرهەمهێنانی پەینی سروشتی و فرۆشتنەوەی لە بازاڕدا

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

ئێستا جووتیار و باخەوانان گەلێك پەینی كیمیایی جۆراوجۆر بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكان بەكاردەهێنن بە مەبەستی بەهێزبوون و زوو گەشەکردنی بەروبوومەکانیان و پاراستنی زەوییەکانیان لە مێرووە زیانبەخش و نەخۆشییە جۆراوجۆرە كشتوكاڵییەكان.
بەشێكی زۆری پەینە كیمیاییەکان لەپاڵ سوودەكانی زیانی جۆراوجۆریش بە ژینگە و ئاژەڵ و زەوییە كشتوكاڵییەكان دەگەیەنێت، هەروەها بەشێكی زۆر لە بنەتۆوی درەخت و گژوگیا كێوییەكان لەناو دەبات و زیانی لاوەكی و راستەوخۆ بەمرۆڤیش دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی پیسبوونی زەوی و خاك و ئاو.
ئێستا گروپ و دەستە جیاجیاكان هەوڵ دەدەن مرۆڤ لەگەڵ ژینگەدا ئاشت بكەنەوە و بایەخ بە گەڕانەوەی سروشت بدەن، بۆیە پەنادەبەنە بەر چاكکردنی کوالێتی زەوی لە رێگەی بەكارهێنەرەكانی سروشتەوە و دووبارە بەكارهێنانەوەی لە شێوەی جۆراوجۆردا.
پەینی سروشتی باشترین چارەسەرە بۆ زەوی
ئیبراهیم سەید عەلی باخەوانە، لەسەر بەكارهێنانی پەینی سروشتی و سوود بینین لە كەرەستە رووەكی و خۆراكییەكان دەڵێت، ماوەی 50 ساڵ وەك باخەوان لە باخەكانی گەڕەكی زێوێی كەركوك لە بواری بەرهەمهێنانی سەوزەی جۆراوجۆری زستانە و هاوینەدا كارم كردووە.
وتیشی، لە رابردوودا بۆ بەهێزكردنی زەوییە كشتوكاڵییەكانمان پەینی سروشتیمان بەكاردەهێنا لە رێگەی كۆكردنەوەی توێكڵە خۆراكییە جۆراوجۆرەكانی ماڵان و كۆكردنەوەی گەڵا و دار و دەوەنە جۆراوجۆرەكانی ناو باخەكانمان، هەموو ئەمانەمان لە شوێنێكی دیاریكراو كۆدەكردەوە و بەخۆڵ دامان دەپۆشی تا ماوەیەكی دیاركراو و ماوە ماوە هەڵمان دەگێڕایەوە بۆ ئەوەی هەموو كەرەستە خۆراكی و رووەكییەكان تێکەڵ بە یەكترببن، دواتر پەینێكی سروشتی بەهێزی لێ دروست دەبوو بۆ بەهێزبوونی بەروبوومەكانمان و زەوییەکە بەکارمان دەهێنا.
ئیبراهیمی باخەوان باسی لەوەشکرد، لە دوای هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە كۆمەڵێك پەینی كیمیایی پەیدابوون كە جێگەی پەینە سروشتییەكەی گرتەوە، بەڵام لەڕووی سوودەكانییەوە وەك پەینە سروشتییەكە نییە، چونكە كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر تام ‌و بۆنی بەرهەمەكە و زەوییە كشتوكاڵییەكەش هەبوو، ئێستا ئێمە كۆمەڵێك باخەوانین ‌و كارەكانمان چڕكردۆتەوە بۆئەوەی پەینی سروشتی بەكاربهێنین ‌و ئەمساڵ پەینی سروشتیمان کرد بە زەوییەکانمانەوە سوودێکی زۆرمان لێ بینیوە و دەمانەوێت لە سەری بەردەوام بین.
ئاشتبوونەوە لەگەڵ ژینگە
محەمەد عەبدوڵڵا یەكێكە لە ئەندامانی گروپی پاراستنی ژینگە، ماوەی دوو ساڵە  بە ئامانجی ئاشتكردنەوەی مرۆڤ لەگەڵ ژینگە دامەزراوە، نزیکەی 20 ئەندامی هەیە و وتی، كارەكانمان لە گوندەکانی دەوروبەری كەركوك چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی جووتیارانی ئەو ناوچانە رێنمایی بكەین تا بتوانن لەگەڵ ژینگەدا هەڵ بكەن و لە سروشتەوە پێویستییەكانی خۆیان بە دەستبهێنن.
وتیشی، یەكێك لە پڕۆژەکانمان رێنمایی كردنی جووتیارانە بۆ بەرهەمهێنانی پەینی سروشتی و ئاڵفی ئاژەڵان لە پاشماوە خۆراكی و رووەكییەكان، كە هەندێك جووتیار بۆ لەناوبردنیان پەنا دەباتە بەر سووتاندن ئەمەش زیان بە ژینگە دەگەیەنێت، لە پڕۆژەیەكی درێژخایەندا توانیومانە لە چەند گوندێک پڕۆژەی بەرهەمهێنانی پەینی سروشتی بخەینەگەڕ و جووتیارەكان سوودێكی زۆریان لێ بینیوە.
كۆكردنەوەی پاشماوە رووەكی و خۆراكییەكان
محەمەد ئازاد بەڕێوەبەری گروپی كۆمەڵگەی زانا بۆ كشتوكاڵی دەڵێت، رێنمایی جووتیارانمان کردووە لە كۆتایی هەموو وەرزێكدا گەڵا و پاشماوەی رووەكی و بەرەكانیان کۆبکەنەوە و لە بری سووتاندن لەلایەكی باخەكەیانەوە كۆی بكەنەوە و خۆڵی بەسەردا بكەن، لەبەرئەوەی بەو شێوەیە شێیەكی زۆر لەناویدا دروست دەبێت و هەموو پاشماوە خۆراكییەكان تێكەڵ بە یەكتری دەبن كە دەوڵەمەندن بە ئاسن و مەگنسیۆم و بەرهەمە خۆراكییەكانی تر لە ئەنجامیشدا دەبێتە پێكهاتەیەكی بەهێز بۆ زەوی، ئەم كارە نە زیان بە گژوگیا كێوییەكان دەگەیەنێت، نە زیان بە جۆر و بەرهەمی رووەك و سەوزەكان دەگەیەنێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە لەڕووی بەرهەمهێنانیشەوە زیاتر دەبێت.
وتیشی، جووتیارەكان هەندێكجار لەگەڵ پاشەڕۆی ئاژەڵ و پەلەوەرەكاندا تێكەڵیان دەكەن كە سوودێكی زۆرتری دەبێت بۆ زەوییەكە، لەبەرئەوەی زیاتر شێداری دەكات بۆ پێگەیاندنی پەینەکە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ پەینە سروشتییەكەدا جووتیاران دەتوانن بەشێك لەو كەرەستە خۆراكی و رووەكییانە وەك ئاڵف لە زستاندا بەكاربهێنن بۆ ئاژەڵەكانیان و سوودی زۆری دەبێت بۆیان.
هەوڵەکانی ژینگە دۆستان زۆربووە بۆ ئاشتکردنەوەی مرۆڤ و ژینگە لەگەڵ یەکتر و شكۆفە محەمەد ئەندامی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز دەڵێت، یەكێك لە پڕۆژە گرنگەكانمان ئەوەیە مرۆڤ لەگەڵ ژینگەدا ئاشت بكەینەوە و هەوڵی ئەوەش دەدەین هەموو شتەكان لە سروشتەوە بەرجەستە بكەین، وەك بەكارهێنانی پەینی سروشتی لە جیاتی پەینی كیمیایی، لەبەرئەوەی سوودێکی زۆری دەبێت بۆ ژینگە و بەرهەمەکان و هاوکات وادەکات ژینگەی گوندەکانیش پاک ببنەوە لە پاشماوە و پاشەڕۆ خۆراکییەکان.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان