كۆمسیۆن و سەرۆكایەتیی هەرێم پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێ دەكەن

09:50 - 2024-01-15
کوردستان
508 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، وەفدێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، سەردانی هەرێمی كوردستان بكات بەمەبەستی دیاریكردنی رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

كۆبوونەوەی كۆمسیۆن و سەرۆكایەتیی هەرێم
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: «ئەمڕۆ وەفدێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق بەسەرپەرشتی سەرۆكی كۆمسیۆن و سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن و دادوەران سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێم سەبارەت بە دەستنیشانكردنی وادەیەكی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان».

پشت بە تۆماری دەنگدەرانی عیراق دەبەسترێت
وتەبێژی كۆمسیۆن دەڵێت: «كۆمسیۆنی عیراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەبات و هەندێك رێكاری تایبەت بە هەڵبژاردنیش هەن، كە پێویستە كۆمسیاران بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدەن، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمسیۆن دەیەوێت سەرجەم رێكارە یاساییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بگرێتەبەر بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت». وتیشی: «بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پشت بە تۆماری دەنگدەرانی عیراق دەبەسترێت، چونكە تۆمارێكی پاك و بێگەردە و تەنانەت لەدایكبووانی ساڵی 2006 كە بۆ ئەمساڵ مافی دەنگدانیان هەیە؛ لە تۆمارەكەدا هەن، ئەمە جگەلەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە هەمان شێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بە سیستمی ئەلكترۆنی و دەستی، دەبێت».

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان