کەی لە ژیریی دەستکرد ژیرتر دەبین؟

10:53 - 2023-11-16
ئابووری
263 جار خوێندراوەتەوە
# رۆبۆتێک دەتوانێ ببێتە پزیشک

 فەیسەڵ عەلی

لەگەڵ ئەوەی لایەنگری تیۆریی (مانەوە بۆ زیرەکترینە)، هەفتەی رابردوو وتارێکمان لە کوردستانی نوێ بڵاوکردەوە، لێرەدا پێمان خۆشە لەگەڵ تۆی خوێنەردا پرسیارێک بوروژێنین، دەشێ یەک لە ئاڵۆزترین ئەو پرسیارانە بێت، کە لە جیهانی ژیریی دەستکردا بخرێنەڕوو، ئەویش ئەوەیە: کەی ئێمەی مرۆڤ لە ژیریی دەستکرد زیرەکتر دەبین، یان کەی ئێمە زیرەکتر دەبین؟

زیرەکی تەنها توانا نییە
زۆرجار لێرەو لەوێ گوێبسیتی ئەوە دەبین، کە مرۆڤ لە خۆی زیرەکتری دروست کردووە، هەندێکیش ئەمە بە مەترسی بۆ سەر ئێمەی مرۆڤ دەزانن، ئەم ئەگەرەش دوور نییە و ترسی خاوەنانی ئەم بۆچوونانەش لەجێی خۆیدایە، بەڵام وا باشترە لە بنچینەدا بیر بکەینەوە چۆن لە خودی ژیریی دەستکرد زیرەکتر دەبین، زیرەکی تەنها توانا نییە، بەڵکو توانای بەکارهێنانی تواناکانە، ئەمە ئەو فەلسەفەیەیە کە دەبێ فێری ببین و باش هەزمی بکەین. بە گەڕانەوە بۆ پرسیارەکەی سەرەوەمان، کاتێک لە ژیریی دەستکرد زیرەکتر دەبین، کە بتوانین بیخەینە خزمەت بەرژەوەندییەکانمانەوە چ وەک تاک، چ وەک دامەزراوە و حکومەت و دەوڵەت و چ وەک تەواوی مرۆڤایەتی.

بەگەڕخستنی ژیریی دەستکرد
ئەمڕۆ، رەنگە ئێمە وەک تاکەکەس بەهۆی ژیریی دەستکردەوە ترسی لە دەستدانی کارەکانمان هەبێت، لە کاتێکدا دەکرێ بەهۆی ژیریی دەستکردەوە چەندین هێندەی ئەوەی ئەمڕۆ بەدەستی دەهێنیت بەدەستی بهێنێت، ئەگەر هاتوو توانیت لەبری خۆت ژیریی دەستکرد کارەکانت راپەڕێنێت یان دوو هێندە و باشتر لەخۆت جێبەجێی بکات، ئەوکات تۆ زیرەکتریت چونکە توانیت ژیریی دەستکرد بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانت بەگەڕ بخەیت. کارەکەت هەرچییەک بێت و دەستکەوتەکانت هەرچەندێک بێت، دەتوانی لە رێی بەگەڕ خستنی ژیریی دەستکردەوە ئەو دەستکەوتانەت 10 هێنە زیاد بکەیت.

بۆ هەموو کارێک راستە
بۆ ئەوەی زیاتر بیرۆکەکە روون بکەینەوە، ئەگەر رۆژنامەنوسیت و بۆ نموونە، هەفتانە پێنج هەواڵ ئامادە دەکەیت، لە رێی ژیریی دەستکردەوە دەتوانی بیست هەواڵ بنووسیت، ئەگەر دیزاینەری گرافیکیت، لە رێی ژیریی دەستکردەوە دەتوانی لە رۆژێکدا دەیان دیزاین بکەیت. ئەمە بۆ هەموو کارێک راستە، چونکە ژیریی دەستکرد یارمەتی هەموومان دەدات ئەو کارانەی قورسە بۆمان، ژیریی دەستکرد بە شێوەیەکی باشتر و داهێنەرانە بۆمانی بکات، کاتێک خاوەنی ئەو کارامەییە دەبیت و دەتوانیت ئەوە بکەیت، ئەوا تۆ لە ژیریی دەستکرد زیرەکتر دەبیت.

سەرکەوتن بۆ تۆیە

بە هەمان پێوەر و سامپڵ، قسە لەسەر دامەزراوە و کۆمپانیاکان تەنانەت دەوڵەتانیش دەکرێت، چەند سوودت لە تواناکانی ژیریی دەستکرد وەرگرت، چ بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەک، یان ئەزمونێک یان لە توێژینەوەی مەنزومەیەک یان پەرەپێدانی، ئەوا سەرکەوتن بۆ تۆیە. پێچەوانەکەشی راستە، چەند لە خستنەگەڕی ژیریی دەستکرد بۆ خزمەتکردنی پڕۆژە و دەستپێشخەری و سیستمەکەت دوابکەویت، ئەوا لە کاروانەکە دوا دەکەوێت، ئەوکات لۆمەی کەس مەکە، ژیریی دەستکرد لە تۆ زیرەکتر دەبێت و دەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆت.

 

ئێمە لەبەردەم مەکینەیەکداین کە شەو و رۆژی بۆ نییە و لەبەر خاتری ترس و دڵەڕاوکێی ئێمە و درەنگ دەرککردنمان بە راستییەکان راناوەستێت، لەبەرئەوە زیرەک بە تا زیرەکەکان نەتخۆن

 

دەرفەتێک بەڕێوەیە
مرۆڤایەتی لەبەردەم قۆناغێکی نوێی دروستبووندایە، تێیدا خێرایی جێبەجێکردن و پراکتیزەکردن یەکجار گەورەیە و لە دەرەوەی توانای روانینی ئێمەشە، دەرفەتێک بەڕێوەیە کە بە ئەلیکترۆنی کارەکانی خۆمان کۆپی دەکەینەوە و زۆر لەوەی ئێستا دەیکەین باشتر دەبێت. ئەمە بۆ هەموو بوارەکان راستە. بۆ نموونە ئەگەر پزیشک بیت دەتوانی کارامەییە تایبەتییەکانت بفرۆشیت، بۆ ئەوەی رۆبۆتێک کارامەییەکانت بەرنامەڕێژی بکات، نەشتەرگەری بکات و نەخۆش چارەسەر بکات، زیاتر لەوەی پزیشکی مرۆڤ ئێستا دەیکات، ئەوکات لەبری پزیشکی مرۆڤ رۆبۆت و سیستمەکان سەدان راوێژ و نەشتەرگەری جێبەجێ دەکەن، تۆش قازانجەکەی وەردەگریت. 

ترس لە ژیریی دەستکرد
ئەگەر هونەرمەند بیت، دەنگ و وێنەی خۆت دەفرۆشیت، ژیریی دەستکرد ملیۆنان جۆری ناوەرۆک بەرهەم دەهێنێت، تۆ خۆشت چێژ لە بینینی خۆت دەبینیت و زیاتر و خێراتر ناوبانگ دەردەکەیت، ئەوکات دەکرێ لە یەک کاتدا سەدان دیداری میدیایی بکەیت، هەریەکەیان لە جێگایەک بێت، ئەگەر پارێزەر، یان ئەندازیار، یان هەر کارێکت هەبێت، ملیۆنان دەرفەت هەیە کە بتوانی ژیریی دەستکرد بەکار بهێنیت تا هاوکار و راوێژکارت بێت، تەنانەت تیمی کارکردنەکەشت کارەکانت بۆ رایی بکات و تۆش سوودمەند بیت.
ترس لە ژیریی دەستکرد، جگە لە کورتبینی هیچیتر نییە، ئێمە لەبەردەم مەکینەیەکداین کە شەو و رۆژی بۆ نییە و لەبەر خاتری ترس و دڵەڕاوکێی ئێمە و درەنگ دەرککردنمان بە راستییەکان راناوەستێت، لەبەرئەوە زیرەک بە تا زیرەکەکان نەتخۆن، ئەمە رێسایەکی زێڕینی سەردەمەێکە چیدی نازیرەکی بوونی نییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان