مات مهكمانۆس*
له فارسییه‌وه: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
لیبرالیزم له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا هه‌میشه رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی زۆر و زه‌وه‌ند بۆته‌وه، ریزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و ره‌خنه‌گرانه، دهستهبژێرێكن كه پێیان ده‌وترێ، پۆست لیبراله‌كان، ئه‌مانه به‌رده‌وام دادوبێدایانه له ده‌ستی تاكگه‌رایی رادیكاڵانه و كاریگه‌ریی ئابووریی پشتبه‌ستوو به بازاڕ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه هه‌یه‌تی، هه‌رچه‌نده ئه‌م ده‌سته‌بژێره پۆست لیبرالانه، هه‌ندێك ره‌خنه‌یان هه‌یه، كه تا راده‌یه‌ك جێگه‌ی باوه‌ڕن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بزوتنه‌وه‌یه‌كه مه‌ترسی بۆ سه‌ر دیموكراسی هه‌یه له جیهاندا.
لیبرالیزم له‌و كاته‌وه‌ی كه له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌وه وه‌ك ئایدۆلۆجیایه‌ك هاته ئاراوه، هه‌میشه ره‌خنه‌گرانی زۆری هه‌بووه، زۆرێك له ره‌خنه‌گره دیار و به‌رچاوه‌كانی له ریزی چهپهكاندان، له ماركسه‌وه بگره كه قسه‌ی له‌سه‌ر نامۆبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی بۆرجوازی ده‌كرد، تا فۆكۆ كه كۆمه‌ڵگه‌ی كۆنترۆڵكراوی قێزه‌ون پیشان ده‌دا، تا رۆبه‌رت فیلمه‌ر كه له كتێبی (باوك سالار)دا به‌رگری له مافی خودایی پاشایان ده‌كرد و جۆزێف دۆمیستهر كه ئاوه‌زی سه‌رده‌می رێنیسانیسی به وێرانكه‌ر ده‌زانی و زۆری دیكه‌ش له شه‌پۆله سیاسییه راستڕه‌وه‌كان، نه‌یاری لیبرالیزم بوون.
زیاده‌ڕۆیی تاكگه‌رایی
یه‌كێك له دیارترین ره‌خنه‌كان دژی لیبرالیزم، له لایه‌ن گروپێكه‌وه خراوه‌ته روو، كه خۆیان به پۆست لیبرالیزم ده‌زانن و سوورن له‌سه‌ر گۆڕینی سیستمی ئه‌مریكا و زۆر جێگای دیكه‌ی جیهانیش، هه‌رچه‌نده ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه و ره‌خنه‌كانیان زیاتر قسه‌كانی لایه‌نگرانی پێشووی خۆیان دووباره ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌یه‌كه، كه‌شایه‌نی هه‌ڵوێسته‌كردن و پێداچوونه‌وه‌یه.
به‌شێك له كارامه‌ترین پۆست لیبراله‌كان، ره‌خنه‌ی ئه‌وتۆ ده‌گرن و پێشكه‌شی ده‌كه‌ن، كه به راستی كاریگه‌ره، ئه‌وان قسه له‌سه‌ر زیاده‌ڕه‌وی له تاكگه‌رایی ده‌كه‌نه‌وه، له‌گه‌ڵ بازاڕكاری كۆمه‌ڵایه‌تی، كه كۆمهڵایهتبوونی مرۆڤ له‌ناو ده‌بات، لیبرالهكانیش ده‌بێ له‌م ره‌خنه‌یه وانه وه‌رگرن و له‌گه‌ڵیشیدا نیگه‌ران بن، چونكه ئه‌م پۆست لیبراله بونیادگهرایه، به ماستاوكردن بۆ حكومه‌تی دینی و دیكتاتۆری، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدین بۆ سه‌ر دیموكراسی، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه بیر و بۆچوونیان له‌گه‌ڵ راستگهراكانیشدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه.
ئادریان ڤێرمیۆل تیۆرزانی بواری پۆست لیبرالیزم، له وتارێكدا به ناونیشانی (ئایینی لیبرالیزم) ده‌ڵێ: لیبرالیزم بۆ مانه‌وه‌ی خۆی هه‌میشه پێویستی به دوژمنه، چونكه هه‌رگیز ناتوانێ له گۆمی مه‌نگدا بحه‌وێته‌وه، پێویستی به‌وه‌یه له هه‌ر سه‌رده‌مێكدا لایه‌نێك هه‌بێت رووبه‌ڕووی بێته‌وه، لیبرالێكی باش هه‌میشه ده‌توانێ بڵێ: ئێمه پێشكه‌وتنمان به‌ده‌ست هێناوه، به‌ڵام هێشتا زۆر كار ماون ده‌بێ بیانكه‌ین.
ناسنامه‌ی ره‌گه‌زیی
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو، كاتێك مه‌سه‌له‌ی به یه‌ك گه‌یشتنی هاوڕه‌گه‌زبازه‌كان سه‌لمێنراو یه‌كلایی بۆوه، شتێكی دیكه پێویست بوو، تا لیبرالیزم به زیندوویی بمێنێته‌وه، ئه‌وه بوو گۆڕینی ره‌گه‌ز هاته ئاراوه، یه‌كسه‌ر هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نوێی بۆ ته‌رخان كرد، ئه‌م هێزه كردیان به جه‌ژن و ده‌ستیانكرد به پیاهه‌ڵدان به‌م جه‌ژنه تازه‌یه‌دا، هه‌ر كاتێكیش مه‌سه‌له‌ی ناسنامه‌ی ره‌گه‌زیی كرا به یاسا و یه‌كلایی بۆوه، دیسان ده‌رگا به‌سه‌ر بابه‌تێكی دیكه‌دا ده‌كرێته‌وه و بابه‌تێك كه ره‌نگه تا ئێستا زۆر سه‌یر بێت به لامانه‌وه، بۆ نموونه فره هاوسه‌ریی، یان ره‌نگه سه‌پاندنی رووه‌كخۆریی، ئه‌و كات ده‌بینی هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ته‌رخان ده‌كرێت و له نێوان دژ و لایه‌نگرانی بابه‌ته‌كه‌دا ده‌بێته هه‌را و بێبه‌زه‌ییانه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر یه‌كدی.
ئێستا پۆست لیبرالیزم بزوتنه‌وه‌ی ده‌سته‌بژێرێكه و په‌یوه‌سته به ژماره‌یه‌كی كه‌م له بیریاران و چه‌ند گۆڤارێكیش بابه‌ته‌كانیان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، فه‌یله‌سوفانی وه‌ك پاتریك دێنین و ئه‌دریان ڤێرمیۆل هێز و وزه‌ی فیكری ئه‌م رێبازه دابین ده‌كه‌ن و گۆڤارێكی وه‌ك (First Things) بابه‌ته‌كانیان بۆ بڵاو ده‌كاته‌وه. به‌م دواییانه‌ش پۆست لیبرالیزم تێكه‌ڵ به فیكری چهپگهراییش بووه، له راستیدا نازانرێ داخۆ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه كه وه‌ك وزه‌یه‌كی داخراو خۆی ده‌نوێنێت، ده‌گۆڕێت بۆ سیاسه‌تێكی پراكتیكی، یان بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری فراوان، یان نا، به‌ڵام ورده ورده لایه‌نگری له ناو راستڕه‌وه‌كاندا بۆ په‌یدا ده‌بێت، وه‌ك سیاسه‌تمه‌داری گه‌نج جی دی ڤێنس و جۆش هۆلی، هه‌موو ئه‌مانه نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه پێده‌چێ ئه‌م ره‌وته پێیه‌كی له ناو فیكری راستدا بمێنێه‌وه.
ئاكاری هاوبه‌ش
پێشناسهی پۆست لیبرالیزم وه‌ك له ناوه‌كه‌یه‌وه دیاره، واته: دژی لیبرالیزم، ئه‌م دژایه‌تییه‌ش تا ره‌گ و ریشه‌ی میتافیكیانهی هزری مۆدێرن قووڵ ده‌بێته‌وه، پاتریك دێنین له كتێبی (بۆچی لیبرالیزم شكستی هێنا)دا، شكستی لیبرالیزم له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه كه دژی تێڕوانینه كۆنه‌كه بۆ سروشت وه‌ستایه‌وه، ئه‌و تێڕوانینه‌ی مه‌سیحییه ئه‌رستۆییه‌كان هه‌یانبوو، دنیابینی ئه‌وان وابوو كه سروشت و هه‌موو شته‌كان ئاكار و مه‌به‌ستیان له پشته‌وه‌یه و پێویسته هه‌موانیش به‌رگری له ئاكاری هاوبه‌ش بكه‌ین، كه ئاكاری كاسۆلیكییه، ئه‌مه له كاتێكدایه كه ماتریالیسته‌كان سیكۆلاره‌كان له سه‌رده‌می فرانسس بیكۆنهوه باوه‌ڕیان وایه كه جیهان و هه‌موو شتێك جگه له ماده هیچی دیكه نییه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستێك یان ئامانجێكیش له پشت شته‌كانه‌وه هه‌بێت، ته‌نیا حه‌ز و خواستی مرۆڤه.
تێڕوانینی هۆبز
هۆبز له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: ئێمه بوونه‌وه‌ری مادین و شتی باش ئه‌و شته‌یه كه ئێمه‌ی مرۆڤ خۆشمان ده‌وێت و شتی خراپیش ئه‌و شته‌یه كه ئێمه حه‌زمان لێی نییه، ئه‌م میتافیزیكه ژیرانه‌یه باشترین زه‌مینه‌ی ره‌خساوه بۆ ده‌ركه‌وتنی لیبرالیزم.
له دیدی پۆست لیبرالهكانهوه لیبرالیزم له بنه‌ڕه‌تدا جۆرێكه له سیاسه‌تی وێرانكه‌رانه، كه گه‌وره‌ترین ئامانجیشی له ژیانی مرۆڤدا بریتییه له تێركردنی حه‌زه‌كانی مرۆڤ، ئه‌مه‌ش لای راستڕه‌وه‌كان له رێگه‌ی میكانیزمه‌كانی بازاڕه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت و لای چه‌په‌كانیش له رێگه‌ی بازاڕ و خۆشگوزه‌رانییه‌وه، لیبرالیزم نكۆڵی له‌وه ده‌كات كه ئاكارێكی گه‌وره له پشت شته‌كانه‌وه هه‌بێت و پێویسته ئێمه پابه‌ند بین پێیه‌وه و ئه‌م بابه‌ته ده‌به‌ستنه‌وه به بیرۆكه‌كه‌ی جۆن ستیوارت میله‌وه كه باس له تاقیكردنه‌وه‌ی ژیان ده‌كات، هه‌ر له فره دڵدار و هاوڕه‌گه‌زبازی و گۆڕینی ره‌گه‌ز، به‌ڵام پۆست لیبراله‌كان پێیان وایه هه‌موو ئه‌مانه ده‌بنه هۆی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانی كۆمه‌ڵگه و واتایه‌ك بۆ ژیان ناهێڵنه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته لیبرالیزم بڕوخێنین.
هه‌ندێك له ره‌خنه‌كان خراپ نین
تا ئه‌م دواییانه‌ش پست لیبراله‌كان ته‌نیا ره‌خنه‌یان ده‌گرت و جێگره‌وه‌یه‌كیان نه‌بوو بۆ لیبرالیزم، به‌ڵام دێنین له تازه‌ترین كتێبیدا داوا ده‌كات رژێمی ئێستای ئه‌مریكا بڕوخێت و ده‌سته‌بژێرێك له نیولیبرالهكان جێگه‌ی بگرێته‌وه، له‌و كتێبه‌یدا دێنین باس له‌و نیگه‌رانییانه ده‌كات كه به‌رامبه‌ر به له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانی كۆمه‌ڵگه و خێزانی راست و دروستی ژن و پیاوه، به‌ڵام له‌و كتێبه‌دا ئاماژه به ناهه‌مواری و نیگه‌رانییه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه ناكات، وه‌ك پاشه‌كشه‌ی دیموكراسی، په‌ره‌سه‌ندنی دیكتاتۆریی نه‌رم و سه‌ركوتكردنی ده‌نگه ناڕازییه‌كان و چه‌وسانه‌وه‌ی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌مانه هه‌مووی لای پۆست لیبراله‌كان ئاماژه‌ی پێ‌نادرێت.
هه‌ڵبه‌ت هه‌موو ره‌خنه‌كانی پۆست لیبراله‌كان خراپ نین و هه‌ندێكیان پێویسته له‌لایه‌ن لیبرالیزمه‌وه ئاوڕی بۆ بدرێته‌وه، به تایبه‌ت له‌و رووه‌وه كه ده‌وترێ، نیولیبرالهكان له‌وه‌ته‌ی سه‌ریان هه‌ڵداوه، نه‌ك هاوكارییه‌كی ئه‌وتۆیان پێشكه‌ش نه‌كردووه، به‌ڵكو زیانیشیان به كۆمه‌ڵگه گه‌یاندووه، ئه‌م ره‌خنه‌یه شایه‌نی هه‌ڵوێسته‌كردنه له‌سه‌ری و شایه‌نی چاره‌سه‌ریشه.
*مامۆستای زانسته رامیارییه‌كان له زانكۆی میشیگان
سه‌رچاوه: nebesht.com