45 -ەمین ساڵیادی دەنگی کوردایەتی و کوردەواری

10:37 - 2024-03-20
دووتوێ
103 جار خوێندراوەتەوە
#دەنگی گەلی کوردستان بڵندگۆیەکی راستگۆ و راستبێژ، هێشتا سەنگ و رەونەقی خۆی لەدەست نەداوە

راپۆرتی / جەمال ئارێز

ئیزگەیەک، دەنگێکی زوڵاڵی دوای چوارساڵ بێدەنگی، دەنگێک کە لە نەورۆزی ساڵی (1979)دا نەعرەتەی گەیشتە عەرشی داگیرکەران و مژدەی بەردەوامیی شۆڕش و خەباتی بە گوێی هەموو گەلی کوردستان راگەیاند.
ئەو ئیزگەیە جگە لەوەی لە بارودۆخی سەختی خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەدا هاتە گۆ بۆ گەلی کوردستان، لە سەرەتاوە بە ناوی (دەنگی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)ەوە پەخشی دەستپێکرد، بەڵام دوای نزیکەی دوو مانگ بوو بە بڵندگۆیەک بۆ خەباتی سیاسی و چەکداری دژبە رژێمی عیراق بۆیە ناوەکەشی گۆڕدرا بە (دەنگی شوڕشی عیراق) و لە ژێر ئەو تایتڵەدا بەرنامەکانی و چالاکییەکانی پێشمەرگە و وتاری سیاسیی رۆژانەی بڵاودەکردەوە و تا ساڵی (1984)یش هەر بەو ناوەوە بەڵام کۆڵبەکۆڵ مایەوە.
لەوە بەدواوە بەهۆی گۆڕانی دۆخی سیاسیی کوردستان و پەیرەوکردنی دروشم و پڕۆگرامی نوێبوونەوەی دوای گۆڕانی دروشمی سیاسیی سەرەکیی خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئۆتۆنۆمیی راستەقینەوە بۆ دروشمی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی کوردستان)، رادیۆکەش چووە خزمەتی ئەو دروشمەوە و لە دەنگی شۆڕشی عیراقەوە بوو بە دەنگی گەلی کوردستان کە تا هەنووکەش بە هەمان ناونیشان و تایتڵ و ستراتیژ، بەڵام بە چەندین گۆڕانکاریی سەردەمییانەوە بەردەوامە لە پەخش.
رادیۆیەکی کۆڵ بەکوڵ بەڵام دەنگی نیشتمان و شۆڕشێک
مێژووی پێگە و بارەگای ئەم ئیزگەیە ئەگەرچی لە زۆربەی قۆناغەکاندا کۆڵ بەکوڵ و هەر جارە و لە جوگرافیایەکەوە پەخشی دەکرد، بەڵام سەرەنجام هەمیشە دەنگی نیشتمانێک و شۆڕشێک بوو.
لە سەرەتای پەخشی رادیۆکەدا لە گوندی نۆکانەوە دەستی بە پەخش کرد، بەڵام پاش ماوەیەک چووە گوندی مامۆڵە و پاشتر تووژەڵە و ئیدی تا ساڵی (1983) لەوێ ئۆقرەی گرت.
تەنگ بە بارەگاکەی هەڵچنرا
لەو ساڵەدا و لە ئەنجامی ململانێی سیاسیی هێزە رکابەر و نەیارەکانی ناوخۆ و دوژمنانی شۆڕشی کوردایەتی و دەنگی ئازادی کوردستانی، مەترسی کەوتە سەر بارەگاکانی سەرکردایەتیی یەکێتی و ئیزگەکەش بۆیە سەرەتا گوێزرایەوە بۆ گوندی (باوزێ) و دواتریش بارگەی پێچایەوە بەرەو (بەرگەڵو) هەتا دەستپێکردنی شاڵاوەکانی ئەنفالی یەکەم، لێرەشەوە بە قۆناغێک چووە بەفری میری پشت هەڵەبجە و دواتر بەرەو شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان.
دەنگی راپەڕین و دەنگی ئاوارەکان
لە ئامادەکاریدا بۆ راپەڕینی 1991 رادیۆ بووە دوو رادیۆ لەسەر شەپۆلی کورت (شۆرت وەیڤ) یەکێکیان پەخشی (41) مەتر بەرامبەر حەوت میگاهێرتز و ئەوی دیکەیان پەخشی (75) مەتر بەرامبەر چوار میگاهێرتز و ئەزموونی پەخشی راستەوخۆی دەستپێکرد.
لە راپەڕیندا گەڕایەوە ناوشاری سلێمانی و لە گردی عەلی ناجی جێگیرکرا و پاش شکستی راپەرینی یەکەمیش رادیۆ برایە ماوەت و لە دوای داستانەکانی ئەزمڕ و کۆڕێ و چەناخچیان و هیزۆپ و دەستپێکردنی دانوستانی بەرەی کوردستانی و رژێم بووە دەنگی ئاوارەکان کە لە کۆڕەودا دابڕابوون و بەهۆیەوە چەندین خێزان بەیەکتری گەیشتنەوە، ئەوە سەرەڕای ئەو رۆڵە پێشەنگانەیەی لە ماوەی راپەڕیندا بینی و بووە تاکە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
26 -ەمین ئەندامی فەخریی مانگرەکان
چۆن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هیچ قۆناغێکی خەباتدا کەمتەرخەم نەبووە و دوانەکەوتووە، لەو رووەشەوە لە 5/12/1991 دا کاتێک 25 گەنج یەکەم شێوازی خەباتی مەدەنییان دەستپێکرد و مانگرتنیان لە خواردن و خواردنەوە راگەیاند، رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان بووە دەنگی ئەو مانگرانە و لەبەر ئەو رۆڵە میدیاییە کارامەیەی لە بەرجەستەکردن و گشتگیرکردنەوەی ئەو خەباتەدا بینی، مانگرەکان رادیۆکەیان بە ئەندامی فەخری قبووڵکرد. 
لە ماوەتەوە دیسانەوە بۆ سلێمانی
لە (1993)ەوە دیسانەوە رادیۆ بارەگاکەی لە ماوەتەوە هێنرایەوە بۆ ناو شاری سلێمانی تا رووداوەکانی 31ی ئابی 1996 و دووبارە گەڕانەوە بەرەو ناوزەنگ و زەڵێ بە شێوەی کاتی و لەدوای گەردەلوولی تۆڵەی یەکەم بە رەسمی لە چوارتا جێگیرکرا و تا ساڵی 2012 لەوێ مایەوە.
جارێکی تر گەڕانەوە بەرەو سلێمانی
پایزی ساڵی 1996 ئیتر رادیۆ بۆ یەکەمجار جۆرێک لە ئۆقرەیی بەخۆیەوە بینی و بەشەکانی فراوان کرا، بە جۆرێک پەخشی رادیۆکە قۆناغ بە قۆناغ گەشەی پێدرا و لە رووی ئامێر و تەکنیک و بەربڵاویی تۆڕی پەیامنێرەکانییەوە و ماوەی پەخشەکەشی تادەهات زیاتر دەبوو بە تایبەتی لە دوای رێکەوتننامەی واشنتۆن و پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە کە دواجار گەیشتە نزیکەی 24 سەعاتی تەواو.
لە ساڵی 2012 دا و لەگەڵ دابینکردنی بینای جێگیر بۆ مەکتەبی راگەیاندن، جگە لە تەلەفزیۆن هەموو کەناڵ و رادیۆ و رۆژنامە و چاپەمەنی و سایت و پەیجەکانی سەربە مەکتەبی راگەیاندن لە بینایەکی یەکگرتوودا لە سلێمانی کۆکرانەوە، بەمەش رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان بەیەکجاری لە چوارتاوە گواسترایەوە ناو شاری سلێمانی و پێ بەپێی پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکانی کایەی دیجیتاڵ میدیا، رادیۆی دەنگی گەلی کوردستانیش لە تەنها رادیۆیەکەوە گەشەی پێدرا بۆ سایت و پەیج و بەرنامەکانیشی کە پێشتر تەنها سیاسی بوو، گەشەی پێدرا بۆ سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و زانستی و ئایینی و دیدار و ریپۆرتاژی جۆراو جۆر.
بڵندگۆیەکی راستبێژ
ئەمساڵ کە ئیزگەکە یادی 45 ساڵەی تەمەنی خۆی دەکاتەوە، هێشتا ئەو سەرچاوەیەیە کە لەم گێژاوە میدیاییەی ئەم سەردەمەدا وەک بڵندگۆیەکی راستگۆ و راستبێژ و جێی متمانە بەردەوامە بە گوێرەی قۆناغی کاری میدیایی ئەم سەردەمە و هێشتا سەنگ و رەونەقی خۆی لەدەست نەداوە.
بۆیە لەم یادەدا جێی خۆیەتی سڵاو بۆ هەموو ئەوانە بنێرین کە لە هەریەکێک لەو قۆناغانەدا بەو رادیۆیەوە ماندوو بوون و کاریان تێداکردووە، سڵاو لە گیانی هەموو ئەو نەمرانەی خێزانی گەلی کوردستانیان بەجێهێشتووە و لە بەهەشتی نەمریدان و سڵاو بنێرین بۆ ئەو کچ و کوڕە گەنجانەی کە ئێستا بەردەوامن لە خزمەت و گەشەپێدانی رەوتی میدیایی کە لەسەردەمی شۆڕش و کوردایەتییەوە هاتووە تا ئەمانەی ئێستا ئاڵای میدیایەکی راستگۆی کوردەواریی هاوچەرخیان بە شەکاوەیی بەرز راگرتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان