ژنی بەهێز کێیە؟

11:13 - 2024-02-18
دووتوێ
147 جار خوێندراوەتەوە

دڵان سامان

 کە دەڵێین ژنی بەهێز رەنگە زۆر کەس وێنەی ژنێکیان بێتە پێشچاو هار و بێ ئەدەب و حیساب بۆ کەس ناکات، لە هەق و ناهەقدا خۆی بەڕاست دەزانێت و لەهەر پێگە و پۆستێکدا بێت ژن و پیاو دەچەوسێنێتەوە تەنانەت لە شوێنە گشتییەکانیشدا بەو شێوەیە رەفتار دەکات، بێگومان ئەو جۆرە ژنانە و تەنانەت ئەوانەی بەو جۆرە دەڵێن ژنی بەهێز هەڵەن و هەرگیز بێ ئەدەبی و زوڵم و زۆر هێز نەبووە نە بۆ ژن و نە بۆ پیاو، راستە زۆرجار ژنان وەک جۆرێک لە کاردانەوە بەرامبەر پیاوان بەوشێوەیە رەفتار دەکەن و لاساییان دەکەنەوە و وادەزانن ئەگەر بەوجۆرە بن دەتوانن لاوازیی خۆیانی پێ بشارنەوە، بەڵام لەڕاستیدا ژن پێویستی بەوە نییە، چونکە هێزێکی ناوەکی لە ژندا هەیە دەتوانێت ئەگەر کەمێک هۆشیار بێت زۆر بەباشی ئەو هێزەی بەکاربێنێت و بەهێز بێت، بەڵام بەئەدەب بێت و لەکاتی پێویستدا لەسەرخۆ رەفتار بکات. 

هێزی ناوەکیی هەیە
ژنی بەهێز ئەو ژنەیە ئەو هێزە ناوەکییەی بەکاردێنێت بۆ بەردەوامبوون و سووربوون و کۆششکردن لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجەکانی، هاوکات هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییانەی لەسەر شانێتی بەشێوەیەکی باش جا لەنێو ماڵدا بێت یان لەدەرەوەی ماڵ، ژنی بەهێز متمانەی بەخۆی هەیە و بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ بەکاریدێنێت لە دەستنیشانکردنی هەڵەی بەرامبەر و داکۆکیکردن لەخۆی بە متمانە و بەڕێزەوە سڵ ناکاتەوە، چونکە دەزانێت ئەوەی دەنگی بەرزە و هەڕەشە دەکات ئەوە کەسە هەڵەکەیە و هێز ئەوە نییە بێ رێزیی بەرامبەر بەوانی تر بکەیت و هەوڵبدەیت ناهەق بەسەر هەقدا بسەپێنیت.  

ژن زەعیفەیە؟
رەنگە هەندێک چ لە ژن و چ لە پیاو بڵێن ژن لاواز و زەعیفەیە و هیچی پێناکرێت، بەڵام دەبێت لەبیرمان بێت و رەنگە ژن خۆی ئەو راستییە نەزانێت کە ژن و بە تایبەت دایک بەهێزترین بوونەوەرە و ئەوە ژنە مرۆڤێکی دیکە لە جەستەی خۆیدا گەورە دەکات و منداڵی دەبێت و پەروەردەی دەکات و لەگەڵیدا دەبێت تا گەورە دەبێت، ئەوە ژنە خێزان و ماڵ بەڕێوەدەبات و زۆریان لە دەرەوەی ماڵیش کاردەکەن، ئەوە ژنە لەوپەڕی ماندوێتی و ئازارەکانی جەستەیدا منداڵەکانی و خێزانەکەی پێش خۆی دەخات و دوا کەس بیر لەخۆی دەکاتەوە، لەبەرئەوانە و زۆر شتی تر هەرگیز نابێت بڵێین ژن زەعیفەیە و هیچی پێناکرێت، هاوکات نابێت لە قۆناغێکدا ببینە ستەمکار بەرامبەر ئەوانی دیکە و ژنی بەهێز ئەوەیە بتوانێت ئەو باڵانسە رابگرێت، چونکە ئەو هێز و ئیرادەیەی لە ناخی ژنێکدا هەیە هیچ هێزێک ناتوانێت بەرامبەری بوەستێت، لەبەرئەوەی ژن تەنیا هێزی جەستە نایجووڵێنێت، بەڵکو هێزی هەست و سۆز و بەزەیی دەیجووڵێنێت، راستە بەدەست خۆمان نییە و لەو رێگەیە زۆر دەگرین، بەڵام ئەگەر بە مافەکانی خۆمان وەک مرۆڤێک ئاشنا بین زۆرمان پێدەکرێت و دەتوانین پێیان بگەین.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان