مرداربوونەوەی نەورەسەکانی دەریاچەی دوکان

گومان دەکرێت ئەنفلۆنزای باڵندە هۆکاربێت

11:13 - 2024-05-13
ڕاپۆرت
231 جار خوێندراوەتەوە
مرداربوونەوەی نەورەسەکان کارەساتی ژینگەیی خوڵقاندووە

راپۆرتی/ جێگر خدر- رانیە


ماوەی چەند رۆژێکە نەورەسەکانی دەریاچەی دوکان، لە دورگەکەی خۆیان کە بە نیشتمانی نەورەسەکان ناسراوە کارەساتێکی کوشندەیان بەسەردا هاتووە و سەدانیان لێ مردار بوونەتەوە، هێشتا هۆکارە سەرەکییەکەی نەزانراوە، وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین هۆشداری دەدەنە هاووڵاتیان نزیکی شوێنی ژیانی نەورەسەکان نەببنەوە، تا دڵنیا دەبنەوە لە هۆکاری مرداربوونەوەیان.
لەسەر زێی بچووک، لە شوێنێک لە نزیکی دەربەندی رانیە، دورگەی نەورەسەکان هەیە، کە بە نیشتمانی نەورەسەکان ناسراوە، ساڵانە بە هەزاران باڵندەی کۆچەری لە جۆری نەورەس لە وەرزی بەهاردا رووی تێدەکەن، جوانیی و دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بە دەریاچەکە دەبەخشن، چەند رۆژی رابردوو، وەک رۆژانی کارەساتی ژینگەیی لە سنوورەکە وێنا دەکرێت، کاتێک وێنەی مردارەوەبووی سەدان نەورەسی بچووک و مامناوەند و گەورە بڵاوبۆوە، ئەم دیمەنانە هەر زوو لایەنی پەیوەندیداری هێنایە سەر خەت تا هۆکاری مرداربوونەوەی ئەو باڵندە کێوییانە بزانن.

بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری راپەڕین: 
ھێشتا ھۆکاری مرداربوونەوەی نەورەسەکان بە وردی نازانرێت، بەڵام وا گومان دەکەین نەخۆشییەکی ڤایرۆسی بێت


نەخۆشییەکی ڤایرۆسی کارەساتی دروستکردووە
تیمێکی پۆلیسی ژینگە و دارستان، هاوڕێ لەگەڵ تیمێکی ڤێتێرنەری راپەڕین سەردانی دورگەکەیان کرد، تا لە نزیکەوە لە رووداوەکە ئاگاداربن، د.سەعدی تەیب بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری راپەڕین رایگەیاند: هێشتا هۆکاری مرداربوونەوەی نەورەسەکان بە وردی نازانرێت، بەڵام وا گومان دەکەین نەخۆشییەکی ڤایرۆسی بێت، لەناو نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانیشدا وا پێدەچێت (ئەنفلۆنزای باڵندە)بێت.
وتیشی: دوای وەرگرتنی دوو سامپڵ، لە دانەیەکیان ئەوەمان بۆ دەرکەوت، ئەو ڤایرۆسە ژینگەییە و لە ناوچەکانی باڵندەنشین هەن، چ باڵندەی کێوی، یاخود کێڵگە پەلەوەرییەکان، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا نەشونما بەو ڤایرۆسە دەکات، لە ماوەی رابردووشدا کەشوهەوا چەند جارێک گۆڕانی بەسەردا هات، سارد، دوای ئەوە گەرما هات و پاشانیش سارد بووەوە، دەکرێت ئەوە هۆکاری سەرەکی بێت.

لایەنی پەیوەندیدار چاودێری دەکات
جەبار ئادەم بەڕێوەبەری پۆلیس و دارستانی ژینگەی پشدەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەوان هەرزوو ئاگاداری ئەو کارەساتە ژینگەییە بوون کە بەسەر نەورەسەکانی ئەو سنوورەدا هات، تیمەکانی خۆیان و ڤێتێرنەری راپەڕین ئاگادار کرانەوە بە زوویی سەردانی مەیدانیی شوێنەکە بکەن تاوەکو رێگەچارەیەک بۆ راگرتنی ئەو دەردە کۆمەڵکوژییە بکەن، پشکنین بۆ نەورەسەکان کرا و دەرکەوت هۆکارەکەی ڤایرۆسییە، بەڵام نازانرێ بە دیاریکراوی کام ڤایرۆسەیە.
وتیشی: سامپڵەکانی لە نەورەسە مرداربووەکانەوە وەرگیراون دەنێردرێنە تاقیگەکانی هەولێر و سلێمانی، بە وردیش چاودێری سنوورەکە دەکەین و هاووڵاتیان لەوە بەئاگا دێنینەوە نزیکی ئەو شوێنانە نەبن تاوەکو دەزانرێ ڤایرۆسەکە ئەگەری گواستنەوەی بۆ مرۆڤ هەیە یاخود نا.
سەردار عەبدولڕەحمان چالاکی ژینگەیە، لەگەڵ تیمی پۆلیس و ڤێتێرنەری سەردانی دورگەی نەورەسەکانی کردووە، داوا دەکات هەرچی زووە هۆکاری ئەو کارەساتە ژینگەییە بدۆزرێتەوە و چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە دەشڵێت: پێوستە ئەو باڵندانەی بەر ڤایرۆسە کوشندەکە نەکەوتوون، جیابکرێنەوە لەوانی دیکە، یان هێلکەکانیان بۆ شوێنێکی دیکەی دوور لە شوێنی خۆیان بگوازرێنەوە و بتروکێنرێنەوە.

 

وەزارەتی تەندروستی:
هاووڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە، بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان سەردانی شوێنی نەورەسەکان نەکەن

 

هۆشدارییەک لە وەزارەتی تەندروستییەوە
 هەر لەو بارەیەوە وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا،  ئاگاداری هاووڵاتیان دەکاتەوە بە هیچ شێوەیەک سەردانی شوێنی نەورەسەکان نەکەن و دەڵێت: هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە، بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان، سەردانی شوێنی نەورەسەکان نەکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوپاتی دەکەینەوە جگە لە تیمە پسپۆڕەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ کەسێک سەردانی نیشتمانی نەورەسەکان نەکات، تاکو بە فەرمی دڵنیایی دەدرێت لە جۆری نەخۆشییەکە و سەلامەتی بۆ مرۆڤ لە لایەن ڤێتێرنەری سنوورەکە، هەربۆیە وەزارەتمان لەڕێگەی بەڕێوبەرایەتی گشتیی تەندروستی راپەڕین بە هەماهەنگی وەزارەتی كشتوكاڵ لە پەیوەندیداین لەگەڵ دامودەزگاكانی ڤێتێرنەری و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دەستنیشانكردنی كێشەكە و پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان