لە کەرکوک گەڕەکی نوێی عەرەبنشین دروستکراون

10:08 - 2023-11-28
ڕاپۆرت
568 جار خوێندراوەتەوە
پارێزگای کەرکوک

راپۆرتی/ ھێمن ئەحمەد




لە دوای پڕۆسەی ئازادی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق، بەشێوازێکی تر و لە بەرگێکی تردا برەویان بە پڕۆسەی بە عەرەبکردن لە کەرکوک داوە، جگە لەوەش عەرەبە هاوردەکانی کەرکوک ناوە ناوە لێرە و لەوێ گێچەڵ بە جووتیار و گوندنشینانی دەوروبەری کەرکوک دەکەن و هەڵدەکوتنە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیان.
لەپاڵ گێچەڵکردن پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک تەنگی بە گوندنشینانی دەوروبەری کەرکوک هەڵچنیوە و لە هەوڵی ئەوەدایە پڕۆسەی بە عەرەبکردن لەناو شاری کەرکوکیش جێبەجێ بکات، بۆ ئەو مەبەستە ناسنامەی باری شارستانی دوو هەزار خێزانی عەرەبی لە ناوەڕاست و خوارووی عیراقەوە گواستووەتەوە بۆ کەرکوک و هەشت گەڕەکی عەرەبنشینیشی لە ناوچەکانی سەیادە، سەر رێگەی لەیلان و چەند ناوچەیەکی تری کەرکوک دروستکردووە، ئەمەش بۆ گۆڕینی باری دیمۆگرافیای شارەکەیە و ئەم پڕۆسەیەش لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە بە شێوەیەکی بەرچاو لە شارەکەدا رەنگیداوەتەوە.

جیاوازی لە خزمەتگوزاری گەڕەکەکاندا

وشیار کەریم کوردێکی دانیشتووی گەڕەکی کوردستانە وتی، لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە دۆخێکی تایبەت بەسەر شارەکەدا هاتووە و ناوە ناوە پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک و هێزە ئەمنییەکان هەر جارەو  بە بیانوویەک گێچەڵمان پێ دەکەن و داوای چۆڵکردنی گەڕەکەکەمان و گەڕەکەکانی تری دەوروبەرمان دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەستیان بە دروستکردنی گەڕەکی عەرەبنشین و تورکماننشین کردووە و گشت دانیشتوانەکانی ئەو گەڕەکانە لە بنەڕەتدا خەڵکی دیالە، حەویجە، موسڵ و شارەکانی تری خوارو و ناوەڕاستی عیراقن، لەگەڵ ئەو گەڕەکانە دوو گەڕەکی تورکماننشینی شیعە مەزهەبیشیان دروستکردووە کە زۆربەیان خەڵکی شارۆچکەی تەلەعفەرن لە نزیک موسڵ.
وتیشی، ئەوە لە کاتێکدایە لە گەڕەکە کوردنشینەکاندا خزمەتگوزاری وەک پێویست نییە، بەڵام ئەو گەڕەکە نوێیانە خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا، شەقام و پێویستییەکانی تریان بۆجێبەجێ کراوە.

کەمدەرامەتی و نەبوونی شوێن
خەڵەف جومعە دانیشتووی یەکێک لە گەڕەکە تازە دروستکراوە عەرەبنشینەکانی کەرکوکە و وتی، لەبەر نەبوونی و کەمدەرامەتی و روخاندنی گوندەکانمان لە شەڕی داعشدا لە موسڵ، دیالە و حەویجەوە هاتووین و ئەم گەڕەکانەمان لە خوارووی کەرکوک  بە زیادەڕۆیی دروستکردووە، ماوەیەک لەمەوبەر هێزە ئەمنییەکان هەڵیان کوتایە سەرمان و بەڵێننامەیان پێ پڕکردینەوە کە زیادەڕۆیی نەکەینە سەر ئەو پڕۆژە بازرگانیانەی لەو دەوروبەرە جێبەجێ دەکرێن، ئێمە بەهیچ شێوەیەک ناتوانین بگەڕێینەوە سەر زێدی خۆمان، چونکە هەژارین و شوێنی نیشتەجێبوونیشمان نەماوە.

 

 

دروستکردنی ئەو گەڕەکە نوێیانە لە ناوچەکانی چوارچێوەی مادەی 140دان و بە سەرپێچی یاسایی و سیاسی هەژمار دەکرێن

داوای تاپۆکردنی خانووەکان دەکەن
عەبدوڵڵا عەلی عەرەبێکی دانیشتووی هەمان گەڕەکە وتی، هەرچەندە بەرپرسانی پارێزگای کەرکوک خزمەتگوزارییەکانی شەقام و کارەبا و ئاویان بۆ گەڕەکەکەمان جێبەجێ کردووە، بەڵام ئاسوودەنین لە جێگیربوونمان لەم شوێنە، لەبەرئەوە داواکارین وەکو زیادەڕۆییەکانی تری عیراق ئەم زەوییانەمان لەسەر تاپۆ بکەن، چونکە ئێمە هیچمان کەمتر نییە لەو شار و شوێنانەی تری عیراق.
وتیشی، ئێمە هەژارین و خێزانێکی زۆرمان لەسەرە و بژێوی ژیانمان لەسەر بەشە خۆراکی مانگانەیە کە حکومەت دابەشی دەکات، پسوڵەی خۆراکیشمان گواستۆتەوە بۆ کەرکوک و ئێستا لە هەوڵی گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانیداین، بۆیە پێویستە کەم و کوڕییەکانمان بۆ چارەسەر بکەن تا ئاسوودە بژین.

ناوچەکان لە ژێر چاودێری مادەی 140 دان
فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو بارودۆخەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە بەسەر شاری کەرکوکدا هاتووە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندایە ئەمەش بۆتە هۆی سەرپێچی گەورەی ئەمنی و سیاسی لە شارەکەدا.
وتیشی، دروستکردنی ئەو گەڕەکە نوێیانە لە ناوچەکانی چوارچێوەی مادەی 140دان و بە سەرپێچی یاسایی و سیاسی هەژمار دەکرێن، بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی عەرەبی ئەو گەڕەکە تازانە قەرەبووی مادییان وەرگرتۆتەوە و رۆشتوونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام ئێستا پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بە عەرەب کردنێکی تر لەناو شارەکە ئەمەش رێژەی عەرەب زیاد دەکات و لەدوایدا وەک کارتێکی فشار بۆ هەڵبژاردنەکان بەکاریدەهێنن.
سەرۆکی دەستەی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئۆفیسی کەرکوکی مادەی 140 دەستمان کەوتووە ژمارەی دانیشتوانی ئەو هەشت گەڕەکە تازەیە نزیکەی 12 هەزار کەس دەبن، ئەمەش لەگەڵ هەموو بنەماکانی بە عەرەبکردن یەک دەگرنەوە.

#راپۆرت #کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان