ئیدریس جەبار
سەركردەیەكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ، باس لەو كاردانەوە سیاسیانە دەكات كە دروستبوون، سەبارەت بە رێككەوتنەكانی ئەم دواییەی نێوان ئەنقەرە و بەغدا.
سەعد موتەڵیبـی سەركردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رایگەیاند: «ئەو رەخنانەی لە حكومەتی عیراق دەگیرێن لەبارەی رێككەوتنەكانی ئەم دواییەی نێوان سودانی و ئەردۆغان، لەو بڕوایەدام بابەتەكە سیاسییە زیاتر لەوەی راستی بێت، ئاشكرایە كارەكانی حكومەت رووبەڕووی كاردانەوەی سیاسی دەبنەوە لەلایەن پەرلەمانەوە».
بە وتەی موتەڵیبـی: «فراكسیۆنە سیاسییەكان باسیان لەو هۆكارە راستەقینانە نەكردووە كە دەبێت ببنە رێگر لەبەردەم رێككەوتنەكانی نێوان عیراق و توركیا، پرسی ئاویش پێویستی بە تاوتوێكردنێكی تەواوەتییە، ئەوەی ئێستا هەیە تەنیا سەرە قەڵەمە و تەنیا باس لە ناوی پرۆژەكان كراوە و وردەكارییەكان نەخراونەتەڕوو».
سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا دەڵێت: «وردەكارییەكانی پەیوەست بە هەماهەنگی نێوان بەغدا و ئەنقەرە لەبارەی ئاوەوە روون نییە، گەر وردەكارییەكان خرانەڕوو، رەنگە ئەو دەمە لێكدانەوەیەكی قووڵترمان هەبێت بۆ بابەتەكە».