سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەوڵبدرێت سەرجەم لایەنەکان بەشداربن لە حکومەتی نوێی عیراقدا

03:31 - 2022-06-14
عیراق
507 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانی عەزم و بزووتنەوەی بابلیون کۆبوونەوە.

وەفدی یەکێتی پێکھاتبوون لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و خالید شوانی و رزگار حەمە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و رێگەچارەکانی پەلەکردن لە تەواوکردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەکان بەبەشداری هەموو هێزە نیشتمانییەکان تاوتوێکرا.

بەشدارانی کۆبوونەوەکە دووپاتیان کردەوە کە قۆناغی داهاتوو گرنگە و پێویستی بەپەلەکردن لە دەستپێکردنی هەنگاوە کردەییەکانی تەواوکردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەکان، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتێکی گونجاو هەیە کە توانای جێبەجێکردنی داواکاری عیراقییەکانی هەبێت. ژیانێکی شایستە دەستەبەر بکات و ئاسایش و سەقامگیریش بۆ هەمووان دابین بکات.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لە یەکخستنی ھەوڵەکان کردەوە بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار کە ببێتە ھۆی سەقامگیری زیاتر لە وڵاتدا و ھەنگاو و ئاڕاستە سیاسییەکانیش لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی و بنەما دەستوورییەکان بنرێت.

سەرۆک بافڵ راشیگەیاند، هەوڵبدرێت سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان بەشداربن لە حکومەتی نوێی عیراقدا و جیاوازییەکانمان بخەینە خزمەت ھێنانەدی ئامانجە باڵاکان. چونکە ئەگەر بمانەوێت وڵاتێکی ئارام، ئاوەدان و پێشکەوتوو بونیادبنێین، پێویستمان بەوەیە ھەموومان پێکەوە شان بدەینە بەر راپەڕاندنی ئەرکە چارەنووسساز و نیشتمانییەکان. ئەمەش ئەو سیاسەتە دروست و حەکیمانەیەیە کە یەکێتی کار بۆ بەدیهێنانی دەکات.

چوارچێوەی هەماهەنگیش داوای لە هەموو هێزە کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عیراق کرد بەشداری گفتوگۆکان بکەن. ئامادەییشی دەربڕی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە سۆنگەی باوەڕبوون بەوەی کە دەبێت حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی بەهێز بێت، خزمەتگوزاری پێشکەش بکات، یەکپارچەیی و سەروەری وڵات بپارێزێت و بەشداربێت لە پاراستنی رۆڵ و پێگەی عیراق لە ناوچەکەدا.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان