راپۆرتی: ئیدریس جەبار
چەند كەسایەتییەكی سیاسیی عیراق، لە لێدوانیاندا بۆ كوردستانی نوێ سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، جەخت لەسەر گرنگیی پشتبەستن بە پرەنسیپی دیموكراسی و گوێگرتن لە دەنگی عەقڵ و گەڕانەوە بۆ حكیمەت و دیالۆگ دەكەن بۆ كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان لەسەر رێوشوێنی هەڵبژاردنەكە و پابەندبوون بەو وادەیەوە كە پێشتر راگەیەندراوە.
ئەو كەسایەتییانە وێڕای جیاوازیی ئاراستەی سیاسییان، بەپێویستی دەزانن كە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پشت بە پرەنسیپە چەسپاوەكانی دیموكراسی ببەستێت و داواش دەكەن لایەنە كوردستانییەكان دیالۆگ و لێكگەیشتن بكەنە سەرچاوە بۆ رەواندنەوەی ناكۆكییەكانیان، لەپێناوی پاراستنی دەستكەوتەكان و دوورخستنەوەی مەترسییەكان لەسەر پرۆسەی سیاسی.
لەو رووەشەوە هەریەك لە (عەبدولهادی حەسانی سەركردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، عەزال فەهداوی سەركردە لە حزبی وەفا، فازیل فەتلاوی پەرلەمانتاری پێشووی هاوپەیمانی فەتح و مازن مازنی پەرلەمانتاری پێشووتری رەوتی سەدر) باس لە ناكۆكییە سیاسییەكان دەكەن لە هەرێمی كوردستاندا سەبارەت بە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەرچواریان تەئكید لەسەر گرنگیی یەكدەنگی و وەلاوەنانی جیاوازییەكان و تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان دەكەنەوە و بەپێویستیشی دەزانن لە پرۆسەكەدا پشت بە دەستوور و یاسا كارپێكراوەكان ببەسترێت و دیموكراسی بكرێتە مەرجەعی سەرەكی.
گەڕانەوە بۆ پرەنسیپە دیموكراسییەكان
سەرەتا عەبدولهادی حەسانی، سەركردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بوونی ناكۆكییەوە لەسەر بەڕێوەچوونی لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا وتی: «هیوادارم هەموان پشت بە یاسا و دەستوور و حیكمەت و سیستمی دیموكراتیی فیدراڵی ببەستن كە دەكرێت لەو رێگەیەوە باشترین دەرفەت بۆ هەموو گەلی عیراق بڕەخسێت بەبێ رەچاوكردنی ئەوەی لە هەرێمی كوردستان یان ناوەڕاست یاخود لە باشووری عیراق بێت»، وتیشی: «ئاشكرایە هەڵبژاردن میكانیزمێكە بۆ چەسپاندنی دیموكراسی و مافەكانی هاووڵاتیان و هەر لایەنێك لەبەر هەر هۆكارێك بێت لەم پرەنسیپە پاشەكشە بكات، زیان بەو قەوارەیە دەگەیەنێت كە تێیدایە، پارتی دیموكراتی كوردستان ئەگەر بەدەر لە هەموو لایەنەكانی تر بە تەنیا بایكۆتی هەڵبژاردن بكات، بەرلەوەی زیان بەوانی دیكە بگەیەنێت، زیان بەخۆی دەگەیەنێت و پرۆسەی دیموكراسی كامڵ نابێت، بۆیە هیوادارین پارتی دیموكراتی كوردستان عەقڵ و لوژیك بكاتە پێوەر و بگەڕێتەوە بۆ سندوقەكانی دەنگدان كە لێوەی ئەو لایەنانە دیاریی دەكرێت كە ئامادەییان لەسەر ئاستی سیاسی و بوژاندنەوەی ئابووری و هێنانەدیی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان هەیە.
بە وتەی حەسانی: «رووداوەكان و ئەو رەوشەی بەسەر وڵاتدا هات، گۆڕانكاریی زۆری لە عەقڵی سیاسی گەلی عیراقدا دروستكردووە كە خەبات و تێكۆشانێكی زۆری كرد لەپێناوی هێنانەكایەی جیهانێكی باشتر، هەڵبژاردنێكی پاك و بێخەوش لەو ئامانجانەیە كە خەڵك لەپێناویدا تێكۆشاوە، تا لەڕێی سندوقەكانی دەنگدانەوە ئەو كەس و لایەنانە هەڵببژێرێت كە متمانەیان پێدەكات.
لێكگەیشتنی حزبە كوردستانییەكان نموونە بوو
هەر لەو بارەیەوە عەزال فەهداوی، سەكردە لە حزبی (وەفا)ی عیراقی، تایبەت بە (كوردستانی نوێ)ی راگەیاند: «بەر لەم قۆناغە سیاسییەی ئەم دواییە، هەرێمی كوردستان بە هەموو حزبەكانی و هەموو فراكسیۆنە سیاسییەكانی نموونە بوون، ئێمە لە ئەنبار هیواخوازبووین بگەینە هەمان ئاستی لێكتێگەیشتنی نێوان حزبەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لەم دواییەدا بەدیمان كرد، بە تایبەتی لەم خولەی پەرلەمانی ئێستای عیراق و لەم قۆناغەی ئێستادا كە گۆڕانكاریی لە ئاراستەكاندا روویدا، بۆیە داوا لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین بگەڕێتەوە بۆ سروشتی خۆی و بگەڕێتەوە بۆ لێكتێگەیشتن لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی تری هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوە لە بەرژەوەندیی هەرێم و هەمواندایە كە لایەنە سیاسییەكان یەكگرتووبن و لەسەر یەك ئاراستە رێ بكەن بۆ حزمەتكردن، چونكە ئامانجی سەرەكیی خزمەتكردنی خەڵك و فەراهەمكردنی خۆشگوزەرانی و ژیانێكی شكۆمەندانەیە بۆ هاووڵاتیان».
فەهداوی دەشڵێت: «خۆسەپاندن و دەستبەسەرداگرتن سوودی نییە و دەبێتە مایەی پەڕاوێزخستنی ئەوانی تر كە ماف و شایستەی خۆیان هەیە، بۆیە هیوادارین ماف و شایستەكان بۆ هەموان بێت، نەك بۆ قەوارەیەك بێت لەسەر حسابی قەوارەیەكی تر».
عەزال فەهداوی: خۆسەپاندن و دەستبەسەرداگرتن سوودی نییە و دەبێتە مایەی پەراوێزخستنی ئەوانی تر
لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەگەنە رێككەوتن
هەر لەو چوارچێوەیەدا، فازڵ فەتلاوی، پەرلەمانتاری پێشووی هاوپەیمانیی فەتح، راگەیاند: «پرۆسەی هەڵبژاردن گرنگە بۆ شەقامی كوردی و بۆ شەقامی عیراقیش، لەڕێی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنەوە دەكرێت پێكهاتن لەنێوان لایەنەكاندا دروستببێت، لەو بڕوایەشدام پارتی دیموكراتی كوردستان ئەگەر دیموكراسیی لە هەرێمی كوردستاندا بەلاوە مەبەست بێت، دەگەڕێتەوە بۆ نێو پرۆسەكە و لەڕێی گفتوگۆوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا لێكگەیشتن دەكات و بەشداریی لە هەڵبژاردندا دەكات».
فازڵ فەتلاوی پێیوایە: «لە قۆناغەكانی داهاتوودا، پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانی تری هەرێمی كوردستان، لێكگەیشتن و رێككەوتن دەكەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان».
تا هەڵبژاردن بۆن و بەرامەی خۆی بمێنێت
مازن مازنی، پەرلەمانتاری پێشووی رەوتی سەدر، سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا، راگەیاند: «ئێمەی عیراقی هیواخوازین لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بكەن، تا هەڵبژاردن تام و بۆن و بەرامەی خۆی بمێنێت و هەموو حزبێك ماف و شایستەی خۆی بەدەستبهێنێت، لەڕێی ئەو دیموكراسییەی كە دەستووری عیراق پەسەندی كردووە.
بە بۆچوونی مازنی: «دەكرێت جیاوازیی لە را و بۆچوونەكاندا هەبێت، بەڵام بەردەوام دانیشتن لەسەر مێزی دیالۆگ و دانوستان و گوێگرتن بۆ راوبۆچوونی بەرامبەر، بە دڵنیاییەوە رێككەوتنی بەدوادا دێت، وتیشی: لەو بڕوایەشدام سیاسییەكانی كورد ئەو داناییە سیاسییەیان هەیە وایان لێبكات جیاوازبن، بەڵام دەبێت هەر رێكبكەون، پێشبینیش دەكەم رێككەوتن لەنێوان حزبە كوردستانییەكاندا نزیكە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە كات و وادەی دیاریكراوی خۆیدا بە بەشداریی هەموو لایەنەكان».