״بەپێی ئەنجامە بەراییە ناڕەسمییەكان، لیستی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە زۆرترین دەنگەكانی پارێزگای كەركوكی مسۆگەركردووە و بە سەركەوتنێكی گەورە و بە جیاوازییەكی زۆر لەگەڵ لیستەكانی دیكەدا لە پێشەوەیە. لە پارێزگاكانی دیكەش ژمارەی دەنگەكانی یەكێتی و لیست و كاندیدەكانی زۆر زیادیان كردووە و چاوەڕوانی ئەنجامی دڵخۆشكەریان لێ دەكرێت״
دوێنێ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە 15 پارێزگا بەڕێوەچوو، كە زیاتر لە 15 ملیۆن دەنگدەر مافی بەشدارییان هەبوو.
بەپێی ئەنجامە بەراییە ناڕەسمییەكانیش، لیستی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە زۆرترین دەنگەكانی پارێزگای كەركوكی مسۆگەركردووە و بە سەركەوتنێكی گەورە و بە جیاوازییەكی زۆر لەگەڵ لیستەكانی دیكەدا لە پێشەوەیە. لە پارێزگاكانی دیكەش ژمارەی دەنگەكانی یەكێتی و لیست و كاندیدەكانی زۆر زیادیان كردووە و چاوەڕوانی ئەنجامی دڵخۆشكەریان لێ دەكرێت.
لەبارەی پڕۆسەكەشەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان دەکات و دەڵێت: بۆ یەکەمجارە لەدوای ساڵی 2005وە هەڵبژاردن لە کەرکوک دەکرێت، کە ئەوەش وێنەی سەرکەوتنەکەی گەورەتر کردووە.
هەروەها كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقیش، سەركەوتنی پڕۆسەكەی لە سەرجەم پارێزگاكان راگەیاند.
لە لێدوانێكیشدا، عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق، ئەوەی خستەڕوو كە ئەمڕۆ سێشەممە 19/12 ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن رادەگەیەنرێت و وتی: ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنیش دوای پشتڕاستكردنەوەی ئەنجامەكان و یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان و تەواوی وردەكارییەكان، رادەگەیەنرێت.
دوای كۆتاییهاتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنیش، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی، بەناوی یەكێتییەوە سوپاسی هەموو ئەو كەسانەی كرد لە هەر پلە و پۆستێكدا كە هۆكاربوون بۆ سەركەوتنی بانگەشە و رۆژی هەڵبژاردنیش كە رۆژی 18/12 بەڕێوەچوو، وتیشی: «بەپێی ئەنجامە ناڕەسمییەكان كە لە بنكەكانی دەنگدانەوە رادەگەیەنرێن، لیست و هاوپەیمانی و كاندیدەكانی یەكێتی سەركەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە و هیوادارین و چاوەڕوانیشین سەركەوتنەكان گەورەتر و باشتریش بن».
ئاماژەی بەوەشكرد كە هەموو هەڵبژاردنەكان بەتایبەتی لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لە رابردوو و ئێستاشدا بۆ یەكێتی زۆر گرنگ بووە، هەمیشە سەرۆك مام جەلال و ئێستاش سەرۆك بافڵ گرنگیی زۆریان بە هەڵبژاردن لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان داوە و هەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگتر بوو، بەتایبەتی لە كەركوكدا، كە دوای 18 ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی تێدا كرا، بۆیە یەكێتی لە هەموو ئاستەكاندا بانگەشەیان لە كەركوكدا زۆر چڕكردبۆوە. وتیشی: ئەو كێشانەی هەبوو لە نەخوێندنەوەی كارتی دەنگدەراندا، كێشەیەكە خەڵكی ئەو ناوچانەی بێتاقەت و بێزاركردبوو، هیواداربووین ئەو كێشانە نەبوونایە و پێویستە كۆمسیۆن چارەسەری بنەڕەتییان بۆ بدۆزێتەوە.
جێی ئاماژەیە یەكێتی لە كۆی پارێزگاكانی عیراق، لە پێنج پارێزگا بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقدا كرد چ بە لیستی سەربەخۆ و چ بە هاوپەیمانی كە بریتیبوو لە (كەركوك هێز و ئیرادەمانە لەكەركوك بە 30 كاندید، اتحاد اهل نینوی لە نەینەوا بە 52 كاندید، لە دیالە بە لیستی سەربەخۆی دیالە بە 30 كاندید، لە سەڵاحەدین بە یەك كاندید لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی الجماهیر الوطنیة و لە بەغداش بە یەك كاندیدی سەربەخۆ).