ماڵئاوا تاهیری خەلیلی، ماڵئاوا هونەرمەند و پێشمەرگە

01:59 - 2023-11-26
کەلتور
696 جار خوێندراوەتەوە

مەریوان مەسعود

تاهیری خەلیلی، ناوێكی بەرزە لە ناوەندی سروود و مەقام و گۆرانی كوردییدا، بەتایبەت ئەو سەدا بەرزە و رەوانی لە وتنەی لەوداهەبوو، لە كەم گۆرانبێژی تردا هەبوو، مەگەر سەدای تاهیر تۆفیق و حەمە ساڵح دیلان.
خەلیلی، كە ئەمڕۆ 26/11/2023، بەداخەوە بۆ دواجار و لە تەمەنی 67 ساڵیدا بۆ یەكجاری جێی هێشتین، كاتێك سروودە بەناوبانگەكەی دەچڕێت (لە قەندیلی سەربەرزەوە وەڵامت بۆ دەنێرمەوە، شەهیدبوونم شانازییە هاوڕێ‌ رەنگە نەتبینمەوە) خۆی لە خۆیدا بووە بە مێژوویەكی سەربەرز بۆ  ئەو و بۆ پێشمەرگە و كوردایەتی، چونكە ئەو كاتێك لە شاری ئازیزی بۆكانەوە و لە تەمەنی 15 ساڵیدا دەستی بە وتنی گۆرانی كردووە گوێگرێكی باشی گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك و تاهیر تۆفیق و عەلی مەردان و حەمەساڵح دیلان و ماملێ‌ بووە و تا گۆرانی پێویست نەبووبێت، گۆرانی نەوتووە، بۆیە ئەو 50 بەرهەمەی كە هەیەتی كە سروودی نیشتمانی و مەقامی بەرز و گۆرانی شازن، شایانی ئەوەن هەموان گوێی لێبگرین و بەڕاستی هەموویان شاكاری نەمرن و وەك چۆن هەرگیز هونەرەكەی حەسەن زیرەك نامرێت، دڵنیام دەنگ و سەداكەی تاهیری خەلیلی-یش هەر وا دەبێت.
خەلیلی، بەرهەمی یەكەمی لە تەمەنی 15 ساڵیدا لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوكردەوە و دەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو لەنێو خەڵكیدا، بۆیە ئەمەش وایكرد راگەیاندنە كوردییەكانی ئەو كاتی ئێران بۆ چەند دیدارێكی هونەری بانگی بكەن و گۆرانیان پێوت و دواتریش چەند بەرهەمێكی لە تەلەفزیۆنی مەهاباد تۆمار كرد كە بریتی بوون لە: دەنگ و رەنگ، شەوی تاریك و بێ دەنگ، گوڵی مەهاباد، كیژۆڵەی كوردستان دواتریش لە تەمەنی 18 ساڵیدا  لە تەلەفزیۆنی تاران كۆنسێرتێكی گەورەی بۆ سازكرا و ناوبانگێكی باشی پەیدا كرد و هەروەها لە تەلەفزیۆن و رادیۆی سنە و كرماشانیش چەند بەرهەمێكی بۆ تۆماركراوە.
تاهیری خەلیلی، بە تەنیا دەنگخۆشێكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو هەر لە گەنجییەوە بووە بە پێشمەرگە و رووی لە خەبات و شاخ كردووە، ئەمەش وای لێكردووە كە ریتمی گۆرانییەكان بگۆڕێت بۆ سروود و مەقام و ئێستاش ئەوەندە بە سروود و مەقامەكانی ناوبانگی هەیە، لەوانەیە كەمتر بە گۆرانییەكان بناسرێتەوە. دروود بۆ گیانی پاكی ئەو هونەرمەندە گەورە و سەنگینەی كوردستان.

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان