دەقی پەیامی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێورەسمی ناساندنی کاندیدانی هاوپەیمانی کەرکوک هێزو ئیرادەمانە کە لەلایەن ئاسۆ مامەند سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی کەرکوک هێزو ئیرادەمانە خوێندرایەوە:
ئامادەبووانی بەڕێز
سڵاوی سەرکەوتنی هاوپەیمانیی (کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) لە ئێوەی خۆشەویست دەکەم.
خۆشەویستان
هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، هاوپەیمانیی رەسەنی شاری کەرکوک و کەرکوکییە سەربەرزەکانە بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانییەوە. بەرنەماکەشمان لەپێناوی قووڵکردنەوەی ئەو تەبایی، پێکەوەژیان و ئاوەدانکردنەوەی شارە خۆشەویستەکەدایە.
ئێمە هەمیشە باوەڕی تەواومان بە هاوبەشی و کاری پێکەوەیی هەبووە، ئەقڵییەتی خۆفەرزکردنمان لە بڕیار و بەڕێوەبردندا رەتکردووەتەوە و ویستوومانە هەموومان پێکەوە خزمەتی کەرکوکی قودسی کوردستان بکەین. ئێستاش هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، کۆتایی بەو سەردەمە دەهێنێت و چیتر بڕیار بۆ کەرکوکییەکان نادرێت، بەڵکو خۆیان بڕیاردەر دەبن، چارەنووسی خۆیان هەڵدەبژێرن و شەڕ لەپێناو مافەکانیان دەکەن.
ئێمە مێژوویەکی درێژمان لەگەڵ خۆڕاگری و قارەمانێتیی کەرکوکییە سەربەرزەکان هەیە، بۆیە دڵنیام ئێستاش بە هەمان ئیرادە و رۆحییەتەوە، بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەچن و ژمارە ١٤٢ی هاوپەیمانییەکەی خۆتان هەڵدەبژێرن و دەیسەلمێنن ئێوەن شەڕە راستەقینەکە بۆ کەرکوک دەکەن و لە قەڵا دێرینەکەی خۆتانەوە مژدەی سەرکەوتن بەگوێی هەموواندا دەدەن.
ئێمە کەرکوکمان لە دڵماندا هەڵگرتووە، کەرکوک هێڵە سوورەکەی ژیانی سیاسی و حزبیمانە، وەکچۆن لەرابردوودا خوێنمان بۆ رشت، لە داهاتووشدا هەر خۆمان پارێزەرە دڵسۆز و راستەقینەکەی دەبین. پێکەوە لەگەڵ ئێوەی دڵسۆز رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان دەبینەوە و بەرامبەر مەترسییەکان دەوەستینەوە، تەعریب ریشەکێش دەکەین و خەونی بەدینەهاتووی دوژمنانی کەرکوک لەباردەبەین. بۆ ئەمەش پێویستە دەنگ بە هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە بدەن و قەڵغانێکی پتەوبن بۆ پاراستنی ئەو ئاشتی و پێکەوەژیانەی سەرۆک مام جەلال بناغەدانەری بوو و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین.
بەڵێ بۆ سەرکەوتن و دەنگدان بە هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە
بەڵێ بۆ ئاشتی و ئاوەدانی
سەربەرزی و سەرفرازیش بۆ ئێوەی خۆشەویست
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان