״پێنج جار كنە و پشكنینی بۆ کراوە، هێشتا بەتەواوەتی مێژووەکەی ساغ نەبۆتەوە״

بۆچی شوێنەواری (كلك مشك) لە هەولێر فەرامۆش كراوە؟

10:02 - 2024-04-16
ڕاپۆرت
169 جار خوێندراوەتەوە
شوێنەواری كلك مشك هێشتا بەتەواوی کاری کنە و پشکنینی تەواو نەبووە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

 

گردی شوێنەواری (كلك مشك) یەكێكە لەو گردە شوێنەوارییانەی هەولێر كە پاش کنە و پشكنین، چەندین پارچە شوێنەواری سەردەمی جۆراوجۆری تێدا دۆزراوەتەوە و ئێستا كەوتۆتە ناو گەڕەكی شادی –ەوە و مەودایەکی کەم لە سەنتەری شارەوە دوورە. بەڵام نازانرێت بۆچی تائێستا وەک پێویست كنەو پشكنینی تەواوەتی تێدا نەکراوە تا سەرجەم شوێنەوار و مێژووە راستەقینەکەی دەركەوێت.

 

پڕۆفیسۆر د. نوعمان جومعە


نزیکەی 80 ساڵە بە شوێنەوار تۆمارکراوە
لەو رووەوە پڕۆفیسۆر د. نوعمان جومعە مامۆستای بەشی شوێنەواری لە زانكۆی سەلاحەدین دەڵێت: كلك مشك، هاوشێوەی گردی قالینچ ئاغاو گردە شوێنەوارییەکانی دیەکەیە كە لە 1945ەوە وەكو شوێنەوارێک لەلایەن دامەزراوەی شوێنەواری عیراقەوە تۆماركراوە و لە رۆژنامەی وەقائیعی عیراقیدا بڵاوكراوەتەوە، هەروەها دەڵێت: «مێژووی تەواوی هەموو چینەكانی گردكە دیارنییە هی چ سەردەمێکە، بەڵام بەگوێرەی هەڵكۆڵین دەتوانین مێژووەکەی بیزانین، روونیشیکردەوە کە هەڵكۆڵین لە گردەكە بەردەوامە و هێشتا نەگەیشتۆتە قۆناغی كۆتایی.
ئەو پسپۆڕەی شوێنەوار ئاماژەش بەوە دەکات کە لە ساڵی 2010ەوە چوار تا پێنج جار كنە و پشكنین لەو گردەدا کراوە و لە وەرزی یەكەمدا تیمێكی شوێنەواری زانكۆی لیۆن دووی فەرەنسی لەگەڵ بەشی شوێنەواری زانكۆی سەلاحەدین و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر كاریان تێداكرد، بەڵام ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبوو. 

پێنج وەرز کنە و پشکنینی بۆکراوە
وتیشی: لە ساڵەكانی 2011 و 2012 كنە و پشكنینی ترمان کرد كە خۆم سەرپەرشتیی پڕۆسەكەم دەكرد لەگەڵ چەند مامۆستا و خوێندكارێكی بەشەکەماندا لەو وەرزەدا یەكێك لە نوێترین زانیاریی مێژوویمان لەسەر گردەكە دۆزییەوە كە بۆ نزیکەی 1500 تا 2000 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە واتە سەردەمی ئاشووریی ناوەڕاست و ئاشووریی كۆن، بەڵام پێشتریش چینی شارستانیەتی ئیسلامی تێدا دۆزراوەتەوە كە بۆ سەدەی چوارەمی كۆچی و دەسەڵاتی عەباسییەكان دەگەڕێتەوە كە هەندێك پارچەی شوێنەواری لە مۆزەخانەی هەولێر نمایشكراون.
سەبارەت بە ناوی گردەكەش وتی: بە رەسمی هیچ سەرچاوەیەك ئاماژەی بە ناوەكە نەكردووە كە ئاخۆ لەچییەوە هاتووە، بەڵام كاتێك رووپێوی گردەكەمان كرد، نزیكەی 240 مەتر پانییەكەیەتی و 290 مەتریش درێژەییەتی و بەرزییەكەشی 15 مەترە، چونکە كە سەیری دەكەیت گردەكە لە جەستەی مشك دەچێت، بەڵام رایەكی تر هەیە كە خەڵكی ناوچەكە دەڵێن ئەو گردە گیانداری زۆری لێبووە و ئێستاش كونەمشكی لێیە، لەوانەیە بەو هۆیەوە ئەو ناوەی لێنرابێت، ئەو ناوەش لە ساڵی 1945 ەوە لە رۆژنامەی وەقائیقی عیراقیدا تۆمارکراوە.

قەبارەی گردەکە 240 مەتر پانی بە 290 مەتر درێژیی و بە 15 مەتر بەرزییە و شێوەکەی لە جەستەی مشك دەچێت!

پێشتر رەبییەی سەربازیی بوو
پڕۆفیسۆر د. نوعمان جومعە دەشڵێت: تا 2010 هیچ گرنگیی ئەوتۆی پێنەدەدرا و خەڵک زەوییەکەیان دەکێڵا و بەهۆی ئەو زیادەڕەویانەی كە پێشتر كراونەتە سەر گردەکە زۆربەی شوێنەوارە ئیسلامییەکانی لەناوچووە تەنانەت لەسەردەمی رژێمی پێشوودا ئەو گردە كرابووە سەنگەری سەربازی و بە شۆڤڵ چاڵیان تێدا هەڵكەندبووە، ئەو شوێنەش کە سەنگەری لەسەر دروستكراوە هیچ شوێنەوارێکی لەسەر نەماوە.
وتیشی: دوای راپەڕین لەلایەن خەڵكەوە دووبارە دەكێڵرا، بۆیە شورایەكی چیمەنتۆمان بۆ دروستكرد و لەدوای ساڵی 2010 شورایەکی گەورەتری بۆ كرا و ئەویش بەهۆی قەیرانی داراییەوە تەواو نەكرا.
ئەو پسپۆڕەی شوێنەوار راشیگەیاند کە بەپێی پشكنینەكان ئەو گردە شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ بووە، بەڵام جگە لەدۆزینەوەی دیوار و بینای كۆن و شتی تر، گۆڕێكی گرنگ و جیاوازی تێدا دۆزراوەتەوە کە بە خشتی سوور و لەسەر شێوەی گومەز دروستكراوە، کە واپێدەچێت هی كەسایەتییەكی بەناوبانگ بووبێت و لەناویشیدا كەرەستەی زۆری وەكو ملوانكە و پارچە ئێسك و گۆزە دۆزراوەتەوە و گۆڕەكە بەشێوەیەك دروستكراوە كە بۆنەی ئایینی تێدا کرابێت و پێدەچێت هی سەردەمی ئاشوورییەكان بێت، بەڵام دیواری گۆڕەكە كونكراوە كە پێدەچێت لەكۆندا گۆڕەكە بە مەبەستی دزینی پارچە شوێنەوارەكانی هەڵكەندرابێت.

پاسەوانەکەی خانەنشین کراوە و خشتە سوورەکانی دزراوە
وتیشی بەداخەوە بەهۆی خانەنشینبوونی ئەو پاسەوانەی بۆ گردەکە دانرابوو، ئێستا ئەو شوێنەوارە بێ پاسەوانە و دانیشتوانی نزیك لەو گردەكەش پاشماوەی کەرەستەی بیناسازیی و خاشاكی لێ فڕێدەدەن كە دیمەنی دەوروبەرەکەی ناشیرین كردووە.
روونیشیکردەوە کە شوێنەوارەکە تەمەنێكی درێژی هەیە، بۆیە بەهۆی كاریگەریی كەشوهەواوە خەریکە بەرەو لەناودەچێت و وتی: شوێنەوارەکان تەنیا مرۆڤەكان دوژمنی نین، بەڵكو سروشتیش وەكو باران و هەواو بوومەلەرزە لەناویدەبەن، بۆیە لەڕابردوودا داوامكرد كەپرێك بۆ گۆڕەكە دروستبكرێت چونکە خەڵكی ناوچەكەش دەستكارییان دەكرد و خشتە كۆنەكانیان دەبرد. راشیگەیاند کە لەبەرئەوەی تائێستا پەرستگا و شورای بەرچاویان لەسەر گردەكە نەدۆزیوەتەوە ناتوانن بڵێن شارێكی گەورەیە، بەڵام پێیوابوو کە ئەگەری هەیە نزیكەی 10 تا 15 ماڵێكی دێرینی لەسەر بووبێت و دەشڵێت هەر وەرزێك هەڵكۆڵینمان بۆی كردبێت 10 مەتر چوار گۆشەمان دیاریدەكرد كە پاشماوەی خانووبەرەمان دۆزیوەتەوە كە خانووی سادەن و زەوییەكانی خشتڕێژكراون و ئاوەڕۆ و کەرەستەی ئاومان تێدا دۆزیوەتەوە كە بەگۆزە دروستكراون تائێستا پارچەی نووسینی كۆنمان تێدا نەدۆزیوەتەوە، چونكە پێدەچێت خەڵكی ئەو گردە سەرقاڵی كاری كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بووبن.
بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر داهاتوو و پاراستن و هەر لەوبارەیەوە وەک کوردستانی نوێ پەیوەندیمان کرد بە بەڕێوبەری شوێنەواری هەولێرەوە، بەڵام هیچ وەڵامێكی پەیوەندییەكانمانی نەدایەوە. 

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان