سەعید عەبدوڵڵا
ئەمجارەیان باس باسی مەلا جەمیل و بەرهەمەکانییەتى، باسی مەلاى شەهید و بەجێماوەکانییەتى، باسی قەڵەمی بە پێوە وەستاوى غەدرلێکراوى سینەخوێناوى رۆژبەیانییە و سەری بەرزى لەگەڵ لووتکەى حەسارۆست راست دەکاتەوە و دێتەگۆ. کێ دەیکا، وەرگێڕی بەتوانا و توێژەر و نووسەری بە توانا و کەسی ئیشکەرى بێدەنگ، نەک زماندرێژى هیچ لەبارا نەبوو، ئەوەى ئەمجارە دەیبینن و دەیخوێننەوە هاکە گەردەلوولی پڕ لە زانیارى و هێزى زانینى هەرچی خۆشی و خەندەى هیچ لەبارا نەبووەکانى راماڵی، باس باسی بەرهەمەکانى مەلا جەمیلی رۆژبەیانییە.
لەم سەردەمى هیچ بە هیچەدا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ بوونە لە ریکلامى بریسکەدارى سەرقۆزى بن ئاڵۆز، هەر وادەکەى ریکلامە بۆ کتێب. وەلێ ئەمجارەیان من لەجیاتى ریکلام راستییەک دەخەمە سەرپێ، نەک دەبێ شانازى پێوەبکرێ، بەڵکو دەبێ دەستیشى بۆ بە سینگەوە بگیرێ.
لەوەتەى مەلاجەمیلی رۆژبەیانى شەهید کراوە تا بەئەمڕۆ دەگا، بەقەد ئەم ماوەیە رۆحى ئاسوودە نەبووە، چونکە دەزانێ بەرهەمەکەى ئەمجارەى وەک ئەوانى دیکە بە بێ هیچ هۆ و هۆکارێ بەناوى کەسەوە ناکرێ و لەخۆوە نایەن ناوی خۆیانى بخەنە سەر، بە بێ ئەوەى وشەیەکیان بۆ خستبێتە رستەوە و رستیان بۆ خستبێتە بڕگەوە و بڕگەیەکیان لە لاپەڕەدا بۆ جێگیرکردبێ.
ئەمجارەیان دوو کەس و دوو کەسایەتى و دوو کەڵەمێرد و دوو جوانەمەرد هاتوون یەک بە زمان و یەک بە قەڵەم کێڵگەى وشکەڵاتووى رۆحى مەلاى رۆژبەیانى دەکێڵن و بژارى پووش و وردە بەردى دەکەن و جۆگەلەی زانیارى بۆ هەڵدەبەستن و بە تۆوى ئەو زانیارییانەى یان نەزانراون یان کەم زانراون دایدەچێنن و پاشان بە ئاوى حەیات ئاودێری دەکەن، ئینجا بە دیار چزوولە و چەکەرەى ئەو دەنکە زانیارییانەوە سینگ دەخەنە بەر شەوبا و پڕ بە رۆحى خۆیات رۆحى سپی مەلا جەمیلی رۆژبەیانى دەبینن، ئەو خۆی و کۆڵەپشتێ قسە و نووسین و کتێب و وتار بە پشتەوە کە خوێنى شەهیدى تا ئاودامانى هاتووە دێت و هەر بە دەستى راستى سڵاوێک دەکات و ئەوانیش لەبەرى هەڵدەستنەوە و دواى ئەو بە زەردەخەنەیەکەوە سەیری یەکتر دەکەن و قەڵەمە کەلارییە وەرگێڕەکە ئێژێ (حەوبرا کارێ فرەخاسمان کرد) و توێژەریش وەرامێکى هەولێرییانەى دەداتەوە و دەڵێ (مارخراب قابیلی بوو لەوەشی زێتر لۆ بکرابایێ).
مەلا جەمیل و بەرهەمەکانى
لەو ماوەیەدا و لەماوەى رابردووشدا لێرە و لەوێ لەوسەر بۆ ئەوسەرى کوردستان و هەندێکجار تا ئەوپەڕی مەیدانە فراوانەکەى نووسینى فارسی و تا سنوورى شام و حیجازیش بەرهەمەکانى شەهیدى قەڵەم مەلا جەمیلی رۆژبەیانى کەوتوونەتە بەردەستان و جگە لەوەى وەک سەرچاوە کەوتوونەتە بەردەستان، هەندێکیشان هاتوون کتێبەکانى مەلا جەمیلیان هەر سکانکردۆتەوە و تەنها ناوى خۆیان بە زیادە خستۆتە سەر بەرهەمەکە و چاپیان کردۆتەوە. وەلێ ئەم بەرهەمەى ئێستا كه بڵاوبووهتهوه و كهوتۆته بەر دیدى خوێنەران، ئەویش (پوختەى مێژووى عیراق «کوردستان» و دەوڵەتە دراوسێکان)ە، کە نەک وەرگێڕدراوە، بەڵکو جارێکى دیکە هەر بە هەمان عیشقى مەلا جەمیل رۆحى بە بەردا کراوەتەوە و لە چوار گۆشەى (راپۆرت)ێکى ئاسایی هاتووەتە دەرێ و بووەتە کتێب، ئەمما کتێب.
ئەو بەرهەمە یەکێکە لە کتێب، راپۆرت، نووسین، بەڵگەنامە، نووسراوەیەکى مەلا جەمیلی رۆژبەیانى بە زمانى (فارسی)، کە هیچ کام لە وەرگێڕ و ئەوەیشی پێیداچۆتەوە و پەراوێزى بۆ کردووە سەریان لەوە دەرناچێ ئەو بەرهەمەى مەلا جەمیلی رۆژبەیانى بۆ کوێ و بۆ چ مەبەستێک نووسراوە، وەلێ لەوە دڵنیابوون کە بەرهەمێکى دانسقەیە بۆیە وەرگێڕ بە هاندانى ئەوی دیکە قۆڵی لێهەڵدەماڵێ و لە فارسییەوە وەری دەگێڕێتە سەر زمانى کوردى، ئیتر لێرەوە کارى توێژەر بۆ پێداچوونەوە دەستپێدەکات و جا ئەویش بە خۆی و حەفتا ساڵ تەمەن، خۆی لە کونجى ژوورە نسرمەکەى ماڵەکەى دەئاخنێ و سەدان پەراوێزى بۆ زیاد دەکات و کتێبیەکە لە چەند لاپەڕەیەکەوە دەگاتە چەند سەد لاپەڕەیەک.
پوختەى مێژووى عیراق، (کوردستان) و دەوڵەتە دراوسێکان
ئەوە ناوی ئێستاى ئەو کتێبەى مەلا جەمیلی رۆژبەیانییە کە پێشتر چەند لاپەڕەیەک بوو بە ناونیشانى (عیراق و دراوسێکانى)، خودى کتێبەکە بریتییە لە 58 بابەتى سەرەکیی کە ئێرە جێی هەموو سەرە باسەکان نییە، بەڵام بە بابەتى (عیراق لەسەردەمى عوسمانیدا) دەست پێدەکات و بە بابەتى (روخانى حکومەتەکەى عەبدولڕەحمان عارف و عەبدولڕەحمان بەزاز و کودەتاى دووەمى بەعس) کۆتایی دێت. ئەمە خۆی دەقی نووسینەکەى (مەلا جەمیل)ە، وەلێ دواى وەرگێڕانى لەلایەن ئومێد سەعدولڵا رۆژبەیانى، بۆ سەر زمانى کوردى، ئینجا کار دەگاتە پێداچوونەوە و پەراوێز، کە پێشکەش و پێشەکى و پەراوێزى پێشەکى بەر لە بابەتەکانى مەلا جەمیل دەنووسرێن، ئینجا دواى ئەوان تێبینى سوارەى ئێلخانى زادە و لاپەڕە ئۆرجیناڵەکان و ژیاننامەى مەلا جەمیلی رۆژبەیانى و پێڕستى ناوداران و سەرچاوەکان و چکاوەی عەرەبییەکەى لە کۆتایی کتێبەکە بۆ دادەنرێت، ئەوانە و (402) پەراوێز و سێ (سەرەنج)یش هەموویان کارى (عەبدولڵا زەنگەنە) بوون کە شەو و رۆژى دوو ساڵ و نیوى خستە سەر یەک و کتێبێکى قەبارە (430) لاپەڕەیی وەزیری لێدەرچوو. سەربارى کارى نەخشەسازى و هەڵەچنى و هاموشۆی چاپخانەش.
لێرەوە کە ئەو کتێبە دەبینى بۆت دەردەکەوێ کاتێک مرۆڤی رۆشنبیر و نووسەری خوێندەوار کتێب دەنووسن یان پێیدا دەچنەوە، ئەوا کتێب بە شان و شکۆوە دەچێتە سەر رەفەی کتێبخانەکان و دەبێتە سەرچاوەى زانستى، بە پێچەوانەشەوە کۆکردنەوە و گزی و دزینى زانیارى و ریزکردن و دانەپاڵ و قەبەکردن و چاپکردنى بەناو کتێب هەر چارەنووسى ناو کۆگاکان و ژێر تەپ و تۆزە و خۆراکى مۆرانەیە.
من هیچ پێداهەڵدانێکم بۆ ئەو کتێبە نییە، ئهوه جێدههێڵم بۆ خوێنهر خۆی، ئەوکات رەخنەگر و توێژەرم دەوێ هەڵوەستەى لەسەر بکات و رەخنەبارانى بکات بە ماناى رەخنە لێگرتن، نەک وەک بیریارى گەورەمان مەسعود محەمەد دەفەرموێ (نابێ بەناوى رەخنەوە کەف و کوڵی دەروونى خۆی هەڵڕێژێ و ناوی بنێ رەخنە). منیش دەمەوێ خوێنەرى زیتەڵ لەسەرى راوەستێ و رەخنەگری جدیش لێکى هەڵوەشێنێتەوە و جارێکى دیکە بیکاتەوە خوری و بەدەست و قامکى خۆی بە تەشییەکەى خۆی بیڕێسێتەوە.
سەرمایەدارى نیشتمانى
من دەستەواژەى سەرمایەدارى نیشتمانى تەنها بۆ ئەو پارەدار و خاوەن سەرمایانە بەکاردێنم کە مەردانە قۆڵی کارکردنیان هەڵماڵیوە و بە پڕۆژەى دانسفە و ئاست بەرز پارەیەکى حەڵاڵ وەسەریەکەوە دەنێن، جا ئەوانە چاویشیان لەوە نییە چەند دینارێک لەوەى هەیانە بیخەنە سەر خەرمانەى مێژووى مەردایەتییان، نموونەى ئەو جۆرە پیاوانە زۆرن، ئەوسەر و سەری نیشتمانى من پڕن لەو جوامێرانە، پشتیوانى چاپکردنى ئەم کتێبەش (وریا جەلیل رۆژبەیانى) یەکێکە لەو سوارچاکانە، لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەدا هەردوو جوامێری دیکەى وەرگێڕ و پێداچوونەوەش مەردانە ئەو دیارییەیان لێ قبوڵ کرد و بڕیاریشیاندا کتێبەکە بە خۆڕایی نەدەن، بەڵکو بیفرۆشن و مایە و سەرمایەى فرۆشتنى کتێبەکەش بکەنە دیارى کۆمەڵەى شێرپەنجە، یان هەر کەسێکى ئەوسا پێویستى پێی هەبێ.
لە کۆتاییدا خوێنەرى کورد زمانى هاو خوێنم، مژدە باران دەکەم چاوەڕێ بن، لەم رۆژانەى داهاتوودا کتێبەکە لە چاپخانهوه دهگاته كتێبخانهكان و هەمووان دڵ و چاوتان پێی رۆشن دەبێتەوە.