شرۆڤەی / جەمال ئارێز
بۆردومانی ناوجەرگەی ئیسرائیل بە تەکتیکی نوێی جەنگیی بزووتنەوەی حەماس لە رۆژی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا، جیهانی راچڵەکاند، بەڵام ئەوەی بووە مایەی ئەو راچڵەکاندنە جۆری هێرشەکە و پەلکێشکردنی ئەو ژمارە زۆرەی بارمتەی ئیسرائیلی و خۆرئاوایی و بردنیان بوو بەرەو قووڵایی کەرتی غەزە وەک بارمتە و کارتی گوشار و زرێی مرۆیی بۆ زامنکردنی کارتی سیاسی لە ئەگەری وەڵامدانەوەی توندی ئیسرائیلدا.
جەنگی سوپایەکی گەورە و میلیشیایەک
هەرچەندە ئیسرائیل دەستبەجێ وەڵامی توندی ئەو هێرشەی دایەوە لەڕێی سووتماککردنی رووبەرێکی زۆری غەزەوە، بەڵام جەنگەکە لەو هەشت مانگەدا تەمومژی دۆخەکەی روونتر کردەوە کە چەند رەهەندێکی هەیە و بەتەنها هی ئیسرائیل و حەماس نییە، بەڵکو کۆمەڵێک بەرژەوەندیی زلهێزەکان لەپشتییەوە گەمەی شاراوە دەکەن.
هەرچی حەماسە هێشتا نەیتوانیوە ئەوە بۆ جیهان بسەلمێنێت کە نان و ئاو و کارەبا و پێداویستیی پزیشکی بە تەواوەتی لە غەزەدا نەماوە، چونکە ئەوان پێشتر مشووری چەکی روبەڕوبوونەوەی ئەو هێرش و پەلامارە بێ ئامانەی ئیسرائیلیان خواردووە کە حەوت مانگی رەبەقە هێشتا ئیسرائیل نەیتوانیوە ئەو ناوچە جوگرافییە بەرتەسکە بەتەواوەتی کۆنترۆڵ بکات سەرەڕای ئەو دڵڕەقییە لە وەڵامەکەیدا بەجۆرێک کە دۆستە نزیک و هاوپەیمانە ستراتیژییەکانیشی هێناوەتە دەنگ، ئەگەر شەرمنانەش بێت، بەڵام رەخنە لەو شێوازی هێرش و پەلامارانەی تەلئەبیب دەگرن کە سنوور و یاساکانی جەنگی نێوان دوو وڵاتی هاوتەریبی لەڕووی هێزی سەربازیشەوە تێپەڕاندووە، چجای جەنگ لەگەڵ میلیشیایەکدا!.
حەوت مانگی رەبەقە هێشتا ئیسرائیل نەیتوانیوە ئەو ناوچە جوگرافییە بەرتەسکە بەتەواوەتی کۆنترۆڵ بکات
هەردوولا لەژێر گوشاری جیاوازدا
ئەگەرچی هێشتا نە حەماس و نە سوپای ئیسرائیل دان بە شکستی خۆیاندا نانێن، بەڵام گوشارەکان لەسەر هەردوولایان ئاشکرایە، هەرچی ئیسرائیلە سەرەتا وەک قوربانییەک خۆی نیشان دەدا بەبێ ئەوەی رەچاوی کەڵەکەبوونی ئەو پێشێلکارییە زۆرانە بکات کە چەند ساڵێکە لە سایەی ئاگربەستدا لە قودس و دەوروبەری کەمپە جوولەکەنشینەکان بەرامبەر بە فەلەستینیەکان دەیکات، نەتانیاهۆ-ش خوازیاری دۆخێکی لەم شێوەیە بوو تا لەو تەنگژە یاساییە رزگاری ببێت کە پێشتر لەگەڵ رکابەرە سیاسییەکانیدا تێی کەوتبوو، لەسەر گۆڕینی یاسای دەسەڵاتەکانی دەزگای دادوەریی وڵاتەکەی، ئێستاش سەرەڕای گوشارە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، گوشاری کەسوکاری بارمتەکانیشی هاتۆتە سەر تا بە داوای میسر و قەتەر و ئەمریکا رازی ببێت بۆ ئاگربەست و گۆڕینەوەی بارمتەکان بە زیندانییە فەلەستینییەکان، بەوەش رازی بووە لەسەر ئەو بنەمایەی کە بەڵێنی ئەوەی وەرگرتووە بەهۆی ئەو ئاگربەستەوە، پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ سعودیەدا دابمەزرێنێت، بەڵام تووشی رێگرییەکی دیکە بووە، چونکە سوپای ئیسرائیل و لایەنە توندڕەوەکانی ئیسرائیل کە هاوبەشی کابینەکەیین، رازیبوونەکەی بە ئاگربەست، بە راگەیاندنی دۆڕان و شکست لە قەڵەم دەدەن.
حەماسیش وێڕای ئەو زیانە گەورەیەی بەر ژێرخانی ئابووریی غەزە کەوتووە، لەلایەک ئەوەی بۆ روونبۆتەوە کە ئێستا سەرکەوتن بۆ هێزەکانی، کۆتایی هێنانە بە جەنگەکە، دیمەنەکانی چەند رۆژی رابردووش شایەتی ئەوەن کە خەڵکی غەزە چەند دژی جەنگەکەن و دوای رەزامەندییەکەی هەنییە بۆ دەربڕینی خۆشحاڵی رژانە سەر شەقام و ناو گەڕەکە خاپوورکراوەکانەوە، ئەمەش بۆخۆی گوشارێکی دەروونی لەسەر حەماس دروست دەکات.
لەلایەکی دیکەشەوە حەماس بێئومێدبووە لەوەی دۆستە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانی دۆزی فەلەستین بتوانن لەوە زیاتر هاوکاریی بکەن، مەترسیی ئەوەشی هەیە کە غەزە لەسەر سینییەکی زێڕ پێشکەشی فەتح-ی رکابەری بکرێت و سەرکردە و کادرەکانیشی بکرێنە کارتی دانوستانی نێوان هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان.
کێ سوودمەندە لە جەنگ و ئاشتی؟
هەنووکە بە خوێندنەوەی دیمەنی سەکۆی سیاسی و سەربازی، هەریەک لە ئیسرائیل و حەماس وەک ئیدارە و حکومەت سوودمەندن لە جەنگەکە، بەڵام لە رووی سەربازییەوە زەرەرمەندن، بەوپێیەی نە خەڵکی غەزە داوای خزمەتگوزاری لە حەماس دەکەن و نە ئیسرائیلییەکانیش دەیانپەرژێتە سەر داخوازیی دەست لەکارکێشانەوەی نەتانیاهۆ، ئەوا لە دۆخێکدا کە جەنگەکە بەم شێوە خاوەی ئەم دواییانە بەردەوام بێت، نەک ئیسرائیل پەلاماری (رەفح) بدات، بەڵام ئەگەر ئەوە رووبدات پێناچێت دۆخەکە تەنها لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا بمێنێتەوە.
بەڵام لە ئاشتیدا کابینەکەی نەتەنیاهۆ و حکومەتەکەی کەرتی غەزەش زەرەر دەکەن و ئەوانەی سوودمەند دەبن، ئیسرائیلە وەک قەوارە و سعودیە و میسر و ئیدارەکەی رامەڵڵا، کە ئەگەری زۆرە لەڕووی سیاسی و ئەمنییەوە حەماس لە غەزە دووربخرێتەوە و پاراستنی ئەمنییەتەکەی بە هێزێکی هاوبەشی (میسر و سعودیە و قەتەر و دەسەڵاتی فەلەستین بسپێردرێت لەژێر چاودێریی ئەمریکادا، ئەوکاتیش رەنگە دەستی کار و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتانە لەڕووی ئابوورییەوە سوودمەندی سەرەکی بن لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی غەزەدا، جگە لەوەش میسر سەرئێشەی چوونی غەزەییەکانی رەفحی بۆ سینا لە کۆڵ دەبێتەوە و سعودیەش پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی دەکاتەوە.
بەو شێوەیەش ئەگەر ئەو دیزاینە بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت، ئەوا تارادەیەکی زۆر دەستی دۆستەکانی حەماس لە هاوکێشەکە دەبرێتە دەرەوە دوای ئەوەی نزیکەی 143 وڵات لە کۆی 193 ئامادەن دان بە چارەسەری دوو دەوڵەتدا بنێن لە نەتەوە یەکگرتووەکان.