جیهان وەک لە داڤۆس باسی لێوەکرا

10:48 - 2024-01-28
ئابووری
69 جار خوێندراوەتەوە
لایەنێک لە کۆبوونەوەکانی داڤۆس

فەیسەڵ عەلی

بە پێی مەجال گوێبیستی هەندێک لەو گفتوگۆ و لێدوانانە بووم، کە لە کۆنگرەی داڤۆس کران، هەندێک وتار و لێدوانیشم لە سایت و کەناڵەکان خوێندەوە، سەرەنجام تێبینی چوار خاڵم کرد، کە لە نێوان چەمک و سیاسەتە باو و پێشنیارکراوەکاندا بوون و جوینەوەی زۆر و کارلێک لەگەڵ خاڵی گوشار و ئاسۆی چارەسەر و مەترسییەکانیان تێدا بوو. یەکەمیان، حاڵەتی جیۆسیاسیی جیهان و کاریگەرییەکەی لەسەر پڕۆسەی بازرگانیی نێودەوڵەتی و گەشەی ئابووریی جیهان. دووەمیان، پەیوەندیی و کێشمەکێش لە نیوان حاڵەتی دارایی و ئابووریدا. سێیەمایان، ترس لە هۆکاری ئایکۆلۆجی و پەیوەندیی بە وزەوە. چوارەمیشیان، ئەو مەترسییە هەمەجۆرانەی بەرئەنجامی حاڵەتی وەک ژیریی دەستکرد و سیستمی دارایی و ململانێ جیاوازەکان دەکەونەوە.

جەنگی ئەوروپا لە نێوان روسیا و ئۆکرانیادا، جەنگی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا، ترسێکیش هەبوو سەبارەت بە بەرپابوونی جەنگ لە نێوان چین و تایواندا

هەڕەشەکانی جەنگ
دۆخی جیۆسیاسیی، گوزارشت بوو لە جەنگ، جەنگی ئەوروپا، لە نێوان روسیا و ئۆکرانیادا، جەنگی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا، ترسێکیش هەبوو سەبارەت بە بەرپابوونی جەنگ لە نێوان چین و تایواندا، هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور. 
هێشتا جیهان نەیتوانیوە ئاستی بازرگانیی نێودەوڵەتی بگەڕێنێتەوە پێش قەیرانی پەتای کۆرۆنا، تەنانەت دوای ئەوەی لە ساڵی 2023دا گەشەی ئابووریی ئەمریکا و چین رووی لە هەڵکشان کرد و تاڕادەیەک قەبارەی بازرگانیی نێودەوڵەتیش رووی لە باشبوون بوو. بۆ نموونە تا ئێستاش سیاسەتی خۆپارێزیی بازرگانی و بەرنامەی پشتیوانی هێزە کێبڕکێکارەکان، بە مەبەستی دووبارە رێکخستنەوەی زنجیرەکانی گەیاندنی کەلوپەل و کاڵاکان دەشوێنێت. گرتنەبەری سیاسەتی نەختینە، بە تایبەتی رێژەی نرخی سوود، دوای چوار دەیە لە رێژەی نزم، تێڕوانینێک هەیە بۆ ئەوەی رێژەی نرخی سوود روو لە ئاستێکی بەرزتر بکات لەوەی کە هەیە، هەرچەندە لە ئەمریکا ئاراستەیەکی روون هەیە بۆ داشکاندنی لە دوای چارەکی دووەمی ئەمساڵەوە و رەنگە ئەوروپاش هەمان ئاراستەی ئەمریکا بگرێت.

رەوشی خراپی دەوڵەتان
هەروەها کێشمەکێشی نێوان هەردوو سیاسەتی دارایی و نەختینە لە ئەمریکا کاریگەریی راستەوخۆ لە بازاڕە داراییەکان دەکات. گرفتەکە لەوەدایە کە داوای رۆڵی زیاتر لە سیاسەتە داراییەکان دەکرێت، ئەمەش دەرئەنجامی پاشخان و رەوشی خراپی زۆرێکی دەوڵەتانە بە هۆی ئەو کورتهێنانە بەردەوام و قەرزە زۆرەی لەسەریان کەڵەکە بووە، هاوکاتیش پێویستیان بە خەرجیی زیاترە تا بتوانن ئابوورییەکانیان بەڕێوەبەرن. 
لەلایەکی تریشەوە، تەقریبەن لە هەموو دەوڵەتانی جیهان داواکاری بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی ئاسۆیی و ستوونی هەیە، بەڵام گوشارە داراییەکان بەشی ئەوە ناکەن تا مامەڵە لەگەڵ قەیرانی وزە بکرێت، لە سایەی داواکارییەکانی تایبەت بە کەمکردنەوەی دەرهاویشتە غازییەکان و خەرجییە زۆرەکانی تایبەت بە ئاسایش، هەندێک لە سندوقەکانی خانەنشینی بە ئاستی جیاواز گرفتیان هەیە، دەوڵەتانی زۆر هەژاریش پێویستیان بە پاڵپشتی دارایی هەیە، بە تایبەتی هەندێکیان دەستبەرداری پێدانەوەی پابەندبوونە داراییەکانیان بوون.

جێبەجێکردنیان ئەستەمە
هەندێک لە چاکسازییە ئابوورییەکان لە سایەی ئەولەویاتی سیاسی و لاوازیی حوکمداری لە زۆر دەوڵەتان زۆر قورسن، بگرە داخوازییەکانی هەموارکردنی سیاسەتەکان و بەرنامەکان لە میانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا باسیان لێ دەکرێت، ئەستەمە تەنانەت لە دەوڵەتە پێشکەوتووەکانیشدا جێبەجێ بکرێت.
وزە ناوەندێتییەکی هەیە بە تایبەتی لە مەنزومەی ئابوورییدا، بە تایبەتیتریش لە سایەی گوشارەکانی ژینگە و نەگونجاویی دابەشکردنی سەرچاوەکانی وزە، یان توانا ئابوورییەکان ناتوانن خۆیان لەگەڵ رەوشەکەدا بگونجێنن، یان زیانەکان دابەش بکەن و توانای بەرگەگرتنی تێچوونە داراییەکانیان نییە. هەر لە کۆنگرەی کەشوهەوا لە پاریس، جیهان لە جێی خۆی دەسوڕێتەوە، چونکە هێشتا هەرزانترین جۆری وزە نەوتە،  هێشتا سەدان ملیۆن کەس لە چەندین دەوڵەتانی گەشندە وزەی پێویستیان پێناگات، بەرزیی تێچوونی کانزاسازی و گومان لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژینگە دەکرێت.

نەبوونی کۆدەنگی
دوایینیشیان، تێچوونی داراییە لە سایەی پێداویستییە زەرورەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئەمەش بۆ چەندین مەترسی پەل دەکێشێت، کە زۆری شرۆڤەکاران لەسەری هاوڕان، رەنگە جەنگەکان گرنگترینیان بن، کە لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، بەڵام گۆڕانێک لە سیاسەتەکانی ئەمریکادا هەیە، وێڕای ئەوەی سیستمە داراییەکەی بەرگەی قەیران و هەڵبەز و دابەز دەگرێت. 
لە دەوڵەتانی گەشندەدا مەترسی لە ململانێ لەسەر کانزا بەهۆی قەیرانی وزە و دابەشکردنی کانزا گرنگەکانەوە هەیە، زاڵبوونی چین و کاریگەرییەکانی لەسەر چارەسەکردنی زۆری ئەو کێشانە. هەروەها مەترسی پەیوەست بە ژیریی دەستکرد هەیە، بە تایبەتی لە سایەی کێبڕکێی توندی نێوان چین و ئەمریکا و نەبوونی کۆدەنگی لەمەڕ بوونی حەوکەمەیەکی کارا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان