مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە یادی رۆژنامەگەریدا: یەکێتی لە هەر شوێنێک بووبێت ئازادی بەرفراوانتر بووە

11:35 - 2024-04-22
کوردستان
368 جار خوێندراوەتەوە

لە یادی 126 ساڵەی  دەرچوونی یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی کوردستان لەسەر دەستی روناکبیری دوورە وڵات، میقداد مەدحەت بەدرخان، پیرۆزباییەکی گەرم لە گشت رۆژنامەنوسانی کورد لە کوردستان و جیهان دەکەین کە لێبڕاوانە لە کایەی میدیا و فراوانکردنی ئازادی و دیموکراسیدا خزمەت بە کوردەوارییەکی پێشکەوتوو دەکەن.                                
رۆژی 22ی نیسان 1898 بە بڵاوکردنەوەی یەکەمین رۆژنامەی کوردی دەستپێکی قۆناغێکی نوێی تێکۆشان هاتەکایەوە تا لەو رێگەیەوە برەو بە خەباتی داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلەکەمان بدرێت.                                    
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  لەسەر هەمان رێباز و دیدی سەرۆک مام جەلال بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی دوانەی (نان وئازادی) بۆ رووناکبیران و رۆژنامەنووسان، هەر  ئەم تێڕوانینە وایکردوە هەمیشە یەکێتی لەهەر شوێنێک بووبێت کەشی ئازادی بەرفراوانتر بووە.
 لەم یادەدا جارێکیتر پشتیوانی خۆمان بۆ گشت رۆژنامەنووسانی کوردستان  دووپاتدەکەینەوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری راست و دروست و فراوانکردنی پانتایی ئازادی بۆیان لە تەواوی کوردستاندا.
کاری میدیا خزمەتێکی گشتی کۆمەڵی کوردەوارییە شایانی دەستخۆشی و پێزانینە نەک سەرکوتکردن و رامکردنی هەواڵ و زانیارییەکان وەک مافێکی رای گشتی.                   
مەکتەبی  سیاسی                                
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان