راپۆرتی: لاپەڕەی سیاسەت
دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە 19/5/2024 ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێگەی گەڕانەوەیدا لە سەر سنووری هاوبەشی ئێران و ئازەربایجانەوە هێلیکۆپتەرەکەی لە ناوچەیەکی سەختی شاخاوی و لە کەشوهەوایەکی باراناوی و تەمومژدا کەوتە خوارەوە و دوێنێ بەڕەسمی گیانلەدەستدانی سەرۆک رەئیسی و تیمە یاوەرەکەی بڵاوکرایەوە و ناوی شوێنگرەوەکەشی بە گوێرەی دەستوور ئاشکراکرا.
کاردانەوە ناوخۆییەکان
بەرلە ئاشکرابوونی چارەنووسی سەرۆکی وڵاتەکە و تیمەکەی یاوەری، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بەسەرپەرشتیی ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد هەم بۆ گەڕان و ئاشکراکردنی چارەنووسی سەرۆک کۆمار و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و زیادکردنی تیمەکانی گەڕان و فریاکەوتن لەڕووی مرۆیی و ئامێرەوە و سوپاسالاری ئێران هێزەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەش و پۆلیسیان راسپارد هاوکاریی تیمە فریاگوزارییەکان بن و ستافەکانیان زیادبکەن. بۆئەوەش 64 تیم بڵاوکرانەوە بۆ سۆراغ کردنی چارەنووسی تیمەکە و کۆپتەرەکەی سەرۆک.
کاردانەوە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان
پاکستان وەک یەکەم وڵاتی هاوسێی ئێران لە خۆرهەڵاتەوە لە رێی تویتێکی شەهباز شەریف-ی سەرۆک وەزیرانەوە لە پلاتفۆڕمی (X) پرسەو هاوخەمیی خۆی بە گەل و حکومەتی ئێران راگەیاند و دەڵێت: (نەتەوەی ئێرانی مەزن ئازایانە ئەم کۆستە تێدەپەڕێنێت).
هەرلەوبارەیەشەوە د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق بەناوی گەل و حکومەتی عیراقەوە پرسە و هاوخەمیی خۆیان بە حکومەت و گەلی ئێران راگەیاند.
هەروەک رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە پلاتفۆڕمی (X) پرسەی خۆی بەبۆنەی گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە راگەیاندووە و تێیدا هاتووە کە «سەرۆک کۆماری کۆچکردوو هاوڕێ و برایەک بوو کە بە هیچ نرخێک هەڵناسەنگێنرێت».
لای خۆشییەوە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا لە بروسکەیەکیدا رایگەیاندووە «سەرۆک رەئیسی سیاسەتمەدارێکی ناوازەبوو هەموو ژیانی بۆ خزمەتی وڵاتەکەی تەرخان کرد».
ئارێندا مۆدی سەرۆک وەزیرانی هیندستانیش لە پلاتفۆڕمی (X) نووسیوێتی: «هەست بە شۆکێکی قووڵ دەکەم بەبۆنەی کۆچی دوایی مەینەتبارانەی دکتۆر ئیبراهیم رەئیسی، هەوڵەکانیشی لە پێناوی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هیندستان و ئێران هەمیشە لە بیرەوەریماندا دەمێنێتەوە».
وەزارەتی دەرەوەی چین-یش لە پەیامێکی رەسمیدا بۆ حکومەتی ئێران رایگەیاندووە سەرۆک شی چینبینگ پرسەی خۆیتان ئاراستە دەکات.
پەیامی وڵاتانی عەرەبی
تەمیم بن حەمەد ئال ثاني میری قەتەر لە پلاتفۆڕمی (X) نووسیوێتی: «ئەوپەڕی پرسەی راستگۆیانەم دەگەیەنم بە ئێرانییەکان بە گەل و حکومەتەوە بەبۆنەی کۆچی دوایی سەرۆک ئیبراهیم رەئیسی و ئەمیر حسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوە و تیمە یاوەرەکەیان»
لای خۆشییەوە شێخ محەمەد بن زاید ئال نهینان سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات لە پلاتفۆڕمی (X) نووسیوێتی: «ئەوپەڕی پرسەی قووڵم بە گەل و حکومەتی ئێران رادەگەیەنم بەبۆنەی کۆچی دوایی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و هاوپشتیی خۆمان بۆ ئێرانییەکان دەردەبڕین لەم دۆخە سەختەدا».
دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری میسر-یش پرسەنامەیەکیان ئاراستەی ئێران کردووە کە تێیدا هاتووە: «سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی هاوپشتیی میسر لەگەڵ گەل و سەرکردایەتی ئێران رادەگەیەنێت لەم کۆستە جەرگبڕەدا».
شاعەبدوڵڵای کوڕی حسێن-ی شای ئوردنیش لە پلاتفۆڕمی (X) نووسیوێتی: «گەرمترین پرسەم ئاراستەی برایانم لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەم بەسەرکردایەتی و حکومەت و گەلەکەیانەوە بە بۆنەی کۆچی دوایی برام سەرۆک ئیبراهیم رەئیسی و وەزیری دەرەوە و وەفدە هاوڕێکەی».
حکومەتی لوبنانیش لە یادداشتێکی نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیراندا، وێڕای راگەیاندنی پرسە بەو بۆنەیەوە، سێ رۆژ ماتەمینی گشتیی راگەیاند.
ئاژانسی رەسمیی هەواڵی سوریا-ش لەزاری بەشار ئەسەد- سەرۆکی سوریاوە پرسەی رەسمیی بە ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیاندووە و لە پرسەنامەکەدا هاتووە: « لەگەڵ سەرۆکی کۆچکردوو کاری زۆرمان کرد بۆ مانەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گەشەکردنی و تاسەریش سەردانەکەی بۆ سوریا بەبیر دەهێنینەوە کە وێستگەیەکی گرنگ نوو لەم رێگەیەدا و هەموو ئەو بیرۆکە و وتانەی لە پێناوی بەهێزتر کردنیدا».
هەروەک عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی سیادەی ئینتیقالیی سودانیش لە پرسەنامەیەکدا بۆ گەل و حکومەتی ئێران، هاریکاریی و پشتیوانیی وڵاتەکەیی بۆ ئێران دووپاتکردۆتەوە لەم کۆستەدا.
هەریەک لە کوێت و سعودیەش هەمان هەڵوێستی وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئیقلیمییان دەربڕیوە و بەو بۆنەیەوە وێڕای گەیاندنی پرسە، ئامادەیی خۆیان بۆ هەر جۆرە هاوکاریی و پشتیوانییەک بۆ ئێران دەربڕیووە.
هاوکاریی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی
لەکاتێکدا کە مانگی سووری ئێران هەموو تیمەکانی بە هاوکاریی ئەرتەش و سوپای پاسداران و پۆلیس، خستەگەڕ، هاوکات هەریەک لە تیمە فریاگوزارییەکانی تورکیا و روسیاش بەشداربوون لە پرۆسەی گەڕان بەشوێن تەرمەکان و پاشماوەی کۆپتەرەکەی رەئیسیدا چ بە بەشداریی تیمە مرۆییەکان و چ بە ئامێرە پیشکەوتووە زانستییەکان بەو هیوایەی بتوانن بەرلە مردنیان بەهانایانەوە بچن و تیمەکەی روسیاش کە لە 47 کەس پێکهاتبوو تیمێکی مەشق پێکراوبوون لەسەر گەڕان لە سەختترین دۆخی کەشوهەوادا کە هەموو ئامێرێکی پێویستیان پێبوو.
یەکێتیی ئەوروپاش هاوخەم و هاوکار بوو
یەکێتیی ئەوروپاش سەرەڕای دەربڕینی هاوخەمییان بە کارەساتەکە، سیستمی نەخشەی تایبەتیان چالاککرد بۆ هاوکاریکردنی ئێران بەهیوای دۆزینەوەی کۆپتەرەکەی سەرۆک کۆمار و تیمەکەی هاوڕێی.
لەوبارەیەشەوە یانیز لینار سیچ کۆمیسیاری ئەوروپای بەرپرس لە ئیدارەدانی قەیرانەکان لە پلاتفۆڕمی (X) نووسیوێتی: «لەسەربنەمای داوایەکی هاوکاری لەلایەن ئێرانەوە خزمەتگوزاریی نەخشەی وەڵامدانەوەی خێرا چالاک دەکەین کە خاوەندارێتییەکەی بۆ یەکێتیی ئەوروپا دەگەڕێتەوە».
هەڵوێستی رەسمیی واشنتۆن
کارین جان بییر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بەرلە چەند سەعاتێک لە دەرکەوتنی چارەنووسی کۆپتەرەکەی سەرۆک کۆماری ئێران و تیمەکەی لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند: سەرۆک بایدن لە دۆخەکە ئاگادارکراوەتەوە و وتی: لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ راپۆرتەکانی تایبەت بە کەوتنەخوارەوەی ئەو کۆپتەرە دەکەین کە سەرۆک کۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی تێدابووە.
شوێنگرتنەوەی سەرۆک کۆمار بەگوێرەی دەستووری ئێران
هادی تەححان نەزیف وتەبێژی ئەنجومەنی دەستووری لەبارەی شوێن گرەوەی سەرۆک کۆمارەوە بە ئاژانسی (ئیرنا)ی وردەکاریی پڕۆسەی دانانی شوێنگرەوەی روونکردۆتەوە کە بەپێی دەستووری ئێران لیژنەیەک قۆناغی داهاتووی ئێران بەڕێوەدەبات و رایگەیاندووە جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار دەسەڵات و ئەرکەکانی سەرۆک کۆمار دەگرێتە دەست و دەستەیەکیش لە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی و سەرۆکی پەرلەمان پێکدەهێنرێت. روونیشکراوەتەوە کە جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار پابەندکراوە بە گرتنەبەری رێوشوێن بۆ هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتی لەماوەی (50) رۆژدا.
هەر لەو رووەشەوە دوێنی دووشەممە عەلی خامەنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی رەسمی رایگەیاند کە محەمەد موخبیر جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار بووە بە لێپرسراوی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و ئەوپەڕی ماوەی (50) رۆژی لەبەردەمدایە لەدوای کۆچی دوایی سەرۆک کۆمارەوە تا ئامادەکارییەکان تەواو بکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ.
پڕۆفایلی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران
* محەمەد موخبیر، لە 1/12/1955 لە ناوچەی دیزفولی سەربە پارێزگای خوزستان (ئەهواز) لەدایکبووە.
* قۆناغی سەرەتایی خوێندنی هەر لەو پارێزگایە تەواوکردووە.
* بڕوانامەی دکتۆرای هەیە لە بواری یاسای نێودەوڵەتیدا لە زانکۆی تاران.
* دوای تەواوکردنی زانکۆ وەک ئەفسەرێک لە دەستەی پزیشکانی سوپای پاسداراندا کاری کردووە لە سەروبەندی جەنگی عیراق – ئێراندا.
لە ساڵانی نەوەدەکاندا سەرۆکی جێبەجێکردن بووە لە کۆمپانیای پەیوەندییەکان لە دێزفول، بەرلەوەی ببێتە جێگری پارێزگاری خوزستان.
* لە ساڵی 2000- بەدواوە کرایە سەرۆکی دامەزراوەی (مستضعفان) کە رێکخراوێکی سەربە رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو.
* پاش ماوەیەکی کورت کرایە سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی سینا و ماوەی 10ساڵ لەو پۆستەدا مایەوە.
* ساڵی 2007 عەلی خامەنەیی دەستنیشانی کرد بە سەرۆکی جێبەجێکاری دامەزراوەی ستاد، کە دامەزراوەیەکی دارایی تایبەتە بە مەقامی رابەریی.
* لەبەر نزیکییەوە لە رابەری ئێران لەلایەن واشنتۆن و چەند وڵاتێکی نەیاری ئێرانەوە سزا و گەمارۆ بەسەر موخبیردا سەپێنراوە و دوای راگەیاندنی واشنتۆن لەبارەی سەپاندنی گوژمەیەکی دیکەی سزا ئابوورییەکانەوە بەسەریدا، پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیی پێ سپێردراوە.