یادەوەریی وەرزشی

09:27 - 2024-05-07
وەرزش
270 جار خوێندراوەتەوە
یانەی سلێمانی 1991

خەسرەو گورون

106




لە دوو ژمارەی پێشووی ئەم زنجیرە باسانەمدا باسی یاریی چوون و گەڕانەوەی  نێوان تیپی یانەی سلێمانی و مینام كرد لە خولی جامی یانەكانی عیراقدا كە رۆژانی 5 و 12/10/1990 لەیاریگاكانی سلێمانی و بەسرە كردمان، پاش ئەم یارییە، ئیتر تیپەكەمان چووە قۆناغی خۆ ئامادە كردنەوە بۆ بەشدارییكردن لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراقدا بۆ وەرزی 1990-1991.
ئەم خولەش مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 1990 دەستیپێكرد، پێش ئەوەی بەشداریی ئەو خولە بكەین، دەستمان بەمەشق و راهێنان كرد، یارییەكی دۆستانەشمان لەگەڵ یانەی 1 ی حوزەیرانی كەركوكدا كرد، لە ژمارەكانی داهاتوودا باسی یارییەكانی خۆمان لە خولی پلە دوو یانەكانی عیراق دەكەم، بەڵام لەم بەشەدا تیكشێك دەخەمە سەر یارییە دۆستانەكەمان بەرامبەر یانەی 1 ی حوزەیرانی كەركوك.
ئەو یارییە دۆستانەیە رۆژی 26/10/1990 لە كەركوك و لە یاریگای شەریكەی نەوتی ئەو شارە كردمان، سەعات 3 ی عەسر فیكەی دەستپێكی بۆ لێدرا، ئێمە وەك یانەی سلێمانی بە درێسی سوور و ئەوانیش بە درێسی شینەوە یارییان دەكرد.

خولەکە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 1990 دەستیپێكرد، پێش ئەوەی بەشداریی ئەو خولە بكەین، دەستمان بەمەشق و راهێنان كرد، یارییەكی دۆستانەشمان لەگەڵ یانەی 1 ی حوزەیرانی كەركوكدا كرد

راهێنەرانی ئێمە عومەر خەتاب و حەمە بچكۆل بوون، مامۆستا ئازاد وەهاب ئیداری تیپەكە بوو، بە پێكهاتەی 4-4-2 یاریمان كرد و  پێكهاتەی سەرەكی تیپەكەشمان بۆ ئەم یارییە بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵپارێز: رەفیق عەلی.
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، هادی كەریم، داخل جەبار، ئامانج سەید برایم.
*ناوەند: كاژاو كەمال، ئاسۆ قەلە، جەعفەر تۆفیق، ئالان قادر.
*هێرشبەر: حەمەی كەریم و محەمەد عەبدوڵڵا –حەمەی هەڵەبجە.
یارییەكەش بە یەكسان بوونی هەردوولامان 1-1 كۆتاییهات، هەردوو راهێنەریش ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد:
*شاهۆ حەمە فەرەج بۆ شوێنی جەعفەر.
*یاسین بۆ شوێنی داخل.
*سابیر سەلام مەلا سابیر بۆ شوێنی ئاسۆ.
گۆڵكەی ئێمە (یانەی سلێمانی) حەمەی كەریم لەدەقیقەی 4 ی یارییەكەدا كردی، گۆڵی یەكسان بوونی 1 ی حوزەیرانیش بە پەنالتی لە دەقیقەی 65 ی یارییەكەدا یاریزانی ناوداری كەركوك شێرە كردی كە یاریزانێكی بە توانای كوردی ئەوكاتەی شاری كەركوك بوو، لە ژمارەی ئایندەشدا باسی یەكەم یاریی خۆمان لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراقدا دەكەم.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان