هۆڤهانس تومانیان
وه‌رگێڕانی : خدر ئیبراهیم خدر
گوندنشینێك له ئاواییهكهیاندا دوكانێكی كردبۆوه، كاڵا و شتومه‌كی ده‌فرۆشت. رۆژێكیان شوانێكی سه‌ر كه‌چه‌ڵی گۆپاڵ له‌سه‌ر شان، سه‌گێك به‌دواوه، هاته دوكانه‌كه و سڵاوی كرد و گوتی: هه‌نگوێنتان هه‌یه؟ هه‌ندێكم ده‌وێت؟
كابرای دوكاندار گوتی: به‌ڵێ هه‌مانه، شوانه‌ی برا كوا قاپه‌كه‌ت، بیهێنه تاكو چه‌ندت ده‌وێت ده‌موده‌ست بۆت بكێشم و بیده‌مه ده‌ستت.
كابرای دوكاندار به‌ڕێز و محه‌به‌ت و گفت و لفتی جوان و شیرینه‌وه، هه‌نگوینه‌كه‌ی بۆ كێشا. به‌ڵام له‌پڕ دڵۆپێك هه‌نگوێن رژایه سه‌ر زه‌وی. له‌وسه‌ره‌وه مێشێك بهگیزهگیز هات و به‌سه‌ر دلۆپه ههنگوینهكهوه نیشته‌وه. پشیله‌ی كابرای دوكاندار ده‌رپه‌ڕییه ده‌ره‌وه و ورده ورده خۆی گه‌یانده سه‌ر مێشه‌كه و چه‌مۆڵه‌یه‌كی پیادا كێشا. به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پشیله‌كه ده‌رپه‌ڕی و بازیدا، سه‌گی كابرای شوان، ده‌ستوبرد كردی بهحهپهحهپ و له‌جێی خۆی بڵندبۆوه، پشیله‌ی بێچاره‌ی به ئهزریدا كوتا و خنكاندی و فڕێیدایه ئه‌و لاوه.
كابرای دوكاندار هاواری كرد: ئای ئای خۆ پشیله‌كه‌ی منی خنكاند! ده‌ك بتۆپی تووڵه سه‌گ!. ئینجا به‌هه‌موو هێزییه‌وه كێشای به‌ناوچه‌وانی سه‌گه‌كه‌دا و فڕێیدایه په‌نا پشیله‌كه‌وه .
كابرای شوان هاواریكرد: وای به قوربانت بم سه‌گه رهسهنهكهم. ئه‌ی ژیانه‌كه‌م، جێگه و مهكانهكهم، ماڵه‌كه‌م. ده‌ك ماڵت وێرابێت دوكاندار! ئه‌ی بێ به‌زه‌یی، دڕنده، فڵانی فڵان، بێ ئیمان ... چۆن توانیت له سه‌گه‌كه‌ی من بده‌یت؟ ئێستا تۆش ده‌بێت تامی كوته‌ك كاری بچێژیت.
وه‌ك ئه‌ژدیها گوڕاندی و گورزه قورس و سه‌نگینه‌كه‌ی برده دواوه و داینه‌واند و كابرای دوكانداری به‌زه‌ویدادا.
هاتوهاوار به‌رزبۆوه: ئه‌ی هاوار كوشتیان .. فریا بكه‌ون.
گه‌ڕه‌ك به گه‌ڕه‌ك و مال به ماڵ هه‌ر كه‌س ئه‌وی تری بێ‌دار ده‌كرده‌وه ...
- ئه‌ی هاوار فریابكه‌ون ... كوشتیان .
له گه‌ڕه‌كی سه‌ره‌وه را له گه‌ڕه‌كی خوارێ را، به‌سه‌ر رێوه، له شوێنی كارێ را، هه‌موان به‌قیژه قیژ و هاتو هاواره‌وه هاتن ... دایك و باوك، خوشك و برا، ژن و منداڵ، دۆست و هاوه‌ڵ و كوڕگه‌ل، خه‌سوو و ئامۆژن، به‌ربووك مام و زاوا هاتن و په‌یدابوون ... كه‌س به كه‌س نه‌بوو، هه‌ر ده‌هاتن و ته‌واو نه‌ده‌بوون. ئه‌وه‌ی ده‌شهات، وهردهگهڕایه كابرای شوان و ئه‌وه‌نده‌ی تاقه‌تی پێدهشكا دهیكوتا ...
- ئه‌ی ورچی به‌دڕه‌فتار، ئه‌ی دڕنده !.
- ئه‌وه كاره تۆ كردووته؟
- هاتوویت مامه‌ڵه بكه‌یت و شت بكریت .... یان له ناو دوكانه‌كه‌یدا ئه‌و كابرایه بكوژیت.
یه‌كێك قسه‌ی ده‌كرد و ده‌ی تر لێیده‌دا. شل و كوتیان كرد و تووڕیان هه‌ڵدایه سه‌ر زه‌وی و له‌په‌نا سه‌گه‌كه‌یدا، درێژیان كرد . ئینجا گوتیان:» وه‌رن مردووه‌كه‌ی خۆتان ببه‌نه‌وه .»
***
هه‌ڵڵا و قاووقیژی ئه‌م رووداوه ئه‌و ناوه‌ی تێپه‌ڕاند و گه‌یشته ئاواییه‌كه‌ی نزیك .
- ئه‌ی هاوار، فریا بكه‌ون ...
- خۆ ئێوه نه‌مردوون؟
- گوندنشینێكی ئێمه‌یان كوشتووه!.
- ده‌بێت وه‌ك هێلانه‌ی مێشهكهرهیهك له‌بنه‌وه‌ڕا ههلبكهنرێن و وه‌ك مێشی تاین تووڕههڵبدرێن .
ته‌واوی خه‌ڵكی ئاوایی خۆیان ته‌یار و ئاماده‌كرد، به رق و تووڕه‌ییه‌وه ده‌رپه‌ڕینه ده‌ره‌وه . هه‌ر كه‌س شتێكی پێ‌بوو، یه‌كێك تفه‌نگی به‌ده‌سته‌وه بوو، یه‌كێكی تر بێڵ و ته‌شوێ و شمشێر. ئه‌وی تریان بێڵوچكه و به‌فرماڵ و شیشه. یه‌كێك به ته‌وره‌وه و یه‌كێكی تر به داره‌وه. یه‌كێك به‌سه‌ر ئه‌سپه‌وه و یه‌كێكی تر به‌پیاده. یه‌كێك به‌بێ كڵاو و ئه‌وی تر به‌پێخواسی ...
هه‌موان به‌ره‌و ئاواییه نزیكه‌كه‌ی دوژمنیان چوون ...
- مه‌گه‌ر گوندنشینی ئاوا سته‌مكار هه‌بووه؟ نه به‌زه‌ییان هه‌یه و نه‌ترس ... هه‌ر كێیه‌ك بۆ مامه‌ڵه چووبێت، هه‌موو لێی كۆبوونه‌وه و شمشێریان له‌به‌رامبه‌ریدا هه‌ڵكێشاوه.
- تف له ئاواییهكهتان ... تف له خه‌ڵكه‌كه‌تان ... له خۆتان، له داب و نه‌ریتتان ... با بڕۆین، بیانكوتین. ئاگریان تێبهربدهین. های ... هو ... ده‌ی بۆ پێشه‌وه...
***
رووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌وه، لێكیان راكێشا و یه‌كتریان بۆڕدا و ئاگریان به‌ردایه یه‌كتری. چه‌نده زۆرتر یه‌كتریان داده‌پڵۆسی و له‌یه‌كتریان ده‌كوشت، به‌هه‌مان راده رق و قینیان زیاتر ده‌بوو. یه‌كتریان له‌توپه‌ت كرد.یه‌كتریان له‌ناوبرد و سڕییه‌وه. له‌به‌رچاوان ونبوون و له‌ناوچوون و له‌گه‌ڵ ته‌ختی زه‌ویدا یه‌كسان بوون.
***
ئه‌و دوو ئاواییه ئه‌وه‌نده له یه‌كترییه‌وه نزیكبوون، هه‌ریه‌كێكیان باجی ده‌دایه شازاده و فه‌رمانڕه‌وای قهڵهمڕهوێك. كاتێك هه‌موان ئه‌وه‌یان بیست، گوتیان: واز له شوێنكه‌وتنی شا ده‌هێنین، تا ئه‌و كاته‌ی به‌وه ده‌زانین كێ فهرمانڕهوامانه و سه‌رباز و كرێكار و خانه‌دانه‌كانیش سه‌ر به‌كام لان. هه‌روه‌ها تا دونیاش به‌وه بزانێت كه دراوسێ بێ بهزهییهكانمان وا ناڕه‌وا و خیانه‌تكارانه، له‌و كاته‌ی به‌وپه‌ڕی ئیشقه‌وه لهخهودابووین، به‌زۆری زۆرداره‌كی پێیانخسته ناو ئاوهدانییهكهمانهوه. به‌خۆیان و شمشێری كوشنده‌ی ده‌ستیانه‌وه، په‌لاماری منداڵانی ئازیزی ئێمه‌یاندا و منداڵه‌كانیشمان هاواریان بۆ ئێمه هێنا. ئێمه‌ش ناچاربووین به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی راستهقینهمانهوه،په‌یام بۆ سوپا بنێرین، كه به تۆپه وێرانكهرهكانمان له سێبه‌ری ئیماندا، له‌پێناوی تۆڵه‌یه‌كی رهواو و پیرۆزدا، بچنه ناو خاكی دوژمنهكهمانهوه.
***
ئاواییه‌كه‌ی تریش به‌هه‌مان شێوه، به‌نۆبه‌ی خۆی په‌یامی گه‌یانده سوپا و خه‌ڵك و نووسی: له ئاست ره‌فتاری شه‌ڕه‌نگێز و پڕ له شووره‌یی دراوسێكه‌ماندا، له‌به‌رده‌م خودا و خه‌ڵكدا سكاڵا ده‌كه‌ین. گازنده له دراوسێكه‌مان ده‌كه‌ین. چونكه له رێی خستنهژێڕ پێی ته‌واوی رێسا و یاساكان و پچڕاندنی رایه‌ڵه‌ی ئیشق و مه‌حه‌ببه‌ته‌وه، شه‌ڕ و ناكۆكی هه‌ڵده‌گیرسێنن. بۆیه به‌پێچه‌وانه‌ی حه‌ز و ئاره‌زووی خۆمانه‌وه، ناچارین له‌پێناوی پاراستنی رێز و ئابڕوو شكۆ و دادپه‌روه‌ریدا، له‌پێناوی خوێنی رژاوی بێگوناهاندا، له‌پێناوی دونیای ئازادماندا، له‌پێناو ئیمانماندا، ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕین و شمشێره‌كانمان به‌رزده‌كه‌ینه‌وه.
***
به‌م جۆره، جه‌نگه تۆقێنه‌ره‌كه ده‌ستیپێكرد، نه‌ڕه و هاواری به‌سام و ترسناك له‌م لاملا و له‌ولادا به‌رزبۆوه، خوێن و وێرانی و هاتوهاواری له‌گه‌ڵ خۆی هێنا. ترس هه‌موو لایه‌كی گرته‌وه... بۆنی مردووان هه‌موو لایه‌كی داگرت. ته‌واوی ساڵه‌كان، به هاوین و زستان، به‌رهه‌مه‌كان له‌ده‌ستچوون. ده‌شتوده‌ر بێ كشتوكاڵ مایه‌وه، جه‌نگ نه‌ده‌وه‌ستا. برسێتی هه‌موو شوێنێكی گرته‌وه. له‌گه‌ڵ برسێتیشدا، ده‌رد و نه‌خۆشی سه‌ریهه‌ڵدا و دونیای زامداربوو، به‌ره‌و وێرانی چوو ... كه‌چی خه‌ڵكی به ترس و له‌رزه‌وه، تێكڕا له یه‌كتریان ده‌پرسی: ئه‌و كاره‌ساته گه‌وره‌یه، له كوێوه سه‌ریهه‌ڵدا؟.
سه‌رچاوه :
سایتی (گارگین)، وه‌رگێرانی بۆ سه‌ر زمانی فارسی: (گارگین فهتائی) 2023.