گوندی پیران لە شۆڕشەكانی مەلیك مەحمود-دا

09:19 - 2024-03-13
دووتوێ
116 جار خوێندراوەتەوە

 شێخ فوئاد بەرزنجی

 

لە مێژووی نەتەوەی کوردی بەشمەینەت و مافخوراو و خاک داگیرکراودا، ناوی یەکێک لەو گوندانەی دێتە بەرگوێ و دەیبیستین ناوی گوندی (پیران)ە، ئەم گوندە سەدان کەس خۆشیان دەوێت، لەبەرئەوەی لە سەروبەندی کۆتایی شۆڕشەکەی شێخ و هەوڵەکانیدا، مەلیک مەحمود دەگرێتە خۆی، هەر ئەوەش وایکرد بە ناوی (پیران)ەوە ناو بنرێت. کە ناوی پیران دەهێنرێت، بێ سێ و دوو شێخ مەحمود و شۆڕشێکی ئەسپ سوار و چاپوک دێتە بەرچاومان، شۆڕشێک لە هەوێنی کوردایەتی و بەرەنگاریی گەورەترین هێزدا دروست بووە، کە تێکۆشەرەکانی بە تفەنگە سادەکانیانەوە دەچن بەگژ قولـلەی قافدا و دەیانەوێت نەتەوە بێچارەکەی ئەمانیش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە ئاسودە و خاون ئاڵا و سنووری خۆی بێت، نەک هەڵڕژاو و پارچە پارچە و دابەشی سەر وڵاتان بێت. 

مەلیک محمود

 

 

شێخێکی خۆنەویست
ئەوە شێخ مەحمود بوو بەو هێزە خۆماڵی و سەربەرز و سوارچاک و دلێرەوە دەچوو بەگژ دوژمنەکانیدا، بەڵام داخەکەم ئەنجامەکەی بووە خۆراکی بەرژەوەندییەکانی ئینگلیز و بە زۆر دامەزراندنی دەوڵەتی پاشایەتی عیراق و هێنانی فەیسەڵۆکێک بۆ ئەم نیشمانی پڕ لە جۆگە خوێن و زامدارە، کە تائێستا نەفەسمان نەداوە و لەناو هەست و دڵماندا گەلێکین خەریکی شۆڕشین و دەجەنگین بۆ ئازادی، ئەو شێخێک بوو خۆنەویست، خۆڕاگر و شۆڕشگێڕ و بەئەمەک بوو، ئەو کە جڵەوی ئەسپەکەی بۆ سەنگەر کێش بکردایە، دلێرانە دەچووە مەیدان و پێشڕەویی هەڵمەت و شاڵاو و هێرشی دەکرد بۆ ئازادی و بەدەستهێنانی ئاڵایەک بۆ پاراستنی نەتەوەکەی، بەڵێ دەمانەوێت بزانیین پیران چ مانایەکی هەبوو لەم شۆڕشانەدا، لە نێو سەرچاوەکاندا.

ناوەندێکی ستراتیژی
شێخ مەحمود لە دوای شەڕی پێنجوێن لە ساڵی 1927دا خۆی دەچێتە پیران، چونکە پیران ناوەندێکی ستراتیژیی هۆزەکان بوو، بە تایبەتی جاف کە جگە لەوەی وەک چەقی بزووتنەوەکەی شێخ مەحمود دەرکەوت، هەر لەوێشەوە چاوی بە نوێنەرانی حکومەتی عیراق و مەندوبی سامی دەکەوت.
عەلائەدین سەجادی لە کتێبی شۆڕشەکانی کورد و کۆماری عیراق، لە لاپەڕەی (97 - 98)دا دەڵێت: هێزێکی زۆری حکومەتی عیراق و لەشکری لیڤی و فڕۆکەی ئینگلیز بە جارێ پەلاماری شێخ مەحمودیان دا لە پێنجوێن و دەوروبەری. بەرەی لای شێخ مەحمودیش بەرەنگاریان بوونەوە، شەڕ هەتا دەهات گەرمتر دەبوو، هێزی حکومەت هەتا دەهات زیادی دەکرد، هێزی شێخ مەحمود وردە وردە لەبەر کەمبوونەوەی چەک و تەقەمەنی بێهێز دەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا زیانی کوشتاری بەری حکومەت و زیانی جبەخانە و فڕۆکەیان لە حساب نەدەهات.
ئەمە دوای ئەوە بوو کە لە سلێمانییەوە شێخ مەحمود بە شەڕ لەگەڵ پاکتاوی لەشکری زەبەلاحی ئینگلیز و عیراقی ئەوکات بەرەو ناڵپارێز و پێنجوێن چوو، شێخ مەحمود وردە وردە لە لەشکرەکەی هەڵدەوێری و عیراقیش دەیویست ئیمزا لەسەر پەیماننامەیەک لەگەڵ شێخ مەحموددا بکات و ناچاری بکات لەسەر بەندەکانی پەیماننامەکە رێکبکەوێت.

شەڕی پارتیزانی
لە هەمان سەرچاوەدا عەلائەدین سەجادی لە لاپەڕەی 98دا دەڵێت: لە کۆتایی 20ی نیسانی 1927دا شێخ مەحمود پێنجوێنی چۆڵ کرد، هێزی حکومەت لە رۆژی 23دا چووە ناو پێنجوێنەوە و بە هەموو جۆرێک دەستیکرد بە خۆقایمکردن تیایدا. هەرچەندە پێنجوێن لەدەست شێخ مەحمود دەرچووبوو، بەڵام لە دەرەوە حکومەتی بە شەڕی پارتیزانی کوشتبوو، هەرجارە لەلایەکەوە پەلاماری دەدا.
پێویستە بزانین عەرەب شانازی بە عومەر موختارەوە دەکات، باشە بۆ کورد شانازی بە پیاوێکی وەک شێخ مەحمودەوە نەکات، کە بێ پشت و پەنا تەنگی بە ئینگلیز و حکومەتی عیراقی دروستکراوی دەستی ئینگلیز هەڵچنیبوو، تەنها لەبەر ئەوەی کورد ببێتە خاوەنی دوڵەتی خۆی. 
شێخ مەحمود خۆی دەیتوانی رێک بکەوێت و لەوپەڕی ژیانی خۆش و شاهانەدا بژی، هەموو موڵک و ماڵی دەست بەسەرداگیراوی وەربگرێتەوە و نەوە دوای نەوەی سوودی لێ وەربگرێت.

دۆستەکانی پێیانوت
هەر لە هەمان سەرچاوەدا عەلائەدین سەجادی لە لاپەڕەی 98دا دەڵێت: پاش ئەم هەرایە هەندێک لە دۆستەکانی شێخ مەحمود و ئەوانەی شارەزای بارودۆخی سەردەمەکە بوون پێیانوت: مادام کاروبار و دۆخەکە ئێستا وای لێهاتووە، شەڕ نەچووە بچێت، بێنە ئێستا پەیمانەکەی خۆت و مەندوبی سامی و حکومەتی عیراق ئیمزا بکە و ئەمڕۆ هێمنییەک بدە بە حکومەت، سبەی رۆژێ کە پشوویەکمان پیاهاتەوە دەتوانین ئەو شەڕەی ئێستا دەیکەین ئەو رۆژە بیکەین. شێخ مەحمود کە پیاوێکی دنیادیدە و قاڵبووی شەڕ و ململانێ سیاسییەکانی سەردەمی خۆی بوو، قسەکانی وەرگرت و ئەمجارە هات پەیمانەکەی ئیمزا کرد و دای بە (مەجید ئەفەنی) کانێسکان و (بابە عەلی) کوڕی خستە تەک و ناردیە پێنجوێن. لەملاشەوە موتەسەڕیفی سولەیمانی و موفەتیشی ئیدارەی ئینگلیز لە سولەیمانی چوون بۆ پێنجوێن، ئەوەی لەلایەن بەندەکانی پەیمانەکەوە مابوو جێبەجێ کرا، پاشان ئەمان گەڕانەوە بۆ سولەیمانی و ئەویش چووەوە بۆ (پیران).

پیران بارەگای سەرکردایەتی مەلیک محمود، ژمارەیەک تێکۆشەری ئازادیخواز و رێبازی کوردایەتی ساڵی 1930

ناردنی باباعەلی بۆ بەغدا
پێش ئەوەی بەسەرماندا بڕوات دەبێت ئەو هەڵەیە راست بکەینەوە کە دەڵێت (مەجید ئەفەندی)، چونکە راستییەکەی (ماجید مصطفی)یە وەک (م. ڕ. هاوار) لە کتێبی شێخ مەحمودی قارەمان و دەوڵەتەکەی خوارووی کوردستان، ب2 لە لاپەڕە 704دا دەڵێت: لە راستیدا مەجید نەبوو بەڵکو (ماجد مصطفی) بووە و خزمی شێخ مەحمودیش نەبوو.
بۆ روونتر کردنەوەش ئەحمەد خواجە دەڵێت: «بڕیار درا کە لەسەر ئەو مادانە ئاشتی ببێت و باباعەلی بنێردرێت بۆ بەغداد بۆ خوێندن، شێخ مەحمود خۆشی لە یەکێک لە دێهاتەکانی بەبێ دەنگی دانیشێت». (چیم دی، ب1-4 ئامادەکردنی سدیق ساڵح ل315). 
مەبەست لەو بابەتەیە کە شێخ مەحمود و هاوەڵەکانی لەسەری رێکەوتبوون بۆ هێوربوونەوە و ئەوەبوو لە پیران دانیشت. پاشان بۆئەوەی یەکێک لە ئێمە ببێت بە هاوڕێی باباعەلی و لەگەڵی بچێت بۆ بەغدا، هەموومانی کۆکردەوە و لەو ترسەی کە هێشتا لێبوردنی گشتی لەلایەن حکومەتەوە بڵاونەکرابۆوە، هەموویان وەڵامی نەڕۆیشتنیان دایەوە، بەڵام من چووم و شێخ مەحمود سوپاسی کردم. هەر ئەو رۆژە وەڵامی حکومەت نوسرایەوە و لەگەڵ باباعەلی کەوتینەڕێ بۆ پێنجوێن.

نوێنەری شێخ
لەبارەی ئەم بابەتەوە سدیق ساڵح دەڵێت: «کاپتن لاین کە 31/5/1927 چۆتە پێنجوێن و دەقی رێکەوتنە 11 خاڵییەکەی شێخ و حکومەتی داوەتە ماجد مستەفای نوێنەری شێخ، شێخیش ئیمزای کردووە و بە باباعەلی کوڕیدا ناردوویەتیە پێنجوێن. 6/6 لەگەڵ ماجد مستەفادا هاتۆتە سلێمانی، 9/6 بەڕێکەوتوون بۆ بەغدا و پاش چەند رۆژێک گەیشتوونە ئەوێ». (ئەلبومی شێخ مەحمودی حەفید، لە لاپەڕەی 68)
ئەحمەد خواجە دەڵێت: چووینە (ئاسناوا)، ماجیدیش هات و پێمان گەیشت و وتی: بمزانیایە تۆ دێیت، هەر ئەوکاتە منیش لەگەڵتان دەبووم وامانزانی لەگەڵ گەیشتنمان بە سلێمانی لە بەندیخانە توند دەکرێین. (هەمان سەرچاوەی پێشوو ل315).
ئەمەیان جاری دووەمە، یان ئەگەر هەر یەکەم جاری ناردنی باباعەلی بێت پێویستە خوێنەر ئاگاداری بێت. بەڵێ کەواتە لێرەدا پیران بوو بە ناوەندی ئایدیۆلۆژیا و مەرکەزییەتی شێخ مەحمود و لەوێوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و مەندوبی سامیدا دەکرا.

 

شێخ مەحمود ژمارەیەک دیلی ئینگلیز و ئەفسەرێک ئازاد دەکات

چاوپێکەوتنی سەرۆک وەزیران
عەلائەدین سەجادی دەڵێت: «لە 28ی حوزەیراندا جەعفەر عەسکەری (رئیس الوزراء) چوو بۆ سولەیمانی و لەوێوە بۆ پێنجوێن شێخ مەحمودیش لەولاوە هات و لەگەڵ ئەویشا چاویان بەیەک کەوت. قسەیان هاتە سەر ئەوە کە ئەویش خۆی بچێت سەرێکی بەغداد بدات، ئەم قسەشیە وەرگرت و بەڕێکەوت لە 5ی تەمووزی 1927دا گەیشتە بەغدا و لەوێ مەندوبی سامی چاوی پێکەوت و شوێن و جێگەی بۆ بابەعەلی کوڕی کە لەگەڵ خۆی هێنابووی رێک خست و پاشان گەڕایەوە بۆ سولەیمانی و لەوێوە بۆ پیران لە مەریوان.» (هەمان سەرچاوە ل98-99). 
کە ئەو چوو لە پیران دانیشت، مەعنای وا نەبوو شۆڕشی کوردایەتی کۆتاییهات و ئیتر ئاوکرا بە ئاگردا. لە ویلایەتی سلێمانی کەسانی سەربە شێخ مەحمود لە ژێرەوە هەر خەریک بوون و بۆ هەل دەگەڕان، پیاوەکانی شێخ مەحمود هەموو جار هاتوچۆی سلێمانیان دەکرد، لەم هاتوچۆکردنەدا هەموو جۆرە باوەڕێک تازە دەبۆوە. لە هەموو وڵاتێک بەرەی توجار و خاوەن پارەکان حەز بە تێکچوونی ئاسایش و پشێوی ناکەن، لە سلێمانیش ئەو دەستەیە لە رواڵەتا حەزیان بەو ئارامی و بێ پشێوییە دەکرد، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نەبوو کە بزوتنەوەی شێخ مەحمود-یان پێناخۆش بوو، بەڵکو ئەوان دەیانزانی کە شۆڕشی شێخ مەحمود بۆ سەربەخۆیی و بۆ ئازادی کوردە، هەموو دەمێکیش سەربەخۆیی و ئازادی لە دیلی و ژێردەستەیی خۆشترە، ئەوەندە هەبوو لە رواڵەتدا لەبەر هێزی زۆردار وایان پیشاندەدا کە گوایا ئەوەندە لووت بەم بزوتنەوەیەی شێخ مەحموددا ناهێنن. خۆ ئەگەر لە ژێریشەوە سەیرت بکرایە، هەموو کسپه لە جەرگیانەوە دەهات بۆ دەربەدەری شێخ مەحمود و تێکچوونی حکومەتی کوردستان. بۆ وێنە پیاوەکانی کەریمی عەلەکە کە لە ژێرەوە بەبێ دەنگ لەگەڵ دەستەی شێخ مەحمود و لەگەڵ ئەهلی سلێمانی بوون و بەرامبەر بە بزوتنەوەی شێخ مەحمود و وڵاتی شێخ دڵسۆز بوون.

بەرژەوەندیی بازرگانەکان
لێرەدا روونە کە کورد هەمیشە حەزی لە شۆڕش و نوێبوونەوەیە، واتە هەرکات پیاوانی شێخ مەحمود رووەو سلێمانی رۆیشتوون، هەواڵی شێخ مەحمود و بەرخوردانی شۆڕشەکەیان گەیاندۆتە دانیشتوانی ناوچەی حوکمڕانی شێخ مەحمود و سلێمانی. بە واتایەکی تر دۆخەکە وای خواستووە کە هێمن و هێور بێتەوە بۆ خۆکۆکردنەوە و بڕیاری دروست. هەرچەند لێرەدا، عەلائەدین سەجادی لای داوە بەلای کاسبکار و بازرگانەکاندا کە ئەوان بەهۆی بەرژەوەندییانەوە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی حکومەتی عیراق و بیری عیراقچێتییەوە، جگە لە پێشینەیان لەگەڵ شێخ سەعیدی باوکی شێخ مەحمود هەر بەهۆی بەرژەوەندیی خۆیانەوە دژی وەستان و گەیاندیانە موصڵ، هەرچەندە ئەمە هۆکارێکیتری لە پشت بوو تورکە ئیتحادییەکان فیتی گەورە بوون بۆ دژایەتی شێخ سەعید، بەڵام لە رێگەی ئەم بازرگانانەوە بیرۆکەکە بۆ لەناوبردنی دەسپێکی شێخ سەعید و فکری نەتەوایەتی کورد جێبەجێکرا.

 

 

شێخ مەحمود لەگەڵ چەند ئەفسەر و سەربازێکی ئینگلیز و ژمارەیەک لە شوێنکەوتوانیدا

وەکو بارمتەیەک وابوو
لەبارەی باباعەلی کوڕی شێخ مەحمود (م. ڕ. هاوار) لە زاری شێخ لەتیفەوە دەڵێت: «لە راستیدا هێنایانم بۆ بەغداد هەر وەکو بارمتەیەک وابووم، کە باوکم هیچ شتێک دژی حکومەت نەکات و چوار ساڵیش لە مصر مامەوە.» (شێخ مەحمودی قارەمان و دەوڵەتەکەی خوارووی کوردستان، ب2 ل705).
عەلائەدین سەجادی دەڵێت: «ئەمە لەملاوە لە سولەیمانیەوە چوو بووە پیران شێخ مەحمود لەوێ دانیشتبوو، ئەمەش مەعنای ئەوە نەبوو کە دەستی لە ئەنجامی شۆڕشی چەند ساڵەی هەڵگرتووە، بەڵکو کۆنگرەی راستی بۆ ئەم مەبەستە هەر ئەوە بوو کە لە پیران دروست ئەبوو.» (هەمان سەرچاوە ل99).
واتە لێرەوە پیران بوو بە شوێنی کۆبوونەوەکانی شێخ مەحمود و سەردانی ئەوانەی مەبەستیان بوو، بۆ رێکەوتن یان بۆ هەر بابەتێکی تر بوایە دەچوونە ئەوێ لەوێوە بڕیار دەدرا، دیارە بە تەنها بۆچوونی شێخ مەحمود نەبوو بۆ بڕیارەکان، بەڵکو بە پرس و را وەک دەڵێن (کۆنگرە)کە مەبەست لێی کۆبوونەوە و بڕیاری دروستدان بوو.

لەگەڵ ئەعیانەکانی سنە
عەلائەدین سەجادی دەڵێت: «پیران ناوەڕاستی بزوتنەوەی شۆڕشی شێخ مەحمود بوو، مەریوان و بانە و جوانڕۆ و رەوانسەر بە دەوریەوە بوون، رێبازی گەرمیان و کوێستانی عەشرەتی جاف بوو، رێگەیەکی نزیکی چەپەری سنە بوو، بۆ بەیەکگەیشتن لەگەڵ ئەعیانەکانی سنەدا. شێخ مەحمود لەوێدا بە سانایی لەگەڵ ئەم هەموو شوێنانەدا قسەی ئەکرد و ئەم هەموو شوێنانە وەکو پوورەی هەنگ لە دەوری کۆدەبوونەوە.» (هەمان سەرچاوە ل 99- 100). لەوێدا توانی مەزبەتەیەکی گەورە دروست بکات و بینێرێ بۆ ئەعیانەکانی سنە بۆئەوەی بڕیار لەسەر بوونی حکومەتێکی کوردی بدەن و پاشان بەهۆی ئەم مەزبەتە و پشتیوانییەوە کە لە هەموو لایەکەوە ئەکرێ سەر لەنوێ تێهەڵچێتەوە و بکەوێتە ئیشکردن.
لێرەدا زۆر روونە شێخ مەحمود هەر هەوڵی تێهەڵچوونەوەیەکی نوێی بوو، تا بە بڕیار و ستراتیجێکی نوێوە بکەوێتەوە هەوڵی شۆڕش و دروستکردن و پێکەوەنانی حکومەتێکی لۆکاڵی کە ناوچەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و باشوور بەیەکەوە ببەستێ و بە ئینگلیز بڵێ وازمان نەهێناوە لە داوا رەواکانمان، وەک کوردی بەشخوراو لە جیهانی سەرمایەدار و داگیرکاریدا پاشگەز نابینەوە و کۆڵ نادەین.
لە رێکەوتننامەکە کشایەوە
عەلائەدین سەجادی دەڵێت: «کەوابوو ئەو ماوەیە کە شێخ مەحمود لە پیران بوو، وەنەبێ تەنها لەبەر ئەوە بووبێ کە ئینگلیز، یان حکومەتی عیراقی رێگەی هاتنەوەیان لێگرتووە، بەڵکو زیاتر ئامانجەکەی ئەوەبوو کە ئەو شتانەی رێکخا، ئەگەرنا بیویستایە بە ژیانی چەتەیی (پارتیزانی) رابوێرێ هەموو دەمێک دەیتوانی لە ژێر سێبەری ئەو ژیانەدا ئینگلیز و حکومەتی عیراق تووشی گەلێ تەنگ و چەڵەمە و گیروگرفت بکات.» (هەمان سەرچاوە ل 100).
زانیار سەردار قڕگەیی دەڵێت: «دوای راپەڕینە بەناوبانگەکەی شاری سلێمانی لە رۆژی 6ی ئەیلولی ساڵی 1930دا شێخ مەحمود هاتەوە مەیدان و دەستی لەو رێکەوتننامەیە هەڵگرت کە بە ناچاری سەرەتای حوزەیرانی 1927 لەگەڵ میریدا بەسەرپەرشتی ئینگلیزەکان مۆری کردبوو. لە ماوەی ئەو سێ ساڵ و چەند مانگەدا شێخ گوندی پیرانی ئەودیو سنووری کردە بارەگا و خۆی لە کاروباری ئەو دیو دوورەپەرێز گرت. کوشتاری شەشی ئەیلول، هەستی هەموانی بزواند، دەیان بروسکەی ناڕەزایی کورد گەیشتە بارەگای کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبة الامم) لە جنێڤ، تەنانەت دانیشتوانی مەریوانی ئەودیویش بە بروسکە داوای ئازادکردنی ئەو نیشتمانپەروەرانەیان دەکرد کە لە سلێمانی گیران و برانە کەرکوک. هەڵبەتە شێخ مەحمودیش نەیدەتوانی بە بێدەنگی دانبیشێت». (دکتۆر کەمال مەزهەر ئاوڕ لە مێژوو دەداتەوە، چ1، ل 259).

 

شێخ مەحمود و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هێزەکەی

بەرەو کەرکوک
کریس کۆچێرا باسی دەکات: «شێخ مەحمود ئەو کەڕەتەش کاتی هەڵسانەکەی جوان لەبەرچاوگرت و سەرنجی دەدایە». (مێژووی کورد لە سەدەی 19 - 20، ل 185 - 189). واتە ئەو لە پیرانەوە باش خۆی ئامادەکرد، لەوێوە بەرەو شۆڕشی کۆتایی تەمەنی کشا بەرەو کەرکوک بۆ ئازادی، ئەوەبوو شەڕی ئاوباریکی لێکەوتەکەوە و بە مراد نەگەیشت.
ئەمانە بۆ سەلماندنی ناوی گوندی پیرانن لە شۆڕشەکانی شێخ مەحموددا، کە ناو و ناوبانگی هەیە و وەک (مسقط الرئس) شوێن و پێگەی دووەم لەو کات و هەلومەرجەدا بۆ شێخ مەحمود و کوردپەروەران لەو نێوەندەی ئێران و عیراقدا جێگای خۆمەڵاسدانێکی باش بووە بۆ مانەوەی فیکری ئازادیخوازی و گەشەکردنەوە و نەکوژانەوەی ئاگر و بروسکەی کوردایەتی. 
شێخ مەحمود لەوێ لە مەراقدا بوو بۆ کورد و پاشەڕۆژ، وەک دەڵێن دەتوانرا پارتیزانانە شۆڕش بکرێت، بەڵام کورد لە دۆخی ئەوەدا نەبوو کە ماندووتر بکرێت، شێخ مەحمود نەشیدەویست خەڵک لەوە زیاتر شەهید بدەن و نانبڕاو و وڵات سوتاویش بن.


سەرچاوەکان:
-1عەلائەدین سەجادی، شۆڕشەکانی کورد و کوردی عیراق، سنندج، کوردستان، 1395.
-2زانیار سەردار قڕگەیی، دکتۆر کەمال مەزهەر: ئاوڕ لە مێژوو دەداتەوە، چ1، 2013. 
-3کرێس کۆچێرا، کورد لە سەدەی 19-20، و: محەمەد بازیانی، چ1، بەهاری ساڵی 1349 تاران.
-4ئەحمەد خواجە، چیم دی، ب1-4 ئامادەکردنی سدیق ساڵح.
-5 م. ڕ. هاوار، شێخ مەحمودی قارەمان و دەوڵەتەکەی خواروی کوردستان، چ1، لەندەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان