تەکتیکی دەرۆزەکەر، بە تەکنیکی ئەکتەر

10:33 - 2024-01-28
ڕاپۆرت
1126 جار خوێندراوەتەوە
دەرۆزەکەرێک دەیەوێت بەم جۆرە سۆزی دەوروبەر رابکێشێت

پرژە زاهیر جەلال


ئەگەر رۆژێك پێویست بێت بۆ بازاڕیكردن بچینە یەكێك لە بازاڕەكان، یاخود كاتێك ئۆتۆمبێلەكەمان  لە ترافیكدا بۆ ئاماژەی سوور رادەوەستێنین، یەكەم دیمەن کە دەیبینین، رووبەڕووی كۆمەڵێك دەرۆزەكەری بە تاكتیك دەبینەوە، كە دێنە لای جامی ئۆتۆمبێلەكان و هەر یەكەیان بە جۆرێك و بیانویەك دەیانەوێت بڕێك پارە وەربگرن.
رۆژانە و شەوانە  لە هەردوو رەگەز دەرۆزەكەرەكان دەبینین، بە گشتی تەمەنیان دیاریكراو نییە و ئەوەی زیاتر جێی داخە، دیاردەكە لە منداڵی ساواوە دەست پێدەكات تا پیر و بەساڵاچوان، تەنانەت خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانیش بەدەر نین، لەم بارودۆخەدا ئێش و ئازارەكانی خۆیان بەس نییە، دەرۆزەشیان پێدەكەن بە گەرما و سەرما!
لە هەمان كاتدا، گرنگە تێبینی ئەوە بكەین كە دەرۆزەكەرەكان تەنیا خەڵكی ئەو شارە نین کە دەرۆزەی تێدا دەکەن، بەڵكو تێكەڵەیەكن لە خەڵکی هەمان شار و  ئاوارەی شار و وڵاتانی دیکەی هاوسێشمان.

تەكتیك وەك تەكنیك
دەرۆزەکەرەکان هەر یەكێكیان بە جۆرێكی جیاواز لەوەی تر نواندن دەكەن، بۆ وروژاندنی هەست و سۆزی تاك.  وەك خاوەن پێداویستی تایبەت، بەشێك لە جەستەیان لە جووڵە دەخەن، قاچیان بە دوای خۆیاندا كێش دەكەن، زمان و قسەكردنیان تێكدەدەن، دەچنە سەر كورسی خاوەن پێداویستیی تایبەت، قۆڵێكی خۆیان لە ژێر كراسەكەیاندا ون دەكەن و وەك بەخشراوەكانیش دوای خەڵك دەكەون و...هتد.
بەڵام بێزراوترین تاكتیكی بەشێك لە دەرۆزەكەرەكان، زۆر جیاوازە کە بە تەواوی پێشێلكردنی مافی مرۆڤە وەك:-
1-بەكرێدانی منداڵی ساوا بە دەرۆزەكەرەكان، لەلایەن دەرۆزەكەرێكی ترەوە تا منداڵەكە لەگەڵ خۆیاندا بگەڕێنن، بەرامبەر بڕێك پارەی كەم، بۆ هەر كاتژمێرێك چەند هەزار دینارێك حساب دەكرێت!
2-بەكرێگرتنی ترافیكەكانی شار لەلایەن خێزانێكی دەرۆزەكەرەوە، بەبێ مۆڵەت و رێكاری یاسایی كە چەندین جار لەنێوان دەرۆزەكەرەكاندا لەسەر پڕ فرۆشترین ترافیك شەڕ و پەلاماردان لە نێوانیاندا روویداوە.
3-لەژێر ناوی فاڵ و بەخت و بورجدا چەندین خەڵەتاندن روودەدات.
4-هەندێك لە دەرۆزەكەرەكان كچ یان ژنی گەنج و جوانن، كە دەستەیەك بنێشت، یاخود گۆرەوی وەك دیکۆر دەگێڕن گوایە دەیفرۆشن، هاوکات مامەڵە بە خۆشیانەوە دەكەن لەپێناوی پارەیەكی زیاتردا.
5-منداڵەكان هەندێك پاككەرەوەی ئۆتۆمبێل یان دەستەیەك گوڵ دەگرن بەدەستیانەوە لە ناوەندی شەقامەكاندا دەسووڕێنەوە، بێ گوێدانە خێرایی ئۆتۆمبێل.

هەندێك چارەسەری سەرەكی
جێی داخ و سەرسووڕمانە كە تا ئەمڕۆ هیچ یاسایەك بۆ چارەسەری ئەم دیاردە بێزراوە نییە، كە هەنگاو بە هەنگاو وڵات بەرەو دواوە دەبات، لەكاتێكدا لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا بە جدی ئیشی لەسەر كراوە و هەوڵی چارەسەری بۆ دراوە لە چەندین رێگەی جیاوازەوە.
وەك: 
-وەرگرتنی باج لە سەرمایەداران و كۆمپانیا و هەر شوێنێك كە داهاتێكی باشی هەبێت بە ئەهلی و نائەهلییەوە، خەرجكردنی ئەو باجە بۆ كەم دەرامەتان و بێلانەكان.
-پاراستنی مافی منداڵان لە رێگەی خوێندن و هێشتنەوەیان لە دنیای منداڵیی خۆیاندا و  لەناو خوێندنگەکاندا، بە خستنە سەر كاری ئەندامانی خێزانەكەیان تا ژینگەیەكی تەندروست بۆ منداڵەكانیان دەستەبەر بكەن.
-دابینكردنی پێداویستییەكانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.
-گێڕانەوەی زۆرینەی ئەو پەنابەرە بێگانانەی هەلی كاریان قۆرخ كردووە، لەجیاتی ئەوان پێویستە هەلی كار  بدرێتە هاووڵاتیانی شایستەی وڵاتی خۆمان.
-سنوورداركردنی ئەو كۆمپانیایانەی تەنیا كاریان هێنانی بیانییە بۆ ئیشكردن و چیتر رێگەیان پێنەدرێت، چونكە لێرە كەسانێكی زۆر لەبێكاریدا دەبنە دەرۆزەكەر، رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەیان زیاد دەكات لە وڵاتەكەماندا.
-وەرگرتنی زانیاریی  كەسی و نەتەوەیی دەرۆزەكەرەكان و لێكۆڵینەوە لێیان.
-پاراستنی مافی ئەو منداڵانەی بەكرێ دەدرێن.
-بەكارهێنانی یاسا و هێزەكانی پۆلیس بۆ نەهێشتنی دیاردەی دەرۆزەكردن لە ترافیكەكاندا و بەكرێگرتنی ترافیكەكان، لەپێناوی نەشێواندنی جوانی شارەکانمان و هێشتنەوەی یاسا و ئارامی لە لوتكەدا لەپێش چاوی تەواوی ئەو گەشتیارانەی بە مەبەستی گەشتوگوزار  روودەكەنە وڵاتەكەمان.
-هەموو پێكەوە لەپێناوی نیشتمان گەشبینانە هەنگاو بەرەو چارەسەر دەنێین.


[email protected]

بابەتە پەیوەندیدارەکان