لە سلێمانی چلەی ماتەمینی لیوا خۆشەوی بەڕێوەچوو

10:02 - 2023-11-20
کوردستان
551 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لە سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە و  ژمارەیەكی زۆر لە هاوڕێ و هەڤاڵان و خزم و دۆستانی، رێوڕەسمی  چلەی ماتەمینی لیوا خۆشەوی، بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەكەدا، دیكۆمێنتارییەك لەسەر ژیان و خەباتی لیوا خۆشەوی نمایشكرا و دواتر تاجەگوڵینەی رێز و وەفا لەبەردەم وێنەی كۆچكردوو دانرا، پاشان مستەفا چاوڕەش فەرماندەی هێزەكانی 70 وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: لیوا خۆشەوی هەر لەسەرەتای پەیوەندیكردنی بە ریزەكانی پێشمەرگەوە كەسێكی دڵسۆز و خۆشەویست بوو لەناوماندا، وتیشی: باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدەكانمان و رۆحی پاكی لیوا خۆشەوی، یەكڕیزی و یەكدەنگی كوردە، تەنها لەو رێگەیەوە دەتوانین رۆحی شەهیدەكانمان شاد بكەین و خزمەتی گەلەكەمان بكەین.
هەروەها هەرێم كەمال ئاغا، وتاری بنەماڵەی لیوا خۆشەوی خوێندەوە و رایگەیاند: ئەمڕۆ كە یادی 40 رۆژ بەسەر گیانلەدەستدانی لیوا خۆشەوی دەكەینەوە، هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە بە بارودۆخێكی ناهەمواردا تێدەپەڕێت و ئەركی هەموومانە بە یەكڕیزی و یەكدەنگی پارێزگاری لە خوێنی شەهیدەكانمان بكەین و رۆحیان شاد بكەین.
لیوا خۆشەوی عەلی خورشید لێپرسراوی پاسەوانەكانی سەرۆكایەتیی كۆماری عیراق بوو، رۆژی 9/10/2023، لە رووداوێكی هاتوچۆدا لەسەر رێگای بەغدا-عوزێم لە تەمەنی 61 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.

قوباد تاڵەبانی: لیوا خۆشەوی پێشمەرگەیەكی نموونەیی،  فەرماندەیەكی ئازا و لێهاتوو بوو

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، بەشداری لە رێوڕەسمی  چلەی ماتەمینی لیوا خۆشەوی-دا، كرد و لەوبارەیەوە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك، بڵاویكردۆتەوە: پێشمەرگەیەكی نموونەیی، فەرماندەیەكی ئازا و لێهاتوو و شارەزا لە بواری زانستی سەربازیدا، دڵسۆز و خەمخۆر و بەوەفا بۆ هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی، نموونەیەكی باڵا بوو لە هەست بە بەرپرسیارێتی كردن و لە هەمانكاتیشدا كەسێكی خاكی و خۆشەویست. لە چلەی ماتەمینی كۆچی دوایی لیوا خۆشەوی-دا بە شانازییەوە تاجەگوڵینەی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال-م دانا. 
روحی شاد و ئاسودە بێت و سەربەرزیش بۆ خانەوادە و كەسوكار و هەڤاڵەكانی.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان