ئامادەیی سلێمانی کچان و یادەوەرییەکی لە یادنەکراو

10:20 - 2024-03-31
کەلتور
198 جار خوێندراوەتەوە
ئامادەیی سلێمانی کچان ساڵی 1978

 د. رووناک مەحمود بۆمبا 



ساڵی 1984 ئەو کاتەی یاریدەدەری بەڕێوبەر بووم لە ئامادەیی سلێمانی کچان، مامۆستای وەرزشمان نەبوو، دواناوەندی و ئامادەییەکە چالاکییەکی پێشبڕکێیان هەبوو کە ساڵانە لە مانگی سێ دا دەکرا، لەبەرئەوەی ئامادەییەکە مامۆستای وەرزشیان نەبوو وتیان لە پێشبڕکێکەدا بەشداریی ناکەین. من وتم ئامادەم بەشداریی بکەین، وتم خۆم سەرپەرشتیی خوێندکارەکان دەکەم، ئەوەبوو بەشداریمان کرد و لە پێشبڕکێی خوێندنگەکانی سلێمانیدا گەیشتینە ئەو قۆناغەی یەکەم و دووهەم دەمێننەوە، ئەو دوو خوێندنگەیەی مانەوە، ئامادەیی خانزادی کچان و ئامادەیی سلێمانی کچان بوون، ئێمە خۆمان زۆر باش ئامادەکردبوو بە خوێندنەوەی هۆنراوە و گۆرانییەوە، بە ئامادەکردنی شانۆگەرییەکی کورتی جوان و بە ئامادەکردنی سروودێکی نیشتمانیشەوە. من ئەو کاتە سروودی (دەمی راپەڕین)م ئامادەکردبوو، تا خوێندکارەکانم لە پێشبڕکێکەدا بیڵێن، ئەوانیش زۆر چاک لەبەریانکردبوو، بە مۆسیقای تیپی چالاکییەکانەوە دەیانووت. رۆژێک بەر لە وادەی دەستپێکردنی پێشبڕکێکە، لە چالاکیی قوتابخانەکانەوە تەلەفۆنێکمان بۆکرا و وتیان نابێت بە سروودی دەمی راپەڕین بەشداریی بکەن و دەبێت سروودێکی دیکە هەڵبژێرن! 
منیش بەو پەلە پەلە سەخت بوو بتوانم سروودێکی دیکە هەڵبژێرم، کاتمان بە دەستەوە نەمابوو تا خوێندکارەکان پڕۆڤە لەسەر سروودێکی نوێ بکەن. لەبەرئەوە دەستم دایە قەڵەم و کاغەز و دەستمکرد بە نووسینی هۆنراوەیەک لەسەر ریتمی سروودی دەمی راپەڕین خوێندکارەکانم دەیانووت. هۆنراوەکە ئەمەبوو: 
ئێمە ژنانین نیوەی کۆمەڵین
ئێمە دایکین و هەم بەخێوکەرین
ئێمەین ئیلهامی شیعر و لاوکین
ئێمەین گەلێجار لە جێی باوکین
ئێمەین خوێندکار و ئێمەین مامۆستا
ئێمەین شاگرد و هەر ئێمەیش وەستا
ئێمەین پزیشک و ئێمەین پەرستار
ئێمەین ئەندازیار ئێمەین کرێکار
ئێمەین دادوەر و ئێمەین بڕیاردەر
ئێمەین پارێزەر ئێمەین مافپەروەر
ئێمەین موڵکدار ئێمەین خەزنەدار
هەر ئێمەین پاڵە و هەر ئێمەیش جووتیار
ئێمەین فەرمانبەر ئێمەین کارگوزار
ئێمەین کەیبانوو ئێمەین بەهرەدار
ئێمەین کە دایکی وەتەن چاوی لێمانە
ئێمەین کە خاکمان پاکدەکەینەوە لە بێگانە 


کە ئامادەبووان گوێیان لەم هۆنراوەیە بوو لەسەر ئاوازی دەمی راپەڕین، هەموویان هەڵسانە سەرپێ و دەستیان کرد بە چەپڵەڕێزان. ئەگەرچی کارەکەمان بە پەلە ئامادەکردبوو، تیپی مۆسیقایش لەگەڵ خوێندکارەکانماندا مۆسیقایان لێ نەدا، بەڵام راهێنانێکی جوانم بە خوێندکارەکان کردبوو، بە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی دەنگیان ئاوازێکی دڵگیریان دروستکردبوو. لیژنەکە وتیان ئافەرین بۆ ئێوە چۆن توانیتان بە ماوەیەکی کەم ئەم سروودە جوانە ئامادە بکەن کە باس لە ئافرەتی کورد دەکات ئێوە شایستەی پلەی یەکەمن، ئەمە هۆنراوەی چ شاعیرێکە، منیش وتم ئەوە هۆنراوەی منە و بە پەلە نوسیوومە بۆ ئەوەی لەبری سروودی (دەمی راپەڕینە...) خوێندکارەکانم پێشکەشی بکەن. ئەو هۆنراوەیەم دواتر برد بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکان وتم بەڵکو ئاوازێکی دیکەی بۆ دابنرێت، بەڵام پشتگۆێ خرا. جارێکیش کە تیپی کیژانی سلێمانی دامەزرا شیعرەکەم بۆ بردن بەڵام تا ئێستا نەکراوە بە کارێکی هونەری. لەبەر ئەوە حەزمکرد وەک مێژوو ئەم هۆنراوەیە و چیرۆکەکەی لەسەر لاپەڕەکانی کوردستانی نوێی ئازیزدا بمێنێتەوە کە بەهۆی ئەم هۆنراوەیەوە پلەی یەکەممان لە پێشبڕکێکەدا وەرگرت و کاسی براوەییمان بردەوە بۆ ئامادەیی سلێمانی کچان.

رۆژێک بەر لە وادەی دەستپێکردنی پێشبڕکێکە، لە چالاکیی قوتابخانەکانەوە تەلەفۆنێکمان بۆکرا و وتیان نابێت بە سروودی دەمی راپەڕین بەشداریی بکەن و دەبێت سروودێکی دیکە 
هەڵبژێرن! 

لێرەوە چاوی یەکە بە یەکەی ئەو گروپە لە خوێندکارەکانم ماچ دەکەم کە لەسەر ئاوازی سروودی (دەمی راپەڕینە دەمی راپەڕین) شیعرەکەمیان لەماوەیەکی کەمدا لەبەرکرد و بە شێوەیەکی ناوازە لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی پێشکەشیان کرد، ئەو خوێندکارانەم تیایاندایە ئێستا پزیشکە یان ئەندازیارە، هەیانە یاساناسە، یان دکتۆرای هەیە لە یاسادا، هەندێکیان نووسەرن، هەموویان جێگە و پێگەی خۆیان هەیە لەناو کۆمەڵگەدا و هەریەکەیان لە بوارەکەی خۆیدا خزمەت بە کۆمەڵگەکەی دەکات.

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان